بەرەی توركمانی دژایەتی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکووک دەکات

بەرەی توركمانی دژایەتی پیرۆزكردنی جه‌ژنی نه‌ورۆز و یادكردنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌كات لەسەر قەڵای کەرکووک.

٢٠ی ئادار هاوکات لەگەڵ جه‌ژنی نەورۆز یادی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی کەرکووکه‌. هەموو ساڵێک گەل و پێکهاتەکانی کەرکووک یادی نەورۆز و ڕاپەڕین لەسەر قەڵای کەرکووک ده‌كه‌نه‌وه‌. ئەمساڵیش وابڕیارە له‌ هه‌مان شوێن نه‌ورۆز پیرۆز بكرێت.

ئەرشه‌د ساڵحی سەرۆکی بەرەی توركمانی و ئاڵقه‌له‌گوێی میتی تورک بەمه‌به‌ستی ئاژاوه‌گێڕی و تێكدانی دۆخی كه‌ركووك، بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە ڕاکان سەعید پارێزگاری کەرکووک به‌وه‌كاله‌ت کردووە ئەو ڕۆژه‌ (٢٠ی ئادار) قەڵای کەرکووک بدرێت بە بەرەی تورکمانی بۆ ئەوەی ئاھەنگی جه‌ماوه‌ری حیزبی تێدا بکەن.

ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی کەرکووک بە ئاژانسی هەواڵی  فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: «بەرەی تورکمانی هەرچەنده‌ هەوڵدەن، ناتوانن ئەم ئاهەنگە تێکدەن. ئاهەنگی نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکووک ساز ده‌كرێت و ئەرشەد ساڵحی ناتوانێت ڕێگری بكات.»

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی تەفگەری ئازادیی کۆمەڵگه‌ی کوردستان لە کەرکووک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: «قەڵای کەرکووک مێژوویەکی هەزاران ساڵه‌ی پێکەوەژیانی هەیە. تەنها گەلی کورد لە سەر قەڵا نەورۆزی پیرۆز نەکردووە، به‌ڵكوو بە بەشداریی هەموو نەتەوە و پێكهاته‌ ئاینییه‌كان هه‌میشه‌ نه‌ورۆز له‌سه‌ر قه‌ڵا پیرۆز كراوه‌.»

سه‌رمه‌د ده‌رباره‌ی نووسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی گوتی، «ئەمە جگە لە پەیامێکی تایفی بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی شاری کەرکوک و ئاژاوەنانەوە هیچی دیكه‌ نییه‌. ئێمە وەک ته‌ڤگه‌ری ئازادی ئەم جۆرە گوتاره‌ تایفیانە ئیدانە ده‌كه‌ین. هیوادارین هەموو نەتەوە و پێكهاته‌ ئاینییه‌كانی کەرکووک بەدوور بن لەم هەوڵانە كه‌ ئامانجیان تێکدانی پێکەوەژیانه‌ لە شاری کەرکووك.»

 

s.m