بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی بە بۆنەی ٢٩مین ساڵیادی ڕاپەرینە مەزنەکەی رانیه‌

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە بۆنەی ٢٩مین ساڵیادی راپەرینە مەزنەکەی رانیە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستاندا هاتووە:

لەکاتێکدا یادی ٢٩ساڵەی راپەرینی ٥ی ئازاری ١٩٩١ی باشوری کوردستان دەکەینەوە کە لە دەروازەی راپەرین لەشاری ڕانیەوە بڵێسەیدا و هەموو باشووری کوردستانی گرتەوە لەماوەیەکی کورتدا دەسەڵاتی دیکتاتۆری و ڕەشەکوژی بەعسی راماڵی و داموو دەزگا سەرکوتكەرە ئەمنی و سەربازیەکانی ئەو رژێمە داپڵۆسێنەرە لەلایەن گەلەوە دەستیان بەسەرداگیرا و لەناو چوون، ئەو سەرکەوتنە بۆ گەلی کورد وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە گۆرانکاری و دەرفەتی مەزن و بایەخداری بەدوای خۆی داهێنا، بێگومان رژێمەکەی سەدام لە شەری کەنداودا بەتەواوی گۆشه‌گیر و گەمارۆ دراوبوو، لەلایەن هێزی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا بەهۆی سیاسەتە شەرنگێزیەکانی رووبەڕووی شکست و داروخانێکی گەورەی سەربازی و ئابووری ببۆوە ئەوەش بوە هۆی رەخساندنی دەرفەتێکی مێژوویی بۆ رزگاربوونی گەلی کورد لەستەم و زۆرداری و کۆمەڵکوژی و سیاسەتی شۆڤینیزمانەی رژێمی دکتاتۆری بەعس کە بۆماوەی ٣٥ ساڵ بوو بە کوشتن و لەسێدارەدان و ڕاگواستن و تەعریب و کۆمەڵکوژکردن بە دڕندانەترین شێوە خۆی بەسەر گەلی کورد و گەلانی عێراقدا سەپاندبوو.

 راپەرین سەرەتای قۆناغێکی نوێی هێنایە کایەوە لە تێکۆشانی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورددا زەمینەی دەرەکی و ناوخۆیی گونجاوی ره‌خساند بۆ سەرخستن و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد، مەخابن جۆش وخرۆشی ئەو سەرکەوتنانەی گەل هەر زوو کەوتە بەر زەبری دەسەڵاتخوازی و تاڵانکاری و دابەشکاری ناوچەگەری حیزبە دەست رۆیشتوەکان و لەسەر حسابی رەنجی گەل و خوێنی شەهیدەکان مۆڵبوون، ئیدی ساڵ لە دوای ساڵ دەسکەوتەکانی راپەرینیان لەباربرد و گەلیان لەئامانجەکانی دوورخستەوە  زۆری نەخایاند ڕێبەرایەتی راپەرین لەدەستی گەل دەرخرا و کەوتە دەستی ئەو حیزب و کەسانەی کە لەشاخەکانی کوردستانیش مێژوویەکی پر لە شەرو یەکترکوشتن و راوەدونانی یەکتریدا هەبوو ، کورە ئازاو فیداکارەکانیان دەکردنە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان، ئەوە بوو هەرزوو لەبەر هەڵپەیان بۆ دەسەڵات کەوتنە ململانیی یەکتری و تاڵانکردنی سامانی گشتی و راکێشانی هێزی داگیرکەران بۆ سەرخاکی کورردستان و دەرئەنجام شەری ناوەخۆ و شەری شۆرشگێران و تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشی بەدواداهات.

لەئێستاشدا دوای چەندین ساڵ لەحوکمرانی و هاتنە کایەیی رووداو و گۆرانکاری کاریگەر لەناوچەکەدا تا دەگاتە رۆژی ئەمرۆ باشوری کوردستان نەبۆتە خاوەن دامەزراوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی کە جێی باوەری گەل بێت، دامەزراوەی پەرلەمان پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراتیانە بەهۆی ناپاکی و دەستتێوەردانی حیزبی بێ رۆڵ کراون، دەسه‌ڵاتدارانی باشوری کوردستان بە پێچەوانەی ئامانجەکانی راپەرین بە سیاسەتێکی نادیموکراتی و وابەستە بەداگیرکەران بەردەوامیان بە قۆرخکاری دەسەڵات و گەندەڵی و تاڵانی سامانی گشتیدا و بە شێوازی توند و تیژ و نادیموکراتیانە رووبەرووی نارەزایەتی و داخوازییەکانی کۆمەڵگا بووونەوە، ئەوعەقڵیەتە دەسەڵاتدار و بەرژەوەندیخوازە، باشوری کوردستانی رووبەروی بێ هیوایی و قەدەری نادیار کردۆتەوە، رووداوە لەبیرنەکراوەکانی شەری ناوخۆ و پێش سوپای داگیرکەران کەوتن و جێهێشتنی ئێزیدیەکان بە بێ پاراستن بۆ درندەکان و کۆمەڵکوژکردنیان لەلایەن داعشەوە، بەهەدەردانی خوێنی هەزاران پێشمەرگەی شەهید و لەدەستدانی کەرکوک و نیوەی خاکی کوردستان و ئاواڵاکردنی سنوورەکان بەرووی سوپای داگیرکەران  و تەراتێنی ئازادانە بۆ دەزگا سیخوری وهەواڵگریەکان، لەو لاشەوە پەرەگرتن بڵاوبوونەوەی مەترسیداری مادەی هۆشبەر لەناو گەنجان وبێکاری هەژاری و دەیان دەردی تر بەرۆکی خەڵکی گرتووە بووەتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگاو و دابرینی تاک و کۆمەڵگا لە بەهاو رەنج وکلتوری رەسەنی خۆی.

لەم بۆنە مێژوویەدا کە لەئەنجامی یەکگرتووی هێزو ئیرادەی گەلدا راپەرینی تیادا سەرکەوت بەردەوام ئەو روحیەتەی تیادا زیندووە، سەلمێنەری ئەوەیە گەلی باشوری کوردستان دەست بەرداری ئەو راپەرینە نەبووە و نابێت هەڵوێستە نەتەوەیی و پشتیوانیەکانی لە خۆڕاگری رۆژئاوای کوردستان لە بەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و تیرۆرستە هاوپەیمانەکانی و راپەرینی شیلادزیێ دژی داگیرکاری سوپای تورک و چالاکیە جەماوەری دیموکراتیەکان لە باشوری کوردستان بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ و پشتیوانی لە هێزی گەریلا و بانگەوازیەکانی بۆ یەکێتی نەتەوەیی نارەزایەتیە بەردەوامەکانی بۆ ئازادی ودادپەروەری سەرچاوەکەی ووزە و رۆحیەتی یەکگرتوانەی راپەینە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئەو گەلە هێز و توانای ئەوەی هەیە رووبەرووی کیشە و قەیرانەکان ببێتەوە و سەرکەوتنیش مسۆگەر بکات، بۆیە وەک تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پابەندبوونی خۆمان بە رۆحی شەهیدانی راپەرین و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان رادەگەیەنین لەسەر رێباز و ئامانجی ئەوان درێژە بەتێکۆشان ئەدەیین لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و ژنان و گەنجان، کەسانی ئازادیخواز دەکەین بە رۆحیەتی راپەرینێکی نەتەوەیی و دیموکراتیانەوە خۆیان لە ئەنجومەنەکانی گەل و گروپ و دەستەکاندا رێک بخەن و بە رێبازو هزرێکی نوێوە پەرە بە تێکۆشانی دێموکراتیانە بدەن مسۆگەرە سەرکەوتن بەدوای خۆیدا دێنێت گەلی ئێمەش هەر شایەنی سەرفرازی و سەرکەوتنه‌ .

نەمری بۆ شەهیدانی راپەرین و سەرجەم گیان بەختکردووانی رێگای ئازادی سەرکەوتوو بێت خەباتی دیموکراتیانە و ئازدی خوازانەی گەلی کورد.

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٥/٣/٢٠٢٠

ز.ش