بۆچی بە ئۆجالان دەڵێن؛ ڕێبەر؟

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن ئۆجالانیان وەک ڕێبەر قبوڵ کرد؟ لەمبارەیەوە لەگەڵ سەرهەڵدان چیا ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) گفتوگۆیەکمان ئەنجامدا.

لەگەڵ ئەوەی ئۆجالان لە گوندێکی دورە دەستی ئورفای باکوری کوردستان لە دایکبووە، چەخماخەی دەستپێکردنی تێکۆشانی خەباتی جەماوەری و پارتی سیاسی لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی فیسی ناوچەى لیجەی شاری ئامەدی باکوری کوردستان لێدا. ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵیشە لە دوورگەی ئیمراڵی لە دەریای مەڕ مەڕە لە لایەن هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە گۆشگیرکراوە و لە گەلەکەی دوور خراوەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئێستا لە چوار پارچەی کوردستان لە ناو کوردان دا وەک ڕێبەر و ڕێنیشاندەری نەتەوەیی و ئازادیی دیموکراتی پێشاندەدرێت.

بێگومان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم نین ئەوانەی لە ژێر فکرو و تێڕوانینی ڕێبەر ئۆجالان دان و بۆ ئەو پارچەیەی کوردستان چەکیان کردووەتە شانیان، تێكۆشان پێشدەخەن و ئۆجالان بە ڕێبەری خۆیان دەزانن، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)یان لە ٤ی ٤ی ٢٠٠٤ دا  دامەزراند و لە ژێر فکر و ڕامانی ڕێبەر ئۆجالان دا کار دەکەن.

دەربارەی ئەوەی بۆچی ئۆجالان وەک ڕێبەر بەناو دەکەن؟ بەلای ئەوانەوە ڕێبەر واتای چییە؟ پرۆژە چارەسەرییەکانی ئۆجالان چین؟ لەگەڵ سەرهەڵدان چیا ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وتوێژمان کرد و سەر‌هەڵدان چیا لە دەرئەنجامی پەرسیارەکانمان نرخاندنی گرینگی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) کرد. 

دەربارەی ئەوەی واتای ڕێبەر چییە و بۆ چی بە ئۆجالان دەڵێن، ڕێبەر ئەو ئەندامەی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وتی: "ئەگەر ئێمە بێین پێناسەی ڕێبەری بکەین، دەتوانین بڵێین: ئەو کەسەیە، کە پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگا دەکات و کێشەکان چارەسەر دەکات و ڕێگای چارەسەری بە کۆمەڵگا پێشاندەدات. هەروەها لە هەر بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەڵگایەکدا و هەر  گرفتێک دروست دەبێت کەسێک ڕێگای چاڕەسەری پێشان بدات دەبێتە ڕێبەر، لە ئێستادا بۆچی بە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێن ڕێبەر؟ چونکە خاوەن فکر و وتاری جیهانبینی تایبەتی بە خۆیەتی بۆ گرفتەکان. ئەگەر نموونەی گەلانی تر بێنینەوە، وەک نموونە گەلی ئەفریقای باشوور نێلسۆن ماندیلایان هەیە ڕابەرایەتی دەکرد بۆ ڕەشپێستەکانی ئەو وڵاتە کە لەلایەن سپیپێستەکانەوە دەچەوسێنرانەوە، ماندیلا لە بەرامبەر زووڵم و ستەمی سپیپێستەکان تێکۆشان پێشدەخات و ڕێبەرایەتی دەکات، بۆیە دەبێتە ڕێبەری ئەو گەلە ژێر دەستە، یاخود نموونەی گاندی کە لە هێندستان لە دژی دەسەڵاتی ئیستیعماری بەریتانیا گەلی وشیار کردەوە و ڕێبەرایەتی تێكۆشانی کرد، تاکی هێندی وشیار کردەوە و بۆیە پێشەنگ و ڕێبەری ئەو کۆمەڵگایە، لە کوردستانیش گەلێک سکرتێر و سەرۆک دەرکەوتوون، بەڵام  جیاوازی ڕێبەر ئاپۆ لەوەدایە کە بۆ چارەسەری بنەڕەتی گرفتەکان ڕێبازی چارەسەری پێشخستووە و خاوەن دۆزی چارەسەرییە".

دەربارەی پرۆژە چارەسەرییەکانی ئۆجالان بۆ کێشەکانی ناوچەکە ناوبراو وتی: "لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئەو سیستەمە کە دروستکراوە سیسەتەمی دەوڵەت نەتەوەیە یاخود تاک مەزهەبە کە یەک نەتەوە یاخود یەک مەزهەب هەوڵیداوە خۆی بەسەر ناسنامە و کلتورکانی دیکەدا بسەپێنێت، کۆمەڵگا لەبەرامبەردا هەوڵیداوە ڕێگا چارەسەرێک بۆ ئەوە ببینێتەوە بە تایبەتی لەسەدەی نۆزدەدا بۆ ئامانجی خۆی هەندێک ڕێگاشی پێشخستووە بە تایبەتی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەگرتوە، بەكەڵک وەرگرتنی لە مەزهەبی ئاینی ویستویانە چارەسەری پێشبخەن و مەزهەب بکەنە ناوەند، بەڵام گەلی کورد تێیدا سەرکەوتوو نەبووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئەوە بە ڕوونی دیارە، کە بە ناوندیکردن ناتوانێت سەرکەتوو بێت، لەبەر ئەوەی ڕۆژ‌هەڵاتی ناوین خاوەن مێژوویەکی کۆنە لە ئایین و مەزهەب مێژووکەی کۆنترە بۆ ئەو ڕێبازانەی کە بەناوی ئاین و مەزهەبەوە پێشکەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان کێشەکانی قوڵتر کردووەتەوە، بۆ جاری یەکەمە کە ڕێبەرێک هەڵدەکەوێت کە پارادیگمایەک پێشکەش دەکات هەموو نەتەوەکان بە هەموو ئاینەکان لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیک پێکەوە بژین، ئەوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕێبەر ئاپۆ بە شیکارکردنی کەسایەتیی تاکی کورد و هەروەها کەسایەتیی تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە لەبەر چاوگرتنی کێشەکانیان چارەسەری پێشدەخات، بە ڕۆشنایی ئەم هێڵە کە ناوی نەتەوەی دیموکراتیکە لە ڕۆژئاوای کوردستان نموونەکەی لەبەر چاوە، کە گەلانی وەک عەرەب، کورد و ئەرمەنی بە ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانەوە لە مسوڵمان، ئێزدی و کریستیانیەکان بەیەکەوە دەژین".

سەرهەڵدان چیا وتیشی: "سەرەڕای ئەوەی نموونەشی هەیە، بەڵام هێشتا لە ناو کۆمەڵگادا و لە ڕاستیدا بەتەواوەتی تێگەیشتنێکی قوڵ دروست نەبووە، هەندێکجار وتار و ئاوازی سەرۆک پێغەمبەرانەیە و هەندێک جاریش زانستیانەیە و زۆر کەس لەوە تێناگەن دەڵین، ئەوە چ جۆرە شێوازێكە کە سەرۆک بەکاری دێنێت؟ بێگومان ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جوگرافیایە، کە سەرۆک لێی لە دایكبووە، کە مەبەست لێی ئورفایە، جیاواز لەوەش سەرۆک بە خوێندنی ڕۆژانە و شیکار کردنی کۆمەڵگا توانیویەتی بە چارەسەری بگات و بەو شێوازە لە هونەری وتاردان بگات و توانیویەتی زۆر بیر و فەلسەفە و ئاینەکان تێپەرێنێت".

ئەوەشی وت "لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت کۆمەڵگا تێکۆشان بکات بۆ ئەوەی لە دووبارەبوونەوەی سیستەمی سەر دەستی دەسەڵات ڕزگاری بێت، بێگومان سەرۆک ڕێگای ڕزگار بوون لەو قەیرانەش پێشاندەدات، بە ڕێکخستنکردن بە پێشخستنی خەباتی گەل بە پێشخستنی خەباتی ئابووریی کۆمیناڵ، پەروردەی کۆمەڵایەتی، بە پێشخستنی ئەو ناوەندانەی کە پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی گەلەوە، سەرۆک ئەو مۆدێلەی پێشخستوە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی تیۆری بە پراکتیک بکرێت ئەرکی سەرشانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا دیارکردووە، وەک گەنج و ژن وەک هێزی پێشەنگی کۆمەڵگا بەناوی دەکات، چینی کرێکار، مامۆستا، ڕوناکبیر، پاراستن و چینی پەروردەی کۆمەڵگا، سەرۆک کاری بۆ هەموویان دیاریکردووە و بەو شێوازە ڕێگا چارە پێشدەخات، بێگومان ئەوە ڕێگا چارەیەش  دەتوانی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پراکتیک بکرێت هەم کێشەکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کورستان هەم ببێتە چارەسەری بۆ گەلانی تری ناوچەکە و زەمینە خۆشبکات بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگای ئێران".

سەرهەڵدان چیا ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە کۆتایی وتەکانیدا وتی: "بێگومان بۆ ئەوەی ئەو فەلسەفەیەی ڕێبەر بکەوێتە پراکتیکەوە دەبێت خاوەنی ئەم پارادیگمایە ئازاد بکرێت، کە سەرۆک ئاپۆیە. ماوەیەی ٢١ ساڵە  لە لایەن هێزە نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمییەکانەوە دەستگیرکراوە و لە ئیمراڵی گۆشەگیرییەکی توندی بەرامبەر پەیڕەو دەکرێت، دەیانەوێت لە کەسایەتیی ڕێبەردا گەلی کورد گۆشەگیری بکەن، گەلی کورد بێبەش بکەن لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی، بۆیە دەبێت پێش هەموو شتێک ئەو گۆشەگیرییە تێکبشکێنین و لە ناوی بەرین بۆ ئەوەی بتوانین لە کوردستانێکی ئازاد بە ڕێبەرێكی ئازاد و ژیانێکی یەکسان و ژیانێکی بە واتا دروست بکەین هەم بۆ گەلی خۆمان هەم بۆ گەلانی ناوچەکە".

ژ.ت