بەشداریى کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییەکانى نەکردووە و لێکۆڵینەوەشی لەگەڵ کرا

سەرباری ئەوەى ئەحمەد ئایگیونى دەبەپەیى بەشداریى کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییەکانى نەکردووە، بەڵام بە تۆمەتى بەشداریکردن لە ٣ کۆنفڕانسى رۆژنامەنووسیدا لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.

سەرباری ئەوەى ئەحمەد ئایگیونى دەبەپەیى بەشداریى کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییەکانى نەکردووە، بەڵام بە تۆمەتى بەشداریکردن لە ٣ کۆنفڕانسى رۆژنامەنووسیدا لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.

ئەحمەد ئایگیون هاوسەرۆکى پێشووى دەبەپە لە شارى وان، کە ماوەیەکیش سەرۆکایەتیى (TUYAD-DER)یشی کردبوو، لە دواى ئەوەى سالێک لە زینداندا راگیرا ئازادکرا، بەڵام لێکۆڵینەکردن لەگەڵی بەردەوامیى هەیە. ئەمجارە لەسەر ئەو کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییانە لێکۆڵینەوەى لەگەل دەکرێت، کە بەشداریى تێدا نەکردوون.

لەو چوارچێوەیەدا سکاڵا لە دژى ئەحمەد ئایگیون تۆمارکرا و براوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى وان بۆ ئەوەى وتەى لێوەربگیرێت. لەوێ بە ئایگیونیان راگەیاندووە، لە شوباتی ٢٠١٧ لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکى هەدەپە چووە بۆ نسێبین و جزیر و سوور و بەشداریى کۆنفڕانسى رۆژنامەنووسى بووە. هەروەها پێیان راگەیاندووە، لەو لێدوانانەدا "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن" کراون و و لێشیان پرسیوە "بۆچی تۆ وتوتە 'هەدەپەییە براکانم؟'

 ئایگیون لەو بارەیەوە وتى، لەبەر کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسى و چەند لێدوانێک تۆمەتبارکراوم، کە بەشداریم تێدا نەکردوون، چونکە من لەو کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسیانەدا نەبووم و لەبەر ئەوە لەسەر بنەماى کۆنفرانسى رۆژنامەنووسیى وەهمی سکاڵام لەدژ تۆمارکراوە. ئایگیون وتیشى، وێنەى کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییەکانى تریان لە دژم کۆکردووەتەوە لە دۆسیەکەدا بەکاریان هێناوە و ئامانجیشیان ئەوەیە بە بەردەوامی لە نێوان ڕێڕەوەکانى دادگا و بنکە سەربازی و ئەمنییەکاندا هاتووچۆم پێبکەن.