کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر قەندیل، شەنگال و مەخموور ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، " پاوەنخوازی ئەردۆگان و رەفتارەکانی تورکیا بۆتە هۆی بارگرژی و مەترسی بەردەوام لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نەک هەر باشور و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکومەترسییە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوین."
ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:
"بۆ جارێکی دی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لە شەوی ١٤ لەسەر ١٥ حوزەیرانی ٢٠٢٠ بە بیانوی بونی بارەگای پارتی کرێکارانی کوردستان پ ک ک لە باشوری کوردستان، بۆردومانی شەنگاڵ، کامپی مەخمور، باڵاکایەتی، گۆڕەپانەکانی سیدا، شەهید ڕۆستەمی زاپ، ناوچەی وەرتێ خاڵێی هەرێمی ئاڤاشین، ناوچەی سنینێی هەرێمی خواکورک، گۆڕەپانی شەهیدان و سەرگەلێی هەرێمی قەندیلیان کرد. لەکاتێکدا کامپی مخمور کە خەڵکی مەدەنی تێدایە و بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە هەڵهاتوون و لە م کەمپەکەدا لەسایەی نەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەتی عێراقدا نیشتجێبوون.
هەرچەندە هەموو هێرشەکانی ئەردۆگان پرە لە رق و کینە، بەڵام هێرشی ئەمجارە بۆهەموان ئاشکرایە کە بزانن، ئەردۆگان و ئەکەپە چ بوغز و قینێکی قوڵیان هەیە بەرامبەر کورد وەکو نەتەوە. چەند جارێک ئەردۆغان بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە کردوە کە کورد لەهەر شوێنێک قەوارەی هەبێت ئێمە دژین و بەئاشکراش دژایەتی خۆی بۆ قەوارەی باشوری کوردستان نەشاردۆتەوەو، ئەگەر ئەو پاڵپشتیە عێراقی و جیهانیە نەبوایە لە دەسەڵاتدارێتی هەرێم، ئێستا هاوشێوەی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان ، قەوارەی هەرێمی کوردستانی دەڕوخاند.
ئەم هێرش و پەلامارانە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری خاکی عێراق وهەرێمی کوردستانە، بوونی چەندین بنکەی سەربازی تورکیش لە خاکی هەرێم، پێشێلکارییەکی ترە و دژی دەستکەوتەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.
پاوەنخوازی ئەردۆگان و رەفتارەکانی تورکیا بۆتە هۆی بارگرژی و مەترسی بەردەوام لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نەک هەر باشور و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکومەترسییە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوین.
داواکارین لە، حکومەتی عێراق و بەتایبەت سەرۆکی کۆمارو وەزارەتی دەرەوە، هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان:
- ھەڵوێستی جدیان ھەبێت و بەڕاشکاوی هەرێم و حکومەتی بەغدا ئەو هێرشە مەحکوم بکەن .
- حکومەتی هەرێم پاڵپشتی حکومەتی عیراق بکەن، داوای یاسایی لەرێگای نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، لەسەر دەوڵەتی تورکیا تۆماربکەن بەوپێیەی سەروەریی عێراقی پێشێل کردوە و ئاشتی و ئارامی هەرێمایەتی خستۆتە مەترسییەوە.
- حکومەتی هەریم و عیراق داوای دەستبەجی کشانەوەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا، لەبەعشیقە و بنکە سەربازییەکانی لەهەرێم بکشێنێتەوە.
- عێراق بەفەرمی لەڕێگای دەزگا نێو دەوڵەتیەکانەوە داوای قەرەبووکردنەوە بکات لە تورکیا کە زەرەر و زیانی گیانی و ماددی لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق داوە.
- نەتەوەيەكگرتوەكان ئەرکی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، سەبارەت بە پاراستنی پەنابەرانی کامپی مەخمور بگرێتە ئەستۆ."
ف.ق