"بێریتان بەرزترین ئاستى بەرخودێریى ژنى کوردە"

ئەیلەم رۆنی و رۆژدا سییرت فەرماندەکانى یەژاستار رایانگەیاند، بێریتان بەرزترین ئاستى بەرخودێریى ژنى کوردە.

گوڵناز کاراتاش (بێریتان) لە ٢٥ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٢ / ٣ى گەڵاڕێزان لە هەرێمى خواکورک لە دژی هێزە داگیرکەرەکانى تورکیا و هاوکارەکانی خۆڕاگریى کرد و خۆی  نەدا بە دەستەوە و بە تێکۆشانەکەى خۆی بووە هێڵێک لە ناو بزووتنەوەى ئازادیى کوردستاندا.

ئەیلەم رۆنی و رۆژدا سییرت فەرماندەکانى یەژاستار لەبارەى تێکۆشانی بێریتانەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

ئەیلەم رۆنی لەسەرەتای قسەکانیدا یادی هەموو شەهیدانى تێکۆشانی ئازادیى بەرز راگرت و وتى "ژنانى کورد هەموو کات بۆ خاکى خۆیان و بۆ وڵاتى خۆیان شەڕ و خۆڕاگرییان کردووە. لەبەر ئەوەش وڵاتپارێزیى ژنانى کورد زۆر گەورەیە. لە مێژووی کورد دا بەرخۆدان و وڵاتپارێزیى زەریفە و بەسێ بە باشی دەناسرێن. کاتێک مرۆڤ سەیری تێکۆشانی ئەو دوو  ژنە لە دێرسیم دەکات لەو کاتەدا لە راستیى ژنی کورد تێدەگات".

بێریتان ئازایى، شەرڤانبوون و بەرخۆدێریى ژنى کوردى سەلماند

رۆنی باسی ئەوەیکرد، زەریفە بە مانای یەکەم گەریلایە و وتیشی "ئێمە بە پێشەنگایەتیى رێبەر ئاپۆ سوپایەکمان دروستکرد. بناغەى دروستبوونی ئەو سوپایە و مەزنبوونی ئەو سوپایە پشتبەستووە بەو نەریتە دێرینەی خۆڕاگری و وڵاتپارێزیى ژنانى کورد. زەریفە و بەسێ دوو لە گرنگترین ژنانى کوردن، کە مانابەخشی ئەو نەریتە دێرینەن. زەریفە بە هەڵوێستەکانى و بۆچوونەکانى، تێڕوانینە باوەکانى کۆمەڵگەى بەرامبەر بە ژن تێکشکاند".

رۆنی ئەوەی بیرخستەوە، کە بێریتانیش خەڵکى دێرسیمە و لەوبارەیەوە وتى "رێبەرایەتى بۆ ئەو وتى 'دێرسیمى کرد بە بۆتان و بۆتانى کرد بە دێرسیم'. هەڤاڵ بێریتان لە راستیى بە سوپابوونی ژن دا هێڵێکە. بە شێوەیەکى چالاک جێى خۆی و رۆڵی خۆی لە ناو بە سوپابووندا گێڕا و وایکرد کە ژنانى کورد بە بەهێزی بەشداریى شەڕ بکەن. دەیخواست خۆی لەناو شەڕدا بخوڵقێنێت.بێریتان بووە بەرزرترین ئاستى بەرخودێریى ژنانى کورد. کاتێک چەکەکەى خۆی شکاند و خۆی لەسەر تاشە بەردە بەرز و گەورەکە هەڵدایە خوارەوە، ئەو کاتە ئازایى، شەڕڤانبوون و بەرخودێریى ژنانى کوردی نەک تەنها بۆ هەموان ئاشکرا کرد، بەڵکو لە هەموو روویەکەوە ئازایى و شەڕڤانبوون و بەرخودێریى ژنانى کوردی سەلماند".

بێریتان رۆحی هەموو سەردەمەکانە

فەرماندە رۆژدا سییرت رایگەیاند، بێریتان بە هەڵوێست و چالاکییەکەى بڕوایەکى گەورەى بەخشییەوە بە ژنان و راشیگەیاند "هەڤاڵ بێریتان ئەوەى سەلماند، کە وڵاتپارێزی و وڵات بە ژنەوە و ژنیش بە وڵاتەوە دەتوانێت سەربکەوێت. بێریتان کەسایەتییەکى تۆکمە و یەکگرتووە، رۆژانە و لە هەموو کاتێکدا ئەو کەسایەتییە بۆ ئێمە پێویستە و لەگەڵماندایە. رۆحی هەموو سەردەمەکانە. ئێستا لە دژی بزووتنەوەکەمان عەقڵییەتێکى هێرشبەرانەى نێودەوڵەتى بەڕێوەدەچێت. تاکە رێگاى تێکشکاندنی ئەو هێرش و عەقڵییەتە رێبازەکەى بێریتانە".

لەسەر بنەما و دەستنیشانکردنى "بێریتان، ژاندارکى ئێمەیە"، کە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەو دەستنیشاکردنە خرایەڕوو رۆژدا سییرت رایگەیاند، ژاندارک ساڵی ١٤١٢ لە فەرەنسا لەن دایکبوو. لەو کاتەدا نیوەى خاکى فەرەنسا لەلایەن بەریتانیاکانەوە داگیرکرابوو. راشیگەیاند "وڵاتپارێزی، نەتەوەى دیموکرتیک لە کەسایەتیى ژاندارک دا خۆی دەرخست. هۆشمەندی و عەقڵییەتى وڵاتپارێزی لە ژندارک دا گەورە بوو، بۆیە نەیتوانى بەرامبەر بە داگیرکەری بێدەنگ بێت".

فەرماندە سییرت لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی "ژاندارک دەیخواست بۆ پاراستنى وڵاتەکەى شەڕ بکات و خۆڕاگریى دەکرد، بەڵام پاشا هەوڵی دەدا دیپلۆماسی بەرەوپێش ببات. ژندارکیش پێى دەڵێت 'ئەم وڵاتە وڵاتى تۆی نییە، وڵاتى گەلە'. ئەو راستییە هاوشێوەى راستیى بێریتانە. کاتێک عوسمان ئۆجالان دەیوت دیپلۆماسی، بێریتان هێڵی بەرخودێریى پێشخست و سەپاندی. لەبارەی شەڕی ساڵانى ١٩٩٢ لە باشووردا رێبەرایەتى دەیوت 'دوژمن بەسەر تەرمەکانیشماندا بڕوات نابێت ئێوە خۆبەدەستەوە بدەن و دەبێت بەرخودان و خۆڕاگری بکەن'. هەڤاڵ بێریتان تاوەکو دوا هەناسەى خۆڕاگریى کرد و خۆبەدەستەوەدانى قبوڵ نەکرد".

ئەیلەم رۆنی ئاماژەى بەوەکرد، بێریتان ئەو پەیامەى بە دوژمن دا "تۆ بە تانک و تۆپ و هەموو تەکنەلۆژیایەکیشەوە هێرش بکەیتە سەرمان ئێمە خۆمان بە دەستەوە نادەین، ئێمە خۆ بە دەستەوەدان قبوڵ ناکەین".

رۆنی وتیشی "خۆبەدەستەوە دان بۆ ژنی کورد بە مانای مردنە. خیانەتیش هەر وایە. هەڤاڵ بێریتان لە رێگەى چالاکییەکەیەوە ئەو پەیامەى دا و لەسەر ئەو بنەمایەش بووە هێڵێک و رێبازێک و قوتابخانەیەک. ئەو هێڵەش ئێستا خۆی گەیاندووەتە ناو نەوەی نوێ. ئەوەش لە خواکورک دا لە کەسایەتیى هەڤاڵ ئاخین مەشکان دا سەلمێنرایەوە. دوژمن ئێستا تەنها بە تەکنەلۆژیا شەڕی پێدەکرێت. سەرباری بەکارهێنانی ئەو هەموو تەکنەلۆژیا سەربازییە لەلایەن دوژمنەوە، بەڵام دیسانەوە هەڤاڵ ئاخین مەشکان ئەو هێڵەى سەلماندەوە و وتى 'ئێمە بە ئیرادە کەرامەت و شکۆ و رۆحی تێکۆشان وەڵامى تەکنەلۆژیاکەیان دەدەینەوە. هەڤاڵ ئاخین خۆی لەسەر تاشە بەردێکى بەرز و گەورەوە هەڵدایە خوارەوە. ئەوە نەک تەنها لە خواکورک بەڵکو لە ناو هەموو گەریلاکانى یەژاستاردا بووەتە سیبمول و هێمایەک. ئەگەر ژنێک لە شوێنێکدا بژی و شەڕ بکات، دەبێت بەو شێوەیە بژی و شەڕ بکات".

ر.م