تەڤگەری ئازادی لە دوای نەورۆزی قەندیل لە کەرکوک نەورۆز پیرۆز دەکات

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە دوای نەورۆزی قەندیل لە ٢٣ی ئادار لە شاری کەرکوک نەورۆز پیرۆز دەکات.

رێحان حەمید هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە هەموو گەلی کورد دەکەم لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە تایبەتی لە شاری کەرکوکی خۆڕاگر، ئێمە وەکو کۆمیتەی ئامادەکاریی ئاهەنگی نەورۆز لە باشووری کوردستان و کەرکوک هەستاوین بە ئامادەکاری بۆ سازدانی ئاهەنگێکی جەماوەری لە سەیرانگەی شیوەسوور لە شارۆچکەی تەق تەق لە رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە".

رێحان حەمید وتیشی "بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە داواکارین لە جەماوەری کەرکوک بە هەموو چین و توێژەکانەوە ئەم جەژنە پێکەوە پیرۆز بکەین و بتوانین ئەم ئاهەنگە بکەینە کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکانی شاری کەرکوک".

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک ئەوەشی وت: "نەورۆز تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە بۆ ئێمەی کورد بە تایبەتی کوردانی کەرکوک، چونکە ڕاپەرینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ لە نەورۆزدا بوو، بۆیە لێرەوە داواکارم لە تەواوی گەڵی کورد و تەواوی گەلانی تر بەشداری ئەم ئاهەنگە بن تا بتوانین ئاهەنگێکی رازاوە پێشکەش بکەین بە تایبەتی بۆ ژنان و گەنجانی شاری کەرکوک و پێکەوە ئەم ئاهەنگە پیرۆز بکەین".

ر.م