تەرمی گەریلا دەمیر شەهیدی هەپەگە دوای ٤٩ رۆژ  بەخاک سپێردرا

 بنەماڵەی ئەندامی هەپەگە محەمەد ئەمین دەمیر (دەنیز ئاگرباز) کە لە ١١ی ئابی ٢٠١٩/٢٠ی گەلاوێژدا شەهید بوو بوو، دوای ٤٩ ڕۆژ تەرمی کوڕەکەیان وەرگرتەوە و شەوی ڕابردوو لە بسمل-ی ئامەد بەخاکیان سپارد.

محەمەد ئەمین دەمیر ناسراو بە دەنیز ئاگرباز، ئەندامی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە - HPG) خەڵکی ناوچەی بسمل-ی ئامەدە. لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداری نێو ڕیزەکانی پەکەکە بوو و لە ١١ی ئابی ٢٠١٩/٢٠ی گەلاوێژ لە گەڤەر-ی جۆلەمێرگ لە شەڕدا شەهید بوو.

 دواتر بنەماڵەکەی لە ١٨ی ئاب / ٢٧ی گەلاوێژ زانیارییان وەرگرت، کە کوڕەکەیان شەهید بووە و لە ٢١ی ئاب / ٣٠ گەلاوێژ چوونە گەڤەر و جۆلەمێرگ و لە ساردخانەی نەخۆشخانە تەرمەکەیان ناسییەوە. بنەماڵەکەی لە ٢١ی ئاب سەردانی داواکاری گشتیی کۆمارییان لە جۆلەمێرگ کرد و بۆ پشکنینی پزیشکی خوێنیان لێ وەرگیرابوو.

 بنەماڵەکە دوای ٤٩ ڕۆژ لە ڕۆژی ٢٨ی ئەیلول / ٦ی ڕەزبەر دیسان سەردانی داواکاری گشتییان کرد و تەرمەکەیان لە نەخۆشخانەی جۆلەمێرگ وەرگرتەوە و بردیانەوە بۆ بسمل-ی ئامەد. بنەماڵەکە باسیان لەوەکرد، لە ڕێگە لە کاتی رۆیشتنەوەیان بۆ زێدی خۆیان بەبیانووی پشکنینی پزیشکییەوە ڕووبەڕووی ڕێگریی سەرباز و پۆلیس بوونەتەوە. بنەماڵەی ئەو شەهیدەى هەپەگە شەوی ڕابردوو و لە نیوەشەودا، بە بەشداریی جەماوەر تەرمەکەیان لە گۆڕستانی گەڕەکی ئاکپنار بەخاک سپارد. کاتی بەشداربوونی خەڵک، پۆلیس گۆڕستانەکەی گەمارۆ دا و ئەوانەی بەشداری مەراسیمەکە بوون کۆنترۆڵ و پشکنینی ناسنامە و زانیاریى گشتییان (GBT) بۆ کرا و دواتر تێپەڕێنران.

 ڕێگەیان نەدا بنەماڵەکە چادری پرسە دانێن

بنەماڵەکە دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو تەرمەکەیان بەخاکسپارد، ویستیان لە گەڕەکەکەیان چادری پرسە دابنێن، بەڵام پۆلیس ڕێگەی بە بنەماڵە نەدا چادری پرسە دانێن و ئەوانیش لە ماڵی خۆیاندا پرسەیان دانا. پرسەکە لە ماڵی باوکی محەمەد ئەمین سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ژ.ت