بەهۆی بومەلەرزەوە لە پارێزگای ورمێ ٢ هەزار خانوو رووخاون

محەمەد فەرید لوتفی جێگری دەزگای ئیدارەدانى قەیرانەکان لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە دوو بومەلەرزەکەى دوێنێدا لە پارێزگای ورمێ تەنها لە شاری خۆی زیاتر لە هەزار خانوو زیانیان لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ لەسەد پێگەیشتوە.

محەمەد فەرید لوتفی جێگری دەزگای ئیدارەدانى قەیرانەکان لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە دوو بومەلەرزەکەى دوێنێدا لە پارێزگای ورمێ تەنها لە شاری خۆی زیاتر لە هەزار خانوو زیانیان لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ لەسەد پێگەیشتوە. راشگەیاند، دەبێت ٢ هەزار خێزان بە شێوەیى کاتی بەهۆی زیان بەرکەوتنى خانوەکانیان لە شوێنی تر نیشتەجێ بکرێن.

دوێنێ یەکشەممە ٤ی رەشەممە / ٢٣ی شوبات ٢ بومەلەرز بە گوڕی ٥.٧ پلە بە پێوەری رێختەر ناوچە سنووریەکانى نێوان پارێزگای وان لە باکووری کوردستان و ورمێ لە رۆژهەڵاتى کوردستان هەژاند.

بومەلەرزەی یەکەم لە کاتژمێر ٩:٢٣ی سەرلەبەیانیدا بە گوڕی ٥.٧ پلە بە پێوەری رێختەر روویدا. ناوەندەکەى نزیک ناوچەى قوتور لە قوڵایی ٦ کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا لە پارێزگای ورمێ و لە ٣١ کیلۆمەتریى شاری خۆی دا بووە.

بومەلەرزەی دووەمیش بە گوڕێ ٥.٧ پلە بە پێوەری رێختەر و لە کاتژمێر ١٩:٣٠ دا روویدا و ناوەندەکەى لە نزیک زەواراوا و ٢٥ کیلۆمەتریی خۆیدا و لە قوڕیی ٢٨ کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا بوو.

جگە لەو ٢ بومەلەرزە سەرەکییەش نزیکەى ٥٠ بومەلەرزەی بە دوادا هاتوو لە ناوچانە روویانداوەتەوە.

بەهۆی روودانی ئەو بومەلەرزانەوە نزیکەى ٢ هەزار خانووی گوندەکانى دەوورووبەری خۆی وێران بوون. ژمارەى بریندارەکانیش ٧٥ کەس راگەیاندراون و ژمارەیەکیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەى خۆی و بنکە تەندروستییەکانى ناوچەکە.

محەمەد فەرید لوتفی جێگری دەزگای ئیدارەدانى قەیرانەکان لە پارێزگاى ورمێ وتی، لە شاری خۆی نزیکەى هەزار خانوو لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ لە سەد زیانیان پێگەیشتوە.

وتیشی، دەبێت ٢ هەزار خێزان بە شێوەى کاتی و بەهۆی رووخانی خانوەکانیانەوە، کە شیاو نین بۆ ژیان لە شوێنى تر نیشەجێ بکرێن.

ئەو بومەلەرزانە بوونەتە هۆی بڕینی تۆڕی کارەبای دەیان گوند. هەروەها تۆڕەکانى تەلەفون و ئینتەرنێتش پچڕاون.

بەهۆی سەرمای زۆر و ئەو بەفرەى لەو ناوچەیەدا باریوە، بومەلەرزە لێدراوەکان ژیان لە مەترسیدایە.

هاووڵاتییان پێویستیان بە چادر، بەتانی و هۆیەکانى گەرمکردنەوە هەیە و سەرباری ئەوەى ٢ هەزار خێزان پێویستیان بە شوێنى نیشتەجێبوون هەیە، بەڵام تەنها ٨٧٥ چادر گەیندراوەتە ئەو ناوچەیە و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی رابردوو پلەى گەرمان بۆ ٩ی ژێر سفر دابەزیبوو.

ئەو بومەلەرزانە لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بوونە هۆی گیان لەدەستدانى ٩ هاووڵاتیی و برینداربوونی ژمارەیەکى تر لە هاووڵاتییان.

ژ.ت