بەسێ هۆزات: پەدەکە پشتگیری لە پلانە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتى تورک دەکات – ٣ -

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەیەوێت پەکەکە پاکتاو بکات و پەدەکەش بووەتە هاوبەشی ئەو پلانە. هۆزات راشیگەیاند "نابێت پێشمەرگە لە پاڵ سەربازانی تورک دا بێت، بەڵکو دەبێت لە پاڵ گەریلادا بن".

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداریی لە بەرنامەى تایبەتی ستێرک تێڤی دا کرد و شیکاریی گرنگی لەبارەى پێشهاتەکانی کوردستان و ناوچەکە و جیهانەوە کرد. چاوپێکەوتنەکەى بەسێ هۆزات بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق کە کوردێکی پەدەکەیی یە چوونە ئەنقەرە و لەگەڵ بەرپرسە تورکەکان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. دەڵێن یەکێک لە پرسەکانیان هێرشی دەوڵەتی تورکە بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا. ئێوە ئامانجی ئەو چاوپێکەوتنانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بە چاوپێکەوتنەکانی واشنتۆنەوە زیاتر دۆخەکە ئاشکرا دەبێت، لەسەر چی گفتوگۆیان کردووە، ئەنجامەکەی چییە. لە ئێستادا هەندێک نیشانە دیارن. مستەفا کازمی و فوئاد حسێن لە واشنتۆن هەندێک قسەیان کرد. ئەوەی کە دیارە، ئەمریکا دەیەوێت عێراقیش پارچەیەک لە پلانەکە بێت. دیارە کە ئەمریکا پشتگیری لە پلانی دەوڵەتی تورک لەبەرانبەر پەکەکە دەکات. پلانەکە بێ ئەمریکا نابێت. پێشتریش بەرپرسێکی ئەمریکی قسەی کردبوو و وتبووی، عێراق، پەدەکە و تورکیا دەیانەوێت پێکەوە پەکەکە لەناو ببەن. ئێستا ئەمریکا دەیەوێت عێراقیش بەشداری لە پلانەکەدا بکات. پێشبینیەکی بەهێز ئەوەیە کەلەگەڵ کازمی باسی ئەوەیان کردبێت. ئەمریکا دەیەوێت پەکەکە لاواز بکات. دەیەوێت ئەوانەی لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەکەن و دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، بیانخاتە ژێر خزمەتی خۆی. سیاسەتی ئەمریکا بەم شێوەیەیە، لەگەڵ ئۆجالان نا، لەگەڵ پەکەکە نا، بەڵام ئەو دەستکەوتەکانی تێکۆشانی پەکەکە لەسەر بەرژەوەندی خۆی دەوێت. ئەمریکا دەیەوێت پەکەکە تەسفیە بکات و عێراقیش بەشداری لە پلانەکە بکات. ئێمە ئەو پلانە قەبوڵ ناکەین. پێویستە ئەمریکا نەبێتە هاوکاری ئەوانەی کورد قڕ دەکەن. ئەمریکا بەم هەڵوێستانە دەبێتە هاوکاری دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردنی کورد. ئێمە ئەوە ڕەخنە دەکەین. ئەوە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا یەکناگرێتەوە. ئەمریکا ئەگەر بە قڕکردنی کورد بڵێ بەڵی، چ بەرژەوەندیەکی دەست دەکەوێت. با دووروویەتیەکی بەم شێوەیە نەکات. دەڵێت پەیوەندیمان لەگەڵ ڕۆژئاوا هەیە. نازانم بە لەگەڵ چ کوردێک پەیوەندیمان هەیە، ئێمە لەدژی کورد نین. ئەوە ماسک و میکیاجە. لە لایەن لە ڕۆژئاوا لەگەڵ پەیەدە، مەسەدە و قەسەدە پەیوەندی دروست دەکات، خۆی وەک هێزێک کە پشتگیری کورد دەکات پیشان دەدات و لەلایەکی ترەوە دەیەوێت پەکەکە لەناوببات. ئەمە دووڕوویەتیە. ئەمە بەواتای شاردنەوەی ڕاستیەکان دێت. پەدەکەش هەمان شت دەکات. لە لایەک پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا دەبەستێت و لە لایەکی ترەوە هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات و دەیەوێت پەکەکە لەناوب بچێت. دەیەوێت گەلی کورد هەڵبخەڵەتێنێت. ئەوە هەمووی هەڵخەڵەتاندنە. پێویستە بە باشی لەو دووڕوویەتیە تێبگەین. ترەمپ و جێفری پێشەنگایەتی ئەوە دەکەن. ئەوانیش قسەیان کرد. پێویستە ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد ڕۆڵێک ببینێت، نەک هاوکاری دەوڵەتی تورک بکات. بانگەوازیمان بۆ ئەمریکا بەم شێوەیەیە.

پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا پەیوەندیەکی ستراتیژیە. تورکیا هاوپەیمانی ئەمریکایە. تورکیا ئەندامی ناتۆیە. ئەگەر هاوکاری تورکیا نەبوایە، تورکیا نەیدەتوانی ئیدلب و جەرابلوس، عەفرین و گرێسی سپی داگیر بکات. بە هاوکاری ئەمریکا ئەو داگیرکەریە دروست بوو. لە عەفرین و گڕێ سپی ڕووسیاش خاوەن ڕۆڵ بوو، بەڵام ڕۆڵی سەرەکی ئەمریکا بوو. ئەمریکا کاریگەری زۆری لەسەر تورکیا هەیە. ئەمریکا دەتوانێت ئەو کاریگەریەی لەسەر تورکیا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەکار بهێنێت. بۆئەوەی تورکیا دەست لە سیاسەتی قڕکردنی کورد بەربدات، کێشەی کورد بە شێوەی سیالۆگ و موزاکەرە و دیموکراتی چارەسەر ببێت. ئەمریکا دەتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێت. کورد نایەوێت تورکیا پارچە بکات. کورد دەوڵەتی ناوێ. کورد دەیەوێت خاوەن مافی سیاسی و کەلتوری خۆی بێت. لە پەیمانە نێودەوڵەتیەکاندا ئەو مافە بە گەلان دراوە. دەوڵەتی تورکیش ئیمزای کردووە. کورد ئەمەیان دەوێت. بۆیە بانگەوازیمان هەیە کە ئەگەر ئەوروپا و ئەمریکا ڕۆڵیشیان نەبێت، بەڵام با ڕۆڵی خراپیشیان نەبێت. پشتگیری لە سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورک نەکەن و نەبنە هاوبەشی ئەم سیاسەتە. واتە پێویستە بە ڕاستی ڕۆڵێکی ئەرێنیان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورددا هەبێت. بۆ عێێراقیش. تا ئێستا هەڵوێستی عێراق زۆر مەترسیدار نەبوو. ئەمریکا دەیەوێت عێراقیش ببیتە بەشێکی پلانەکە، بۆیە دیارە تا ئاستێک عێراقیش بەشداری کردووە. دەیانەوێت زیاتر بەشدار بێت. ئەوە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە. قڕکردنی کورد چ سوودێک بە عێراق دەگەیەنێت؟ لە لەناوبردنی پەکەکە و قڕکردنی کورددا چ سوودێک بە عێراق دەگات؟ لە قڕکردنی شەنگالدا چ سوودێک بە عێراق دەگات؟ دەوڵەتی تورک دەیەوێت جۆگرافیای عوسمانی داگیر بکاتەوە. وڵاتە عەرەبیەکانیش داگیر بکات. لیبیا لەبەرچاوە. ئیددلب لەبەرچاوە. سوریا و سیاسەتی سوریا لەبەرچاوە. وانییە؟ دەیەویت هەمان شت لە عێراقیش بکات. هەموو ڕۆژێک باسی کەرکوک و موسڵ و تەلەعفەر دەکات. هەمان شت لە سوریا و لیبیا و یەمەن دەکات. لە تێکچوونی دۆخی موسڵدا دەستی تورکیا هەبوو. لە گەورەکردنی داعشدا ڕۆڵی تورکەکان هەبوو. تورکەکان بەم ئەندازەیە داعشیان گەورە کرد. بە هاوکاری تورک گەورە بوو. ئێستا سوپایەکی چەتەکانی دروست کردووە، ئەوەش لەجێگای داعش بەکاری دەهێنێت. بۆیەش لەم بابەتەدا پێویستە عێراق بە ئەرێنی بجووڵێتەوە. نەکەوێتە بۆسەی ئەمریکا و دەوڵەتی تورک. دۆستایەتی لەگەڵ کورد تێکنەدات. تا ئێستا لەگەڵ کورد دۆست بوو و بەشداری لە پلانەکەدا نەکرد. دەیانەوێت ئەویش بەشدار ببێت. پێویستە مەترسیەکانی تورک ببینێت. هەم لەبەرانبەر کورد و هەم لەبەرانبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبیەکان سیاسەتی قڕکردن بەرێوە دەبات. بانگ لە عەرەبەکان دەکەین کە لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک پێکەوە تێبکۆشن. گەنجانی عەرەب، ژنانی عەرەب لەگەڵ کورد جێی خۆیان بگرن، لە باشوور، لە عێراق و لە سوریا لەبەرانبەر داگیرکەری تورک پێکەوە زیاتر تێبکۆشن.

لە شەنگاڵ هەموو ڕۆژێک هێرش دەکرێتە سەر کۆمەڵگای ئێزدی. هەڕەشەی داگیرکەری قڕکردن هەموو کاتێک هەیە. ئێستا دەوترێت کە دەیانەوێت لە شەنگالیش سیستمی جاشایەتی دروست بکەن، لەژێر ناوی پێشمەرگایەتیدا جاش دروست بکەن، ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

لە ئێستادا ئەمریکا باسی ئەوە دەکات کە پێویستە عێراق، دەوڵەتی تورک و پەدەکە چارەسەری سڤیل لە شەنگال پێکبهێنن. تورکیاش دەکەنە بەشێک لەو شتە. بۆچی؟ بە راستی بۆچی؟ کاری تورکیا لە شەنگال چییە؟ بۆچی ئەمریکا دەیەوێت تورکیا بباتە شەنگال؟ بۆچیئ؟ تورکیا لە شەنگال چی کردووە، مافی تورکیا لە تورکیا چییە کە ئەمریکا وا دەڵێت. ئەوەی تورکیا لە شەنگال کردی دیارە. لە ساڵی ٢٠١٤دا داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک لە شەنگال کۆمەڵکوژی ئەنجامدا. داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک هێرشی کرد. دوای ئەوەی داعش لەناوبرا، دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هێرش دەکاتە سەر شەنگال. ئەو کۆمەڵکوژیەی کە داعش نەیتوانی بە ئەنجامی بگەیەنێت، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بیکات و ئەنجامی بدات. سیاسەتی دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی ئێزدیمان، لەسەر شەنگال، سیاسەتی قڕکردنە. جگە لە قڕکردن دەوڵەتی تورک چی لە شەنگال کردووە کە پێی دەڵێن بچوورە شەنگال. ئایا ئەمریکا دەیەوێت دەوڵەتی تورک بچێتە شەنگال ئەو سیاسەتەی کۆمەڵکوژیە جێبەجێ بکات؟ بە هەموو شێوەیەک، بە هەموو جۆرێک ئایا ئەمەی دەوێت؟

پێویستە کۆمەڵگای ئێزدی چی بکات؟

لەو ڕۆژەوەی ئەو قسانەکراوە پێویستە بوو کۆمەڵگای ئێزدی بە تەواوی هەستێتە سەرپێ. کۆمەڵگای ئێزدی و گەلی کوردیش. کۆمەڵگای ئێزدی بناغەی گەلی کوردە. کەلتوری دێرینی گەلی کوردە. هەموو گەلی کورد، لە وڵات و لە دەرەوەت وڵات پێویست بوو لەدژی ئەو قسانە بە ملیۆنان کەس هەستابانە سەرپێ. ئەوە قبوڵ ناکرێت. مافی کەس لە شەنگال نییە. نە پەدەکە. نە عێراق، نە تورکیا و نە ئەمریکا، ئەوانە بۆ شەنگال و کۆمەڵگای ئیزدی هیچیان نەکردووە. دەوڵەتی تورک قڕکردنی ئەنجامدا. پەدەکەش شەنگالی لەناو دەستی داعش بەجێ هێشت. هێزەکەی کشاندەوە. لەناو قڕکردندا بەجێی هێشت. بە هەزاران، بە دەیان هەزار گەلی ئێمەیان لە شەنگال لەناو کۆمەڵکوژیدا نەجێ هێشت. ٥ هەزار ژنی کورد کەوتنە دەستی داعش. دەستدرێژیان کردە سەریان و فرۆشران. تا ئیستاش چارەنووسی هەزاران ژنی کورد نادیارە. نازانرێت لە کوێن. بیسەروشوێنن، لەناو سیستمی دەستدرێژیدان. بەرپرسیاری ئەوە پەدەکەیە، پەدەکە بەم شێوەیە لە شەنگال ڕۆڵی هەبوو. پەدەکە پێویستە لێبۆردن لە گەلی شەنگال بکات. پێویستە داوای لێبۆردن لە گەلی کورد بکات. بە راستی هیچ ڕەوایەتیەکی پەدەکە لە شەنگال نییە. بەتەنها هێزێکی ڕەوا هەیە، ئەوەش هێزی شەنگالە، هێزی یەبەشەیە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری شەنگالە. لەدەرەوەی ئەوانە هیچ هێزێکی تر لە شەنگال ڕەوا نییە.

پەدەکە دەڵێت یەبەشە یاسایی نییە. ڕاگەیەنراوێکی بەو شێوەیەی بڵاوکردەوە.

ئەگەر شەرەفی گەلی شەنگال، هەبوون و ئازادی گەلی شەنگالی پاراستووە، بۆچی نایاساییە؟ یاساییترین هێزە، ڕەواترین هیزە. پەدەکە خۆی نایاساییە. پەدەکە گەلی شەنگالی لەناو قڕکردنی داعش و دەوڵەتی تورکدا هێشت. ئیستاش هەموو رۆژێک قسە دەکات، بە دەوڵەتی تورک دەڵێت هێرش بکاتە سەر شەنگال. هەر کە پەدەکە ڕاگەیەنراو بڵاودەکاتەوە، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر شەنگال. ئەو ڕۆژە نێچیرڤان بارزانی چی وت؟ وتی، لە شەنگال هێزی نایاسایی بوونیان هەیە. دوای ئەوە دەوڵەتی تورک شەنگالی بۆردومان کرد. پەدەکە بە دەوڵەتی تورک دەڵێت، دەتوانی شەنگال بۆردومان بکەی. لەگەڵ دەوڵەتی تورک بە هەمان زمان قسە دەکات، بەو پراکتیکە دەجوولێتەوە. هەمان شت ئەنجام دەدات. ئێستا ڕەواترین هێز، مافدارترین هێز یەبەشەیە، ڕۆلەی گەلی شەنگالن، بەرێوەبەرایەتی شەنگال خۆیانن. پێویستە عێراقیش ئەو هێزە بناسێت. جیهان پێویستە ئەو هێزە قبوڵ بکات. مافی گەلی ئێزدی لە شەنگال بناسێت. شەنگال لە هەمانکاتدا ویژدانی مرۆڤایەتیە. بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەهایەکە. کەلتورێکی کۆنی مرۆڤایەتیە. دێرینترین باوەڕی مرۆڤایەتیە. کەمیش ماونەتەوە، ٧٤ جار فەرمانیان بەسەردا هێنراوە، هەموو مێژوویان لەناو کۆمەڵکوژیدا بووە، کەمیان لێ ماونەتەوە. ئەرکی هەموو کەسێکە بیانپارێزێت، ئەو کەلتور و باوەڕیە بپارێزێت.

بۆ پاراستن چی پێویستە؟ بۆ پاراستن قبوڵکردن و ئیرادە پێویستە، خۆبەرێوەبەرایەتی پێویستە. پیویستە بەڕێوەبەرایەتی شەنگالیش و هێزی خۆپاراستنیش قبوڵ بکرێن. نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە قبوڵیان بکات، ئەروپا، ئەمریکا و عێراقیش پێویستە بیانناسن. پەدەکەش پێویستە قبوڵیان بکات. نە زیانیان بۆ پەدەکە و نە زیانیان بۆ باشووری کوردستان و عێراقیش هەیە. بەپێچەوانەوە، ئەوە عێراق بەهێز دەکات، باشووری کوردستان بەهێز دەکات و دیموکرات دەکات.

تێکۆشان و بەرخۆدانی گەریلاش بەردەوامە. لە سەرهەدەوە تا شێلادزێ چالاکی گرنگ لەدژی داگیرکەری ئەنجام دەدرێن. دۆخی شەڕ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

زیاتر لە دوو مانگە بەرخۆدانێکی گەورە لە حەفتانین هەیە. ئەو بەرخۆدانە ڕێگای لە مەترسیەکی گەورە گرت. پلان ئەوە بوو کە لە ماوەیەکی ککەمدا، بادینان، مەتینا، زاپ، ئاڤاشین داگیر بکەن. لەوێ جێگیر ببن. بە جێگیربوونیان لەوێ پلانیان دانابوو کە زیاتر بێنە ناو خاکی باشووری کوردستان. لە حەفتانین ئەنجامدرا و پلانەکەیان پووچەڵ بووەوە. دەوڵەتی تورک ئێستا لە حەفتانین گەیشتووەتە کۆتایی و هەموو ڕۆژێک گورزی گەورەی بەردەکەوێت. لە کوێ شەڕ دروست دەبێت لەوێ بەدەیان سەربازی داگیرکەری تورک دەکوژرێن. لەو ڕووەوە بێگۆمان بەرخۆدان گەورەیە. شەهیدیش دەدرێن. جارێکیتر بەڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی حەفتانین دەکەینەوە . کاتێک کە گەلمان لە باشووری کوردستان بەشداری لە بەرخۆدانی گەریلادا بکات، کۆتایی بە داگیرکەری دێت. ئەو پلانە سەدساڵەیەی بۆ کۆمەڵکوژکردنی کورد بەڕێوە دەبرێت، پووچەڵ دەبێتەوە.

لە جنێف لەبارەی پرسی سوریا کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێن. کۆبوونەوەکان چەند ساڵە بەرەوامن، جارێکیتر بێ کورد بەردەوامە. ئێوە لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەوە چۆن بیر دەکەنەوە؟

چاوپێکەوتنەکانی جنێڤ و ئاستانە بوونەتە شانۆ. هەندێک جار کۆدەبنەوە، گوایە بەدوای چارەسەری لە سوریا دەگەڕێن. هیچ واتایەکی ئەو کۆبوونەوانە بۆ چارەسەری دۆخی سوریا نییە. هەمووی یاریە. کات بە فیڕۆ دەدەن. شەڕێکی تریان دەستپێکرد، دەیانەوێت هەرێمەکە و سوریا دیزاین بکەنەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین بکەنەوە. واتە شانۆیەکە. بەو کۆبوونەوانە چارەسەری دروست نابێت. ئەوانەی لەناو ئەو شانۆیەدا جێی خۆیان دەگرن هەموویان شانۆگەرن و ڕەوایەتیان نییە. چەتەکانیان بردووەتە هەموو جێگایەک، چەتەکان لە سوریا، لە باکووری سوریا و لە ئیدلب تا سەرێکانی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. دەستدرێژی و تالان و قڕکردن دەکەن. چەتەکانیان کۆکردووەتە و بردوویانە بۆ جنێفیش و بەو چەتانە بەدوای چارەسەری پرسی سوریا دەگەڕن. سەرنج بدەن، بەو چەتانە چارەسەریەکی چۆن دروست دەبێت؟ واتە بە داعش، بە ئەلنوسرە ئەبێ چ چارەسەریەک دروست ببێت؟ ئیستا ئەوانەی لە جنێفن داعش و ئەلنوسرە و پاشماوەکانی ئەوانن. کۆیان کردوونەتەوە و ڕێکیان خستوونەتەوە، جلی مەدەنیان لەبەرکردوون، گوریسێکیان خستووەتە ملیان، وەک شانۆیەک. واتە سینەمایەکیان دروست کردووە، ڕۆڵی هەموو کەسێک دیارە. کۆبوونەتەوە لەگەڵ چەتەکان باسی چارەسەری دەکەن! هیچ ڕەوایەتیەکی ئەوان نییە. من بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاواش ڕەخنە دەکەم. ڕۆژئاواش ئەو جنێف و شانۆگەریە زۆر بە جددی دەبینێت.

دەیەوێت تیایدا بەشدار بێت

یانی هەر کاتێک بەڕێوەبەریی رۆژئاوا دەیەوێت بکرێتەوە، دەوترێت، جنێڤ، جنێڤ، جنێڤ. لە جنێڤ چی هەیە؟ لە جنێڤ جگە لە فریودان و هەڵخەڵەتاندن، جگە لە رەواکردنی چەتەکان هیچی تر نییە. بەو شێوەیە دەیانەوێت رەوایی بە چەتەکان بدەن. یانی ئێستا بەڕێوەبەریی رۆژئاوا، خۆسەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بچن بۆ جنێڤ لەگەڵ ئەو چەتانەدا لەسەر چی گفتوگۆ بکەن. چەتەکان هەموو رۆژێک لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، لە عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی و ناوچەکانی تردا دەستدرێژی، تاڵانکاری و داگیرکەری دەکەن، دیمۆگرافیا دەگۆڕن و پاکتاوکاری و سڕینەوە ئەنجام دەدەن. چەتەن، داعشن، بەرەی نوسرەن. تۆ بۆ دەبیت بە داری دەستیان؟ ئەوە بە روونی دەڵێم، ئەوە راست نییە. یانی زۆر زۆر گەورەى دەکەنەوە. ئاستانش بەو شێوەیە بوو. هەموویان یاریکردنن، لەلایەکیانەوە ئەمریکا هەیە و لایەکی ترەوە رووسیا هەیە. بەو شێوەیە دەیانەوێت رەوایی بە چەتەکان بدەن. لە ناو ئەو گێژاوەدا شەڕیش بەردەوامە. لەسەر ئەو بنەمایە دەیانەوێت بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان سوریا و ناوچەکە دیزاین بکەنەوە. بۆ ئەوەش کات پێویستە. ئەوان بەو شێوەش کار دەکەن. لە بریی ئەوە، دەبێت بەڕێوەبەریی رۆژئاوا، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، سیستمی خۆیان بەهێز بکەن و هێزی پاراستنیان بەهێز و گەورە بکەن، شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بە قوڵی بەڕێوەببەن، ئەو شوێنانەى کە داگیرکراون رزگار بکەن. لە هەوو شوێنێک لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک، لە دژی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری بکەن و تێکۆشان گەورە بکەن. بۆ شەڕی گەورەش پێویستە خۆیان ئامادە بکەن. دەوڵەتی تورک بەو شێوەیەی ئێستا ناوەستێت. دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو رۆژئاوا و تەواوی دەستکەوتەکانی رۆژئاوا لەناو ببات. ئەو دەیەوێت سبەی هێرش بکاتە سەر کۆبانێ، هێرش بکاتە سەر عەین عیساش، دەیەوێت هێرش بکاتە سەر دێرک، هێرش بکاتە سەر رمێلانیش. دەبێت ئەوە بزانرێت، دەبێت هەموو گەلەکەمان وەک قەسەدە بێت. نابێت بڵێت، با قەسەدە شەڕ بکات و ئێمەش پشتیوانیی لێدەکەین، بەو شێوەیە نابێت. شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بەو شێوەیە نییە. هێزێک شەڕ بکات و تۆش هاوکاریی بکەیەت، بەو شێوەیە نییە. ئیدی کاتی رێپێوانەکان بەسەر چوون، رێپوانی جەماوەری لە شەقامەکان و لە دەرەوە پێویست نییە. لە رۆژئاوا ئەو شتانە پێویست نیین. لە رۆژئاوا چی پێویستە؟ دەبێت ژنانی کورد، پیاوانی کورد، بە تەمەنەکانیش، هەموو گەنجانیش، پێویستیش بکات منداڵانیش لە ٧ ساڵەوە بۆ ٧٠ ساڵی لە دژی ئەو داگیرکەرییە شەڕ و تێکۆشان بکەن. لە مێژووی جیهاندا نمونەى لەو شێوەیە زۆرن. پێویستە تۆ لە بەرامبەر داگیرکەری و لە دژی پاکتاوکاری دەست بدەیتە چەک و بەشداری ریزی هێزە چەکدارەکانی خۆت ببیت. تۆ نابێت وڵات، شار و گوندی خۆت بەجێبهێڵیت و ناشبێت تەنها لە شوێنی خۆتدا بوەستیت. نا بەو شێوەیە نییە. بۆ شەڕی شۆڕشگێریی گەل چی پێویستە، شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بەو مانایەیە، کە لە حەوت ساڵییەوە تاوەکو ٧٠ ساڵی لە ناو هێزە سەربازییەکانی خۆتدا بەشدار بیت و خۆیشت بەشداری ریزی هێزە سەربازییەکان ببیت.

سۆڤیەتەکان بەو شێوەیە هیتلەریان راوەستاند

لە ڤێتنامیش بەو شێوەیە بوو. دەبێت گەلەکەمان سەیر مێژووی ڤێتنام بکات. ڤێتنامیش بەو شێوەیە بوو. ئەو شۆڕشانەش کە لە سەدەی ٢٠ دا لە ئەفریقا دروستبوون هەر بەو شێوەیە بوون. هی سۆڤیەتیش بەو شێوەیە بوو. هەموویان بەو شێوەیە بوون. لە هەموو شۆڕشەکاندا ملیۆنەها مرۆڤ شەهید بوون. بەو شێوەیە باج و قوربانی دراوە و شۆڕش بەدیهاتووە و سەرکەوتووە. ئەمکارە بەبێ باج و قوربانی نابێت. بە  هەزاران قوربانی ئەم کارە کۆتایی پێنایەت. کاتێک پێویست بێت تۆ ملیۆنەها شەهید دەدەیت و تۆ مێژوو دەست دەخەیت، داهاتوو دەگریتە دەست. بەسە هەموو سەدەیەک کۆمەڵکوژ دەکرێین، کۆیلەیەتیمان بەسەردا دەسەپێنرێت. یانی ئید ئەوە بەسە. بۆیە دەبێت گەلەکەمان خۆیان بەو شێوەیە ئامادە بکەن. چاویان لە جنێڤ بێت، چاویان لە ئاستانە بێت، چاویان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا بێت، جێفریی چیی وت، ترامپ چیی وت، نازانم کێی چیی وت. نا تۆ چی دەکەیت؟ ئەوان چی دەڵێن، بەپێی بەرەژەوەندیی خۆیان قسە دەکەن و بۆ خۆیان دەڵێن و دەیکەن. ئەی تۆ چی دەکەیت؟ لەسەر تۆ پلانی سڕینەوە و پاکتاوکردن هەیە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە هاوکاریی دەوڵەتانی دەرەوە هەموو کوردان لە ناو ببات. ئەی تۆ چی دەکەیت. ئەوە گرنگە و پێویستە میللەتەکەمان شتێک بۆ خۆی بکات. دەبێت مۆتاڤیسۆن و هاندەربوون و سەرنجی خۆی لەو چوارچێوەیەدا بێت. ئەوە گرنگە، هەموو رۆژەڤی رۆناهی تیڤی بووە بە رۆژەڤی جنێڤ. ئەوە هەڵەیە. ماوەیەکى زۆرە ئاوی حەسەکە بڕاوە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەو کارەى کردووە و دەستی گرتووە بەسەر سەرچاوەی ئاوەکەدا. لە چوارچێوەى سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردندا بێ ئاوی دەکات، دەیەوێت مرۆڤەکان لەوێ کۆچ بکەن و ئاوارە ببن و حەسەکە چۆڵ ببێت. دەستیگرتووە بەسەر کارەباکەدا و کارەبای بڕیوە. دەیەوێت گەل بێزار بکات، شوێنی خۆی، خاک و وڵاتی خۆی چۆڵ بکات. دەیەوێت رۆژئاوا کوردی تیا نەمێنێت. ئەوەش سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردنە و بەو شێوەیە بەڕێوەی دەبات. ئێمە جار جار سەیری رۆناهی تیڤی دەکەین، میللەتەکەشمان رەخنە لە بەڕێوبەریی خۆبەڕێوەبەر دەکات و دەڵێت 'بەڕێوەبەریی خۆبەڕیوەبەر ئاو چاک ناکات، کارەبا چاک ناکات'. تۆ لە ناو شەڕدایت. لە دژی تۆ شەڕ هەیە، داگیرکەری هەیە، شەڕی کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوکردن و سڕینەوە هەیە، دەوڵەتی تورک هاتووەتە ناو خاک و وڵاتەکەت و تاڵانی  دەکات. ئەوەى تۆ بیکەیت، ئەوەیە پێویستە بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر بەم شێوەیە رەخنە بکەیت و بڵێیت، وەرە من بە رێکخستن بکە، وەرە من بەهێز بکە، وەرە ئێمە بە بەهێزی تێبکۆشین و بەرەنگاری بکەین و کۆتایی بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک وچەتەکانی دەوڵەتى تورک بهێنین.  بۆ ئەوە ئێمە چی بکەین، وەرە من ئامادە بکە. ئێمە ئاوەکە لە دەست دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دەربهێنین. ئێمە کارەبا لە ژێر دەستی دەوڵەتی تورک دەربهێنین. ئێمە باخچە و باخ و رەز، خاک و واری خۆمان لە ژێر دەستی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک دەربهێنین. ئێمە چی بکەین؟ تۆ بیر لەوە بکەرەوە. تۆ بەڕێوەبەری رابکێشە بۆ ناو بزواندن و هاندانێکی لەو شێوەیە، تۆ بەڕێوەبەری رابکێشە بۆ سەر فیکر و بیرێکى لەو شێوەیە. گەلەکەشمان رۆژەڤێکى هەڵە دروست دەکات. من رەخنەش لە گەل دەگرم و رەخنەش لە خۆبەڕێوەبەری دەگرم. رۆژەڤی رۆژئاوا بەپێی بۆچوونێکى دروست نییە. یانی هەڵەیەک هەیە. رۆژەڤی گەل رۆژەڤێکی هەڵەیە. داگیرکەری هەیە، دەوڵەتی تورک هاتووەتە بەر لوتیان، هەموو رۆژێک فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی ئیها و سیها تیرۆر و بۆردومان دەکەن. دوایین تیرۆریان لە قامیشلۆ ئەنجامدا. هەموو رۆژێک تیرۆر ئەنجام دەدەن و کۆمەڵکوژی دەکەن. دەبێت رۆژەڤی رۆژئاوا شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بێت. ئێمە لە دژی داگیرکەری چی بکەین، پێویستە ئەوە رۆژەڤ بێت. من ئەوانە بە گرنگ دەزانم.

هێرش دەکرێتە سەر کۆمەڵگەى مونزور، ئێوە دەیانەوێت لەوبارەیەوە چی بڵێن؟

ئەو هێرشە پارچەیەکە لە سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردنی دەوڵەتی تورک، کە لە دێرسیم بەڕێوەى دەبات. دەیەوێت، بەها، نرخ، باوەڕ، کولتور و کۆمەڵگەى دێرسیم بسڕێتەوە و پاکتاوی بکات. ئەوەى دەکرێت بەردەوامیدانە بە کوشتار و سڕینەوەی جینۆسایدی دێرسیم کە پێیان دەوت، تەرتەلەى دێرسیم. لەبەر ئەوە دەبێت گەلەکەمان بە تێکۆشانی بەهێزی خۆی وەڵامی هێرشانە بداتەوە.

ف.ق / ز.ش

****