تەندروستی کەرکوک: ١٥کەس کەرەنتینەیان بەجێهێشت

بەرێوبەرایەتی تەندروستی کەرکوک ڕایگەیاند، ١٥ کەس دوای دوو هەفتە مانەوەیان لە کەرنتینە، پشکنینەکانیان نیگەتیف دەرچوو و دەگەڕێنەوە بۆ مالەکانیان.

 

ئەمرۆ لە نەخۆشخانەی کەرەنتینە لە ناوچەی کەیوان لە شاری کەرکوک، لەلایەن تەندروستی کەرکوکەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدرا کە تییدا باس لە دوایین گۆرانکارییەکان کرا سەبارەت بەو کەسانەی گومانی تووشبوونی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێدەکرا و کەرەنتینە کرابوون.

دکتۆر کەریم وەلی بەڕیوەبەری تەندروستی کەرکوک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند: "لە ئێستادا یەک نەخۆشمان هەیە کە هەڵگری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ئەو نەخۆشەش لە نەخۆشخانەی گەرەکی پیشەسازی کەرکوک کەرەنتینە کراوە و هەرەوەها ٢ گومان لێکراو هەیە تا ئیستا دیار نیە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن یان نا، ئەو دوو گومان لێکراوە یەکێکیان لە نەخۆشخانەی ئازادییە، ئەوەی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوکە."

هەروەها دکتۆر کەریم وەلی بەرێوەبەری تەندروستی کەرکوک، دەربارەی ئەو کەسانەی ئەمرۆ کەرەنتینەیان بەجێهێشتووە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە لە نەخۆشخانەی کەرەنتینەین لە ناوچەی کەیوان کە لەم نەخۆشخانەیە ١٧کەس هەبوون، کە گومان دەکرا هەڵگری ڤایرۆسەکە بن، بەڵام ١٥ کەسیان دوای دوو هەفتە لە پشکنین ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتف دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسەکە نین و دەگەرێنەوە بۆ ناو خێزانەکانیان، لە ئیستاشدا تەنها دوو کەس ماون لە ژێر پشکنین بۆ ئەوەی بزانین هەڵگری ڤایرۆسەکەن یان نا."

هەروەها دکتۆر کەریم وەلی ڕایگەیاند: " چوار کەسمان هەیە ماوەی ١٤ رۆژە لەماڵ کەرەنتینە کراون، ئەمرۆش تیمە پزیشکیەکان سەردانیان دەکەنەوە بۆ ئەوەی پشکنیان بۆ بکەن تا بزانن نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان هەیە یان نا، ئەمرۆ پشکنینی ئەو خیزانە چوار کەسییەش دەردەکەوێ کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن یان نا."

هەرەوەها دەربارەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ، دکتۆر کەریم وەلی وتی: "داوا لە هێزە ئەمنیەکان دەکەین رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆکردن توندتر بکەنەوە، چونکە ئەوە تەنها رێگایە بۆ خۆپاراستن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە."

هەروەها دەربارەی ئەو ئاستەنگیانەی رووبەرووی تیمە پزیشکیەکان بوونەتەوە لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ، دکتۆر کەریم وەلی ڕایگەیاند:"بەداخەوە دوێنێ بەهۆی قەدەغەکردنی هاتووچۆ کردن بەشێک لە ئەندامانی تەندروستی کەرکوک کێشەیان بۆ دەرکەوت، لەو بازگانەی لەناو شاری کەرکوک داندراون بۆ چاودێری قەدەغەی هاتووچۆ کردن، هەر ئەندامێکی تەندروستی کەرکوک ناسنامەی تەندروستی پێ بێت نابێت رێگری لێبکرێت، چونکە تەواوی فەرمانبەرانمان دەوام دەکەن و بڕیاڕی قەدەغەی هاتووچۆ، فەرامانبەرانی بەشی تەندروستی ناگرێتەوە."

لە کۆتاییدا دکتۆر کەریم وەلی وتی: "ئێمە وەکو تەندروستی کەرکوک داوا لە هاووڵاتیانی شارەکە دەکەین کە پابەند بن بە قەدەغەی هاتووچۆ کردن، چونکە ئەوە تەنها ریگایە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

ز.ش