تیرۆری دەوڵەت لە دیلۆک؛ ٩ کەس زیندانیکران

لەو ٢٩ کەسە، کە لە رۆژی ١٤ی تەممووزدا دەستگیرکرابوون، لەلایەن دادگای دەوڵەتى تورکەوە بڕیاری زیندانیکردن بەسەر ٩ کەسیاندا سەپێنرا.

رژێمی ئاکەپە – مەهەپە بە فەرمانی داواکاری گشتیی کۆماریی دیلۆک لە رۆژی ١٤ی تەممووزدا لە دژی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) و پارتی دیموکراتیی هەرێمەکان (دەبەپە) و حیزبی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی سۆسیالیست (SYKP) دەستی بە ئۆپراسیۆن کردبوو.

لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا موسا ئایدن هاوسەرۆکی هەدەپە لە دیلۆک و ٢٨ کەسی تر دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵ ١٤ کەسیان بە ڕێوەبەرایەتیی ئاسایش کۆتایی پێھات و رەوانەى دادگا کران.

ئەو کەسانەى رەوانەى دادگا کراوان بریتین لە: موسا ئایدن هاوسەرۆکی هەدەپەى دیلۆک، ئیبراهیم داغ هاسەرۆکی هەدەپە لە ناوچەى شەهید کامیل، یوسف ئەیەم هاوسەرۆکی ناوچەى ئیسڵاحییە، بەڕێوەبەرانی شارەکە حەسەن ساران و عەبدوڵا ئاجار، عەتییە ئۆکای هاوسەرۆکی پێشووی شار، یەلیز یڵما بەڕێوەبەری پێشووی شار و هاوسەرۆکی پێشی دەبەپە لە دیلۆک حەبیبە تیشکایا، بەڕێوەبەری شار سەڤینچ سەلجوق، خورشید بەسلە، عەبدولموتەلیب کلچ و عومەر سونگیور، ئەنوەر ئۆزمەن و پارێزەر عەدنان ئەرۆڵ.

ئەو کەسانە بەهۆی کاری پێشوویانەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداردا و بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکاندا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن"دا تاوانبار کراون.

هاوسەرۆکی هەدەپە لە دیلۆک موسا ئایدن، عەدنان ئەرۆڵ، خورشید بەسلە، عەبدوڵا ئاجار، ئەنوەر ئۆزمان، سەڤینچ سەلجوق، عومەر سونگیور، ئیبراهیم داغ و حەسەن ساران لەلایەن دادگاوە سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا.

٥ کەسەکەى تریش بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا و مانەوەیان لە ماڵەوە و نەچوونە دەرەوە لە ماڵەکانیاندا ئازاد کران.

چاوەڕێ دەکرێت کەسە دەستگیرکراوەکانى تر ئەمڕۆ رەوانەى دادگا بکرێن.

ژ.ت