تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لێدوانێکی بڵاو کردەوە

ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لە کەرکوک لە ساڵڕۆژی كۆمەڵكوژی و کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید دا لێدوانیکی بڵاو کردەوە.

ئەمرۆ دووشەممە ١٦ی ئادار لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە شاری کەرکوک ئەنجوومەنی هەرێمی كەركوكی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان لێدوانێکی بڵاو کردەوە.

لێدوانەکەی تەڤگەری ئازادی لە لایەن هاوسەرۆکی تەڤگەری کەرکوک کۆمەل سەرمەد خوێندرایەوە، کە تیدا هاتبوو: "لە کەسایەتی شەهیدانی هەڵەبجەدا تەواوی شەهیدانی كوردستان بە بیردێنینەوە و ڕژێمە داگیركەر و بكوژەكانی گەلی كوردیش بە توندی شەرمەزار دەكەین. بەر لە 31 ساڵ و لە 16ی ئازاری 1988 ڕژێمی بەعسی فاشست بە چەكی كۆمەڵكوژی كیمیایی گەورەترین كۆمەڵكوژی دژ بە خەڵكی بیتاوانی هەڵەبجە ئەنجامدا ، لە ئاكامدا زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و ژن و پیر لە چەند ساتێكدا ژیانیان لێ سەندرایەوە و بە هەزارانیش بریندار بوو."

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد وتی : "بوردومانکردنی هەڵەبجە یەكێكە لەو زنجیرە تاوانانەی ڕژێمی بەعس دژ بە گەلەكەمان لە باشوری كوردستان ئەنجامی داوە ، لە مێژوودا چەندین جار گەلەكەمان دووچاری كۆمەڵكوژی بووەتەوە بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە لە سەر خاك و نیشتمانی خۆیان بێتاوان لە ژیان بێبەش دەكران و دووچاری قورسترین ئەشكەنجە و زیندان و جینوساید دەبوونەوە تەنها لەبەر ئەوەی كە كورد بوون."

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد وتی : "كۆمەڵكوژی هەڵەبجە بەرهەمی ئەقڵیەتی دەسەڵاتخوازی و نەتەوە پەرەستی دەوڵەت نەتەوەییە، كە لە پێناو هێشتنەوەی نەتەوەیەك و كردنی بە ناسنامەی دەوڵەت، ڕێگە بە پاكتاوكردن و لەناوبردنی نەتەوەكانی تر دەدات هەر بۆیە ئەم ئەقڵێەتە تاوەكو ئێستاش لە ژێر ناوی ناسوێنالیستی نەتەوە و ناسوێنالیستی ئاین و مەزهەبی بەردەوامە، لە ئەنجامی درێژەدان و بەردەوامی بەو عەقڵیەتە كۆمەڵكوژی شەنگال و جزیرە و سوری ئامەد و داگیركردنی عەفرینی بەدوای خۆیدا هێنا ، ئێستاش لە كەركوك بە هەمان عەقلێتی نەتەوە پەرەستییەوە هەوڵی پەراوێزخستنی گەلی كورد دەدرێت، هەوڵی تێكداتی پێكەوەژیانی گەلانی كەركوك دەدرێت كە مێژوویەكی هەزاران ساڵەی هەیە،  بۆیە دەتوانین بڵین كە جێنۆسایت و كۆمەڵكوژی گەلی كورد لە هەڵەبجەوە تاوەكو ئێستاش لە ژێر ناوی جیاجیادا لە سەر گەلەكەمان بەردەوامە لە هەر چوار پارچەی كوردستان."

ز.ش