بەرەی پشتیوانی لە عەفرین داوای دەرکردنی سوپای تورکیا لە ھەرێم دەک

بەرەی پشتیوانی لە عەفرین، باس لە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە شاری سلێمانی دەکەن و داوای دەرکردنی ھێزی سەربازی تورکیا دەکەن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەرەی پشتیوانی عەفرین سەبارەت بە ھێرشەکانی سەر عەفرین سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانیان کرد.

شۆڕش ئەمین، ئەندامی بەرەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: پەرلەمان ھەڵوێستێکی جدی هەبێت، پێویستە بە ھەموو لایەک ھەوڵبدەین کە دەروازەی سمێڵکا بکەینەوە، چونکە کەوتنی عەفرین دەبێتە ھۆی کەوتنی سلێمانی و ھەولێر و باشوری کوردستان.

شۆڕش ئەمین وتیشی: ھێزێکی زۆری تورکیا لە ھەرێمێ کوردستاندا هەیە، پێویستە لە پەرلەمان ھەوڵبدرێت کە ئەو ھێزانە بکرێنە دەرەوە.

ئاماژەی بەوەش دا: خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت، ھیوادارم کە ھەموو لایەک بەشداری تێدا بکات.

هەروەها عومەر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کودرستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە کۆنگرەکەدا وتی: پەیمان دەدەین چۆن بەرگریمان لە کۆبانێ کرد، ئاوەھاش بەرگری لە عەفرین دەکەین، ستەم لە عەفرین بکرێت بە ستەمی دەزانین لەسەر خۆمان و سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژیانەی تورکیا دەکەین و دەبێت بوەستێنرێت.

تەلار لەتیف، ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆنگرەکەدا وتی: دەبێت پەیوەندییەکانی خۆمان لە عێراقەوە بەکاربێنین بۆ کردنەوەی دەروازەکان و دەروازەی سمێڵکا بەتایبەتی، تا بتوانین ھاوکارییەکان بگەیەنینە ڕۆژئاوا.

هەروەها ئەبوبەکر ھەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە کۆنگرەکەدا وتی: لە کۆبانێ شەڕڤانان توانیان تیرۆریستان لەناو ببەن و ئازایانە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، هەر بەوشێوەیە دەشتوانن عەفرین بپارێزن.

ئەبوبەکر ھەڵەدنی، وتیشی: دەبێت خۆپیشاندانێکی بەرفراوان ئەنجام بدرێت و دەبێت شاندی پەرلەمان سەردانی کونسوڵی وڵاتان بکات بۆ ئەوەی ئەم ھێرشانە بوەستێندرێت.