بۆ پشتیوانی ڕۆژهەڵات گردبونەوەیەک ڕێکخرا

بۆ پشتیوانی ڕۆژهەڵات، لە شارۆچکەی قەڵادزێ گردبوونەوەیەک ڕیکخران، کە تێیدا گەنجان داوای یەکگرتن و خۆ بەڕێکخستنی شۆڕشگێڕانە لەگەنجانی ئێران کرد.

 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەناو باخی گشتی شارۆچکەی قەڵادزێ ـ ی سەر بەئیدارەی ڕاپەڕین، گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ پشتیوانیی لە سەرهەڵدانەکانی ئێران گردبونەوەیەکیان ئەنجام دا، ڕاگەیاندراوێکیشیان خوێندەوە. 

لەگردبونەوەکەدا ژینا عەگید، ئەندامی کۆمەڵەی  گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاگەیاندراوی گردبونەوەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو:" هۆکارە سەرەکییەکەی قەیرانەکانی ئەمڕۆی  گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو سیستمە دەوڵەت نەتەوەییە کە ناتوانێت ببێتە وەڵامدەرەوەی داوا و خواستەکانی گەلان و ئازادی مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵگا زەوت دەکات ".

ژینا وتیشی:"ئێمە بە دڵ و بە گیان، پشتیوانیی سەرهەڵدانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، پێمانوایە کە جیهانبینی و فەلسەفەو سیستمی دیموکراتیک دەبێتە وەڵامدەرەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلانی بندەست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی، هەربۆیە بەپێویستی دەزانین کە لەو چوارچێوەیەدا گەنجان و ژنانی گەنج بەشداری سەرهەڵدانەکان بکەن و یەکگرتنێکی شۆڕشگێڕانە پێکبهێنن و دەوڵەتی فاشیستی ئێران بڕوخێنن ".

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە :"بە ڕۆحییەتی سەرهەڵدە هیچ هێزێک ناتوانێت ڕووبەڕووی گەنجان ببێتەوە سەرهەڵبدەن، بە ڕۆحییەتی سەرهەڵدە دەگەینە ئامانجەکانمان و سەرکەوتن بەدەست دەهێنین ".