بەرەی بایکۆت لە باشوری کوردستان فراوانتر دەبێت

لە ماوەی ڕابردوودا بەرەیەک لە باشوری کوردستان ڕاگەیەنرا و تەواوی شت و مەک و بەرهەمە تورکیەکانیان بایکۆت کرد، لە ئێستاشدا ڕێکخراوەکانی گەنجان زیاتر گرینگی بەو بابەتە دەدەن و بەرەکەیانفراوانتر دەکەن.

ڕێکخراوەکانی گەنجان لە باشوری کوردستان بە چالاکی جۆراو جۆر هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و بەروبومی تورکیان ڕاگەیاندووە و کار لەسەر فراوانبوونی دەکەن. ڕێکخراوی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە ئێستادا گرینگترین پڕۆژەکانیان بایکۆتکردنی کاڵا و بەروبومی تورکیە و داوا دەکەن کە گەنجانی باشوری کوردستان بەشداری بکەن لەم هەڵوێستە و نەبنە ئەو فیشەکەی کە دەوڵەتی تورکیا بەکاری ئەهێنێ بەرامبەر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان.

جێگر یەکێکە لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکە و دەربارەی کار و چالاکێکانیان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕاگەیاند، "ڕێکخراوەکەمان لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و کارەکانمان لە چوارچێوەی پەروەردە کردن و هۆشیار کردنەوەی گەنجانە. یەکێک لە گرینگترین کارەکانمان کە دەستمان پێکردوە پڕۆژەی بایکۆت کردنی شت و مەک و کاڵای تورکیە، لە دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئێمە ئەم پڕۆژەیەمان کردۆتە کاری سەرەکی ڕێکخراوەکەمان".

هەروەها جێگر پێی وابو هەر کاڵایەک کە لە وڵاتی ئێمەدا دەکردرێت، ئەو بڕە پارەیە لە تورکیا دەدرێت بە چەک و لە ڕۆژئاوای کوردستان بەکار ئەهێنرێت لە دژی گەلی ئێمە، لە ڕۆژئاوا بە بەرچاوی جیهانەوە دەوڵەتی تورکیا چەکی فسفۆڕ بەکار ئەهێنێت و جیهانیش لە ئاستیا بێ دەنگە، دڵنیابن لە داهاتوشدا لێرە بەکاری ئەهێنێت لە دژی ئێمە.

بێریتان بەڕێوەبەری ژنانی گەنجی تێکۆشەرە و سەبارەت بە کار و چالاکێکانیان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند:" لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێکخراوەوەکەمان دەستی کردوە بە چالاکی لە پاڵ ڕێکخراوی گەنجانی وڵات پارێز، پرۆژەکانمان لە چوارچێوەی هۆشیارکردنەوەی ژنانە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆڕ و سیمینارمان ڕێکخستوە."

هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند کە ڕێکخراوەکەیان لە ئێستادا سەرقاڵی پڕۆژەی بایکۆت کردنی کاڵا و شت و مەکی تورکیە و پێویستە درک بەو ڕاستیە بکەین کە تورکیا بەهەر شێوەیەک بێت دەیەوێت کلتوری ئێمە لەناو ببات دەیەوێت ژەهرمان دەرخوارد بدات، بۆیە داوا دەکەم لە تەواوی ژنان و گەنجانی باشوری کوردستان کە بە بایکۆتی شت و مەکی تورکی نەوەستن و ڕازی نەبین بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستاندا بمێنێت.

ف.ق