لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە شاری وهانی چینەوە بە جیهاندا بڵاو بووەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس، سەرتاسەری وڵاتانی جیهان لە هەوڵی رێگریکردن و ریوشوێنی پێویستدان بۆ ئەوەی کەمترین زیانیان بەرکەوێت، بەڵام لە تورکیا پشتگوێخستنی ئەم بابەتە لە لایەن دەوڵەتەوە بە تایبەت لە بەندیخانەکاندا، بووەتە جێی مشتومڕ و سەرنجی رای گشتی.
عبدولحەمید گوڵ وەزیری دادی تورکیا بەر لە چەند رۆژێک رایگەیاندبوو، ٣ زیندانی لە بەندیخانەکاندا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
لە سەر بارودۆخی بەندیخانەکانی شاری وان، هیچ زانیاریەک بڵاو ناکرێتەوە. دەستەی داواکاری گشتی لە شاری وان و بەڕێوەبەرایەتی بەندیخانەکان ئامادە نین لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەک بڵاو بکەنەوە، بۆیە زۆر بە زەحمەت زانیاری لە سەر بارودۆخی بەندیخانەکانی شاری وان دەگاتە دەرەوە.
زیندانیانی سیاسی ناتوانن راستەوخۆ چاوپێکەوتن لەگەل خانەوادەکانیان ئەنجام بدەن، تەنها بە رێگای تەلەفۆن دەتوانن پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن و بەم شێوەیە زانیاری دەگاتە دەرەوە.
موراد ساریساچ پارلەمەنتەری هەدەپەی شاری وانی باکوری کوردستان لە بارەی بارودۆخی بەندیخانەکان بۆ ئاژانی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'هێشتا درەنگ نیە'
ساریساچ رایگەیاند، لە بەندیخانەکان ئەو زیندانیە سیاسیانەی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لێدەکرێت و ئەوانەی پشکنینەکانیان پۆزێتیڤ دەرچووە دەخرێنە کەرەنتینەکانەوە و وتی: "بەپێی زانیاریی بنەماڵەکان لەو زیندانیانەى گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، ژمارەیەکى زۆر لە کەرەنتینەدان، بەڵام دۆخەکە لە رای گشتی دەشاردرێتەوە".
ساریساچ راشیگەیاند، مەترسییەکى زۆر لەسەر زیندانەکان هەیە و وتی "ئێمە لە دەرەوە خۆمان بە زۆر بۆ دەپارێزرێت، بەڵام مرۆڤەکان لە زینداندا ناچارن پێکەوە بژین، بۆیە ناتوانن خۆیان بپارێزن. سەرباری ئەوەش هێشتا درەنگ نییە، کەسە زیندانیەکراوەکان و نەخۆشەکان لە ئێستادا بە بەشێوەى نایاسایی لە زینداندا راگیراون، ئەوەش لە کاتێکدایە ئازادکردنیان ئاسانە.
کاری حیزبەکەمان لە کۆمسیۆن یاسایی بەردەوامە. ناوەندی گشتیمان لە چاوپێکەوتندایە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکى باشە لە بەرژەوەندیی زیندانیەکاندا نەنراوە. پێویستیمان بە بەرپرسیارییەکى کۆمەڵایەتى هەیە. دەبێت کۆمەڵگە پشتیوانى بکات و بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە. لە زیندانەکاندا نزیکەى ٢٠٠ هەزار کەسمان لە ناو چەپۆکەى مەرگدا راگیراون. چەتە لایەنگرەکانى خۆیان و بکوژەکان ئازاد دەکەن و لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەیانپارێزن. ئەگەر هەوڵەکانى حیزبەکەمان و پشتیوانیى کۆمەڵگە زیاتر بێت، ئێمە پێکەوە دەتوانین سەربکەوین. حکومەت دەڵێت 'رێوشونمان گرتووەتەبەر' بەڵام لە زیندانەکاندا رێوشوێن نەگیراوەتەبەر. بە بڕوای من ئەوە سیاسەتێکە کە بە ئەنقەست بەڕێوەدەبرێت، دۆخەکە بە جۆرێکە کە ئازاری ویژدانی مرۆڤ دەدات".
'بە پارە کەمامە بە زیندانییەکان دەفرۆشن'
ساریساچ باسی ئەوەیکرد، ئەو زیندانیانەى لە ژێر چاودێریدان دواى چەند پرسیارێک دەرمانیان پێدەدەن و وتی "سیستمی تەندروستی لە زیندانەکاندا بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت. ئێستا لە زیندانەکاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەرەنتینە هەیە. بە پاساوی کەرەنتینە زیندانیەکان دەخەنە ژووری تاکە کەسی. دەبێت هەموان لەو پرۆسەیە هۆشیار و بەرپرس بن.
حکومەت دەستبەرداری کۆمەڵگە بووە و بۆی گرنگ نییە چی روودەدات. کەمامە و ماددەى پاککەرەوە بە پارە دەفرۆشن. بە ٣ کەس یەک پارپە ماددەی پاککەرەوە دەدرێت. بە گشتی ماددە پاککەرەوەکان بە کەمی دەدرێن. لە راستیدا دەبێت ئێمە پشتیوانى لە کەمپەینی بنەماڵە خوشک و براکان و زیندانییەکان بکەن، دەبێت تەندروستیی زیندانیانە بۆ ئێمە بابەتێکى گرنگ بێت".
ز.ش / ژ.ت