"بە هۆی فشاری دەرەکیەوە کۆنسێرتەکەی شاری سلێمانی هەلوەشێنرایەوە"

لەگەڵ ئەوەی بڕیار وابوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو بە بەشداری ژمارەیەک هونەرمەندی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆنسێرتێک لە شاری سلێمانی رێک بخرێت، بەڵام لە لایەن ئاسایشەوە رێگری لێکرا. هونەرمەندانیش راگرتنی کۆنسێرتەکە بۆ فشاری دەرەکی دەگێڕنەوە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، بڕیاربوو بە بەشداری هونەرمەندانی هەرچوار پارچەکەی کوردستان، کۆنسێرتێک بۆ پاڵپشتی یەکێتی نەتەوەیی لە سلێمانی سازبکرێت، بەڵام لە کاتژمێرەکانی کۆتایی ئامادەکارییەکاندا، ئاسایشی سلێمانی ڕێگری کرد لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە و تەواوی بەرنەماکانی هەڵوەشاندەوە هەرچەندە مۆڵەتی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و پارێزگاری سلیمانیشی وەرگرتبوو.

شیلان عوسمان، وەک هونەرمەندێکی باشوری کوردستان بڕیاربوو بەشداری لەم کۆنسێرتەدا بکات، نیگەرانە لە ڕێگرییەکانی ئاسایش و دەڵێت، تووشی شۆک بووە، هەرچەندە ئەو بڕیارەکە بۆ دەستوەردانی حزب دەگێڕێتەوە.

“لەکاتێکدا ئێمە دەمانویست کارێک بۆ پاڵپشتی یەکێتی نەتەوەیی بکەین، بەڵام ڕێگری لێکرا، ئەمە دەستی وڵاتانی دەرەکیشی تێدایە کە کوردییان خۆشناوێت و پێیان خۆش نییە کارێک بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان بکرێت”. شیلان عوسمان وای وت.

ناسر ڕەزازی وەک هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتی کۆنسێرتەکە کرابوو، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پێویستە هونەرمەدانی ناوخۆ گوێ بە ڕێگرییەکان نەدەن و بەردەوام بن لە پاڵپشتی نەتەوەکەیان، ڕەزازی یەکێتی نەتەوەیی بە گرنگ بۆ گەلی کورد وەسف دەکات و پێیوایە هۆکارێکە بۆ یەکڕیزی گەلی کورد دژی داگیرکەران.

مزگێن تاهیر، هونەرمەندی ڕۆژئاوای کوردستانیش باس لەوە دەکات، هەر لەسەر سنوری باشور و ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕێگری لێکراوە بەشداری کۆنسێرتەکە بکات، ئەوەش بە تەواوی نیگەرانی کردووە، لەکاتێکدا سنوور لەنێوان وڵاتاندا بۆ هونەر نامێنێتەوە، کەچی لە پارچەکانی کوردستان تازە بە تازە ئەو هەنگاوە توندتر دەبێتەوە.

مزگێن باسی لەوەشکرد، ئێستا کاتێکی گرنگە بۆ کورد تا کار بۆ یەکێتی نەتەوەیی بکات، بە پێویستیشی دەزانێت هونەرمەندان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیدا، چونکە ئەوان پەیام بۆ هەموو گەل دەنێرن.

ز.ش