تەڤگەری ئازادی پڕۆژەیەکی دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی باشووری کوردستان و عێراق خسته‌ڕوو

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، پرۆژەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی باشووری کوردستان و عێراق خستەڕوو.

ئەمڕۆ لە ھۆڵی ئەکوا پارکی شاری سلێمانی ئاھەنگی پیرۆزبایی چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو. لە میانەی ئاھەنگەکەدا ته‌ڤگه‌ری ئازادی پڕۆژەیەکی خستەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی  باشووری کوردستان و عێراق.

لە پڕۆژەکەی تەڤگەری ئازادیدا ھاتووە: «گەلی کوردیش وەک گەلێکی ژێردەستە زۆرترین قوربانی به‌ركه‌وتووه‌ و وەڵاتەکەشی تا دێت زیاتر دەبێتە مەیدانی یەکلاکەرەوە بۆ ململانێی زلھێزەکان. ھەموو داگیرکارانی ناوچەکە و ھێزە ھەژموونگەرا جیھانییەکانیش دەخوازن کورد لەم ئاڵوگۆرانەدا وەک سەدەکانی ڕابردوو تەنھا یارییەکانی لەسەر بەرێوەبچێت و نەبێتە کاراکتەر.»

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بنەمای ھەموو کێشەکانی باشوری کوردستان و عێراق بۆ «دیموکراتی نەبوون» دەگێڕێتەوە. پێی وایە کە ھەموو کێشەکان تەنیا بە عەقڵیەت، سیاسەت و سیستەمێکی دیموکراتیک چارەسەر دەبن.

دەقی پرۆژەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان:

چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

بکەینە چارەسەری دیموکراتیانەی قەیرانەکانی باشوری کوردستان و ئێراق

بەبۆنەی چوارەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان کە لە کات‌و ساڵێکی قەیراناوی، شەڕێکی دژوار‌و بارودۆخێکی ناڵەبار لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری ‌و پاراستنیدا دامەزرا، بەتایبەتیش لە کاتێکدا کە قورسترین شەڕ،  کە شەڕ ‌و ھێرشەکانی ھێزی تیرۆریستی جیھانی داعش بوو وەک بەدیلێک خۆی راگەیاند‌و تا ئەمڕۆ شان بەشانی بەرەی خەڵک ‌و کەسانی خاوەن ھەڵوێست لە ناو تێکۆشانێکی بێ وچانی دیموکراستی دایە. پیرۆزترین پیرۆزبایی لە خۆمان‌و تەواوی ئەندامان‌و لایەنگران‌و دۆستان دەکەین.

لە بەرواری ١٧ ـ ١٠ ـ ٢٠١٤ کە خۆمان راگەیاند وەک تەڤگەری ئازدی، لەگەڵ ھەموو ئەو زەخت‌و فشار‌و ئاستەنگیانەی رووبەروومان بۆتەوەو دەبێتەوە، لە تێکۆشانی دیموکراتی‌و نەتەوەییانەی خۆمان بەردەوامین‌و بەردەوام دەبین، ئەو پرۆژەیەی کە بەم بۆنەیەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین درێژە پێدەری ئەو تێکۆشانەمانەو دووپاتی دەکەینەوە لەسەر ھێڵی تێکۆشانی دیموکراتیانەو نەتەوەیی بەردەوام دەبین.

لەگەڵ ئەوەی کە تەڤگەرەکەمان لە کاتێکی قەیراناوی‌و قۆناخی ھێرش گەلێکی دژوار بۆ سەر گەلەکەمان دامەزراوەو رووبەرووی ھەموو ئاستەنگیەکان بووینەتەوە، بەڵام وێرای ھەموو ئەوانەیش بێ کەموکورتی نەبووین، بەم ھۆیەشەوە لە بەرامبەر ھەموو لاوازیەکانمان بەرامبەر بە گەلەکەمان رەخنەداینی خۆمان دەدەین‌و بەڵێن دەدەین لە داھاتوودا لاوازیەکانمان دەست لەناو دەستی ئێوە تێبپەرێنین. 

رۆژ بە رۆژ قەیران و ململانێ و شەڕ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی پەرەدەسێنێت، ئەم جەنگە کە سێھەمین جەنگی جیھانە لە ئەنجامی زھنیەتی ھەژمونگەرایی زلھێزانی جیھانی و دەوڵەتە پەرژەوەندی پەرست و دەسەڵاتخوازەکانی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت کە دەیانەوێ جارێکی تر ناوچەکە و جیھان بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دیزاین بکەنەوە، لە ئەنجامی ئەم جەنگە سەپێنراوەدا تا ئێستا سەدان ھەزار خەڵکی بێتاوان بونەتە قوربانی، گەلی کوردیش وەک گەلێکی ژێردەستە زۆرترین قوربانی بەردەکەوێت و وڵاتەکەشی تا دێت زیاتر دەبێتە مەیدانی یەکلاکەرەوە بۆ ململانێی زلھێزەکان، ھەموو داگیرکارانی ناوچەکە و ھێزە ھەژموونگەرا جیھانیەکانیش دەخوازن کورد لەم ئاڵوگۆرانەدا وەک سەدەکانی ڕابردوو تەنھا یاریەکانی لەسەر بەرێوەبچێت و نەبێتە کاراکتەر. 

لەم ٢٧ ساڵەی حوکمڕانیدا لە  دوای راپەرینە مەزنەکەوە تا دەگاتە روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و دواتریش لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعشدا کە پێشمەرگە ‌و گەریلا توانیان رۆڵَیکی سەرەکی بگێڕن لە ڕوبەڕوبونەوەیاندا، ئەم دەرفەتانە و چەندین دەرفەتی تر کە بە تێکۆشانێکی بێوچانی گەلەکەمان و قوربانیدانی مەزن و خوێنی ھەزاران شەھید بەرھەمھات لەدەستدران. تەنھا شتێک کە دەسەڵاتدارانی باشوور بۆیان گرنگ بوو پاوانخوازی ھێزە دەسەڵاتدارەکان و بەردەوام پشتکردنە گەلەکەمان و سەرکوتکاری لەبەرامبەریاندا بووە، لەلایەکی تریش دەست تێکەڵکردنی بەردەوامیان لەگەڵ دوژمن و تەسلیمکردنی خاک و سەروەت و سامانی وڵات بە داگیرکاران و کەوتنە دوای پلانەکانیان بووە.

وێرای ٢٧ ساڵ تێپەرین‌و لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە دەستکەوتەکان، لەوەیش گرنگتر لەدەستدانی گەلێک دەرفەت کە ھاتونەتە پێش، لەپاڵ ئەمانەیشدا بونی ھێزێکی گەل، کە لە ھەر کات‌و ساتێک لە بەرامبەر ھەموو ئەو سیاسەتانەی لە سەری بەڕێوە براوە، بەڵام گرێدراوە بە خاک‌و ھێشتاش کۆڵنادات‌و لەسەر پێیە، لە گەڵ ئەنجامدانی چەندین خوڵی ھەڵبژاردنی بێ ئەنجام بۆ دیموکراتیزەکردنی سیستەم، ھێشتاش بە ئومێدەو دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام دواجاریش‌و دوا خولی ھەڵبژاردنەکان پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بوو لە ٣٠ ـ ٩ ـ ٢٠١٨ ئەنجامدران دیسانەوە بەھۆی نەبونی زیھنیەت ‌و سیستەمێکی دیموکراتیانە نەبوون بە چارەسەری‌و قەیران‌و کێشەو ململانێکان تەنیا لە پێناو بەرژەوەندی‌و دەسەڵات بەردەوامن. 

بنەمای ھەموو کێشەکانی باشووری کوردستان دیموکراتی نەبوونە. بۆیە ھەموو کێشەکان تەنیا بە زیھنییەت، سیاسەت و سیستەمێکی دیموکراتی چارەسەر دەبێت. لەم سۆنگەیەوە ھەروەک لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە لە بەرامبەر قەیران‌و ئالۆزیەکان وەک بەدیلێک خۆمان راگەیاند، لە ئێستایشدا بەم پرۆژەیە جارێکی تر جەخت لەسەر ھێڵی تێکۆشانمان بۆچارەسەریەکان بە پرۆژە دەکەینەوەو ئەم پرۆژەیە پێشکەش بە رای گشتی دەکەین.

ــ تەوەری یەکەم: پرسی سیاسی:

١ ـ ھەرچی زووە کۆمیتەیەک پێکبھێنرێت لە خەڵکی شارەزا، بێ لایەن، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان، بۆ نوسینەوەی رەشنوسێکی دەستور بۆ ھەرێمی کوردستان کە یەکانگیر بێت لەگەڵ یاسا‌و پرەنسیپە دیموکراتیەکان بۆ تێپەڕاندنی ھەموو کێشەو قەیرانەکان.

٢ـ لە پێناو سەرەڕاستکردنەوەی ئەرکی ھەر سێ دەسەڵاتەکەی جێبەجێکار، یاسادانان‌و دادگا، کە بەھۆی بەجێنەھێنانی ئەرکی راستەقینەیان بوون بە دەسەڵاتی حزبی‌و ئەمەش بۆتە ھۆکارێکی ھەرە سەرەکی بۆ تێکدانی سیستەمی ھەرێمی کوردستان، بە ئەرکی راستەقینەی خۆیان ھەڵسن.

٣ـ پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم عێراق ئاسایی بکرێنەوە، نوێنەرانی کورد لە بەغدا دوور لە بەرژەوەندی حزبی  بە ئەرکی نەتەوەیی ‌و نیشتمانی ھەڵسن بۆ بونیادنانی ئێراقێکی دیموکراتی‌و فیدراڵی‌و چەسپاندنی مافە دیموکراتیەکانی گەلی کورد.

٤ـ پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ھەرێمی ‌و نێودەوڵەتی سەرەڕاست بکرێنەوەو لە پێناو بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و دۆزی گەلی کورد بێت.

٥ـ ناوچە کێشە لەسەرەکان کە لە رابردوو نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی ھەرێم نەیانتوانی کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بۆیە دەبێت لە رووی ئیداری، ئابوری و ئەمنیەوە خۆیان خاوەن رۆڵ بن ‌و ئیدارەی خۆیان بکەن، بەتایبەتیش بەزووترین کات ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک ئەنجام بدرێت. 

٦ ـ سەرچاوەی سیاسەتی نادیموکراتیانە بە بنەمانەگرتن‌و بەشدارینەکردنی ژنە بە شێوەیەکی ھاوسەنگ‌و پێشەنگ، ئێمە لەو باوەڕەداین بە پێچەوانەی ئەو سیستەمەی ئێستا ھەیە کە ژنی پەراوێز خستوەو ھیچ پلان‌و بەرنامەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم رەوشە نابینرێت، بۆ ئەمەش پێویستە ئیرادەی ژن لە کایەی سیاسی‌و تەواوی کایەکانی تر بە بنەما بگیردرێت‌و ئەمەش لە دەستوردا بەجێ بکرێت‌و لە کرداردا جێبەجێ بکرێت. 

ــ تەوەری دووەم: پرسی ئیداری: 

١ـ پێویستە سیستەمی ھەرێم سیستەمێکی پەرلەمانی دیموکراتی بێت. 

٢ـ سیستەمی پارێزگاکان سیستەمێکی لامەرکەزی بێت و دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە ئەنجومەن و شارەوانیەکان، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتر بە ھاوڵاتیان بکەن. ھەروەھا بۆ نەھێشتنی رۆتینیات‌و بیرۆکراتی ئەم سیستەمە شۆڕبکرێتەوە بۆ قەزا‌و ناعیەکان.

٣ ـ بۆ نەھێشتن و بنبڕکردنی گەندەڵی، دەستەی دەستپاکی لە خەڵکانی پسپۆر‌و شارەزا‌و بێ لایەن‌و دیموکرات بن، دادگاش ئەو دۆسیانە یەکلا بکاتەوە. 

٤ ـ رێکخستنەوەی ھێزە ئەمنیەکان (پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش‌و دەزگا ھەواڵگریەکان)‌و دەرخستنیان لە ژێر ھەژمونی حزبی‌و شەخسی‌و کردنیان بە دامەزراوەی نیشتمانی. بە مەرجێک لە لایەن خەڵکانی سەربەخۆ‌و شارەزاوە سەرپەرشتی بکرێن. 

٥ـ دامەزراندنی ھەر چەشنە سیستەمێکی دیموکراتی، مەرجی سەرەکی‌و تەواوکەر گرنگیدان بە رۆڵی ژن، باوەڕی دان بە ژن، کراوە ھێشتنەوەی دەستی ژن بۆ سیستەمی بەڕێوەبەرێتیە. بۆیە ئێمە لەو باوەڕەداین کە لە ھەموو دام‌و دەزگا، یاسا‌و بەڕێوەبردن‌و بونیادنانی ھەرجۆرە گۆڕەنگاریەک پێویستە پێگەی تایبەت بۆ ژن دابنرێت‌و بە شێوازێکی ھاوسەنگ ژن لە ئیدارەکردنی سیستەمدا خاوەن رۆڵ بێت. 

ـ تەوەری سێھەم:  پرسی ئابوری: 

١ـ پێک ھێنانی دەستەیەکی شارەزا بۆ سەرپەرشتنی کردنی سامانە سروشتیەکان بۆ دەرھێنان، فرۆشتن‌و ئاشکراکردنی داھاتەکەی بە شێوەیەکی شەفاف. 

٢ـ ھەڵوەشانەوەی یاسای پاشەکەوتی موچە، رێکخستنەوەی دابەشکردنی موچە لە ھەموو ئاست‌و شوێنەکاندا بە گوێرەی ماف‌و ئەرکەکان. بە پێوانی رەنج‌و پێویستیەکان نەک بە پێوانی پۆست‌و دەسەڵات. 

٣ـ بەرامبەر بە ھاورەدەکردنی بەرھەمی دەرەکی، بونیادنانەوەو بوژاندنەوەی بەرھەمی خۆماڵی لە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری‌و پشەسازی، دابنیکردنی پێداویستیەکان‌و ھاوکاریکردنی خاوەن بەھرەکان لەم بوارانەدا.

ــ تەوەرەی چوارەم: پرسی کۆمەڵایەتی:

١ـ لەبەرامبەر ئەو پرسە کۆمەڵایەتیانەی کۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێت (ژن کوشتن ، بڵاوبونەوەی ماددەی ھۆشبەر، خراپ کردنی کەلتور فەرھەنگ، کۆچکردنی گەنجان و ھاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات، ئێمە چارەسەری لە ھۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگەدا دەبینین ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمەڵێک ئەکادیمیای ھۆشیاری فکری، سیاسی، کەلتوری و ژینگەیی و پێگەیاندنی تاکی ھۆشیار لە تەواوی چینەکانی کۆمەڵگە، پێشخستنی بیری مرۆڤدۆستی و دیموکراتی و خزاندنیە نێو فەرھەنگی خوێندنگاکان و ڕاگەیاندن و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان.

٢ـ لەڕێگەی تێکۆشانی دیموکراتی جەماوەری زەخت و فشاری زیاتر دروستبکەین لەسەر دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگەگرتن لەو باروودۆخەی کۆمەڵگەی تێدایە.

بۆتێپەڕاندنی ئەوبارودۆخەی باشووری کوردستانی تێیدایە، لەو قەیرانانەی کەلە ھەموو ڕویەکەوە ڕووبەڕومان بوەتەوە، داوادەکەین لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، پێکەوە بەرەیەکی دیموکراتی دروستبکەین بۆ چارەسەری‌و تێپەراندنی ئەم قۆناخە.

s.m