تاڤگەى بێگرێ-یان شێواند
پارێزگارى دەوڵەتى تورکیا لە وان و قائیمقامی بێگرێ گوێیان لە هۆشدارییەکان لەبارەى تاڵانکردنى تاڤگەى بێگرێ-وە نەگرت و ئێستا ئەو تاڤگە جوانە، جوانییەکەى بە دەستى بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا تێکدراوە.
پارێزگارى دەوڵەتى تورکیا لە وان و قائیمقامی بێگرێ گوێیان لە هۆشدارییەکان لەبارەى تاڵانکردنى تاڤگەى بێگرێ-وە نەگرت و ئێستا ئەو تاڤگە جوانە، جوانییەکەى بە دەستى بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا تێکدراوە.
تاڤگەى بێگرێ بەرزییەکەى ٢٠ مەترە و بە جوانییەکەى لە وەرزەکانى ساڵدا بە تایبەتى لە وەرزەکانی هاوین و زستاندا بۆ هەموو کەس سەرنجڕاکێشە. جوانیى ئەو تاڤگەیە لەلایەن بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیاوە تێکدرا.
لە ماوەی ٢ مانگدا رووبەری ٧٥ دۆنم زەویى دەورووبەری تاڤگەکە چۆڵکرا و بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا بۆ کاری بیناسازیى پرۆژە بازرگانییەکەیان کۆنکرێت و چیمەنتۆیان تێڕژاند.
بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا دەیانەوێت کاری کۆنکرێت و چیمەنتۆ تێڕژاندنى دەورووبەرى تاڤگەکە تاوەکو رۆژی ٢٩ی تشرینى یەکەم، کە رۆژی دامەزراندنى کۆماری تورکیایە تەواو بکەن.
کاری تأڵانکردن و تێکدانى تاڤگەى بێگرێ لەلایەن شارەوانیى بێگرێ و پارێزگارێ وانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەو دوو دامودەزگایەى دەوڵەتى تورکیا ٣ مانگ لەوە پێش بڕیاریاندا ناوچەکانى دەورووبەری تاڤگەکە بە کۆنکرێت و چیمەنتۆ دابپۆشن تاوەکو کافتریا و شوێنى پیاسەکردن و قاڵدرمەی تیادا دروست بکەن.
سەحەر قادر ئۆغڵو ئاتەش هاوسەرۆکی کۆمەڵەى ئیکۆلۆژیى میزۆپۆتامیا لە وان رایگەیاند، بەرپرسان گوێیان لە هیچ یەک لە هۆشدارییەکان نەگرت و بەردەوامن لە تاڵانکردن و تێکدانی تاڤگەى بێگرێ.
ئاتەش راشیگەیاند "ئەو شوێنە سروشتییە کە ماوەى ٢٠٠ ساڵە هەیە و هاووڵاتییان و گەشتیاران لە جوانییەکەى و سروشتە جوانەکەى سوودمەند دەبوون. ئێستا بە قسەى خۆیان دەیانەوێت بە کۆنکرێت و چیمەنتۆ و ئاسن بیپارێزن، ئەو کارە تەنها بۆ رانت و خواردنى پارەى ژێربەژێرە نەک پاراستنى ئەو ژینگە جوانەى ناوچەکە، چونکە هەر ئەو کارەیان دەبێتە هۆی تێکدان و شێواندنى جوانیى ئەو ژینگە جوان و سروشتییەى ناوچەکە".
سەحەر قادر ئۆغڵو ئاتەش ئەوەشى وت "سەرباری ئەوەى لە رێگەى تەندەرەوە پارەیان لەو پرۆژەیە دەستکەوتووە، بەڵام زیانى زۆریان بە سروشتی تاڤگەکە و دەورووبەری گەیاندووە. بیرە کۆن و دێرینەکانیان پڕکردووەتەوە، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە تاڤگەى بێگرێ و جوانییەکەى سروشتى ئەو ناوچەیە بکات".
ر.م