تورکیا سزای دیسیپلینى بەسەر لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری مانگرتووی هەدەپەدا سەپاند
بەرپرسانى زیندانى ئامەد سزای دیسپلینیان بەسەر لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ دا سەپاند، کە لە زیندانى ئامەد ماوەی ١٤ رۆژە لە مانگرتندایە.
بەرپرسانى زیندانى ئامەد سزای دیسپلینیان بەسەر لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ دا سەپاند، کە لە زیندانى ئامەد ماوەی ١٤ رۆژە لە مانگرتندایە.
لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ١٤ رۆژە لە زیندانى جۆری ئیى ئامەد دەستی بە مانگرتنی بێسنوور کردووە.
دواى ئەوەى گیوڤەن دەستى بە چالاکییەکەى کرد بەرپرسانى زیندانى جۆری ئیى ئامەد دەستیان بە لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیدا کرد و لەبریى جێبەجێکردنى داواکەى سزاى دیسیپلینیان بەسەردا سەپاند.
بەرپرسانى زیندان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا داوایان لە گیوڤەن کردبوو بەرگری لە خۆی بکات، گیوڤەنیش لە بەرگرییەکەیدا ئەوەى بە یادهێنابوونەوە، کە ئۆجالان هەوڵ دەدات قورسترین کێشەی ئەم وڵاتە، کە کێشەى کوردە لە رێگەى دیموکراسییانە و ئاشتییانەوە چارەسەر بکات، بەڵام ئێوە ماوەیەکى دوور و درێژە سزاى گۆشەگیرکردنتان بە سەریدا سەپاندووە.
گیوڤەن ئەوەشی راگەیاندبوو، ئەوە سزایەى ئێوە دەبێتە هۆی قورستربوونی شەڕ و هەلومەرجی ژیانى هاوبەشی گەلان تەنگاو دەکات.
گیوڤەن راشیگەیاندبوو "من پەرلەمانتارێکم و لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوم. بۆ ئەوەى داکۆکی لە ئاشتیى کۆمەڵایەتى بکەم و بەرپرسیارێتییەکەم جێبەجێ بکەم، بۆ ئەوەى گۆشەگیریى سەر ئۆجالان نەمێنێت و هەلومەرجی کۆتایهاتن بە شەڕ بئافرێنرێت دەبێت ئۆجالان بتوانێت چاوی بە بنەماڵەکەى و پارێزەرەکانى بکەوێت. من پەرلەمانتاری گەلم و قسەم لەسەر ئەو بابەتانە کردووە و بە ئیرادەى ئازادی خۆم دەستم بە مانگرتن کردووە. بە بڕوای من ئەوە ئەرکێکى مرۆیى و ئەخلاقییە. هەروەها دەمەوێت بڵێم، چالاکییەکەم زیانی بۆ ئیدارەى زیندانەکە و راى گشتى نابێت و چالاکییەکەم تاوان نییە".
سزای دیسیپلینى بەسەردا سەپێنرا
بەرپرسانى زیندانەکەش ئیدعایان کردبوو "لە رێگەى مانگرتنەوە ئاسایش و ئارامیى زیندان لاواز دەکەیت" و بۆ ئەوەش سزای دیسیپلینیان بەسەردا سەپاند و بەپێى سزاکە لە مانگێک بۆ ٣ مانگ ناتوانێت بەشداریى چالاکییەکان بکات، بەڵام لەبەر ئەوەى پێشتریش سزاى لەو جۆرە بەسەر لەیلا گیوڤەن دا سەپێنرابوو ئەمجارە "سزاکەى بڕینى مووچەى مانگێکى کارەکەى دەبێت و لە مووچەکەى بێبەش دەکرێت".
ر.م