جان: رێپێوانی شۆڕش و ئازادیی گەلان سەردەکەوێت

فەرزاد جان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی (هەبەدەهە) شیکاریی بۆ ٥هەمین ساڵی دامەزراندنی بزووتنەوەکەیان کرد و وتی "ئێمە خاوەنداری لە نەریت و رێگاکەى دەنیز و ماهیرەکان دەکەین و لەسەر هێڵی شۆڕش تێدەکۆشین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین".

- بادینان

فەرزاد جان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (هەبەدەهە - HBDH) بە بۆنەى ٥هەمین ساڵی دامەزراندنی بەرەکەیانەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا و رایگەیاند، بەرەکەیان لە ١٢ی ئاداری ٢٠١٦ دامەزراوە و خاوەنداری لە سۆسیالیزم لە تورکیا و کوردستان دەکات.

جان وتی "لە دژی کودەتاى فاشیستی و سەربازیی ١٢ی ئاداری ١٩٧١ خاوەنداری لە نەریت و هێڵی شۆڕشگێڕیی ماهیرەکان، دەنیزەکان و ئیبراهیمەکان دەکەین، بۆیە ١٢ی ئادار رۆژێکى مێژوویی بوو. هاوکات ١٢ی ئادار ساڵیادی راپەڕینەکانى قامیشلۆ و گازی بوو، بۆیە لە ١٢ی ئادار بزووتنەوەکەمان دامەزراند و بزووتنەوەکەمان لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییانە دەکات کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە".

فەرزاد جان رایگەیاند، هەبەدەهە لە باکوور و تورکیا، رۆژئاوا، شەنگال و باشووری کوردستان  لە دژی هێرشە قڕکەرەکان و لە دژی سڕینەوەکانی فاشیزم بەهەموو هێزی خۆیەوە تێکۆشاوە و وتی "دەوڵەتى تورکی فاشیستی داگیرکەر بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵ دەدات شۆڕشی رۆژئاوا بخنکێنێت، کە هیوای گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت رژێمى داگیرکەری فاشیست نەتیوانى ئەو ئامانجەى سەربخات".

جان وتیشی "ئێمە داوا لە هەمووان دەکەین لە دژی هێرشەکانى فاشیزم راپەڕن و خۆڕاگری و بەرخودان بکەن و لە ژێر ئاڵای هەبەدەهەدا یەکبگرن و تێبکۆشن. جگە لەوە هیچ رێگایەکى تر بۆ رزگاری نییە. بەبێ بەرخودان، بەبێ لێپرسینەوە و تێکۆشان دەرفەت بۆ سەرکەوتن ناڕەخست و سەرکەوتن بەدی نایەت. لە پێش هەموانەوە ژنان، زەحمەتکێشان، گەنجان و هەموو کەسەکانی تر دەبێت لە بەشە جیاجیاکانى کۆمەڵگەدا لە ژێر ئاڵای هەبەدەهەدا یەکبگرن.

لە شارەکان و لە شاخەکان پێویستی بە تێکۆشانی گەریلایی و تێکۆشانی چەکداری هەیە. هاوکات لەگەڵ تێکۆشانی چەکداری دەبێت گۆڕەپانەکان و شەقامەکان چۆڵ نەکرێن".

فەرزاد جان سەرنجی خستەسەر هێرشە هەمەلایەنەکانی دەسەڵاتى فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە لە دژی گەلان و وتی "لەبەر ئەوەى ناتوانن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن، شەڕ، نەژادپەرەستی، داگیرکەری و چەوساندنەوە و تاڵانییان بۆ خۆیان کردووەتە تاکە رێگای رزگاربوونیان. ئاکەپە – مەهەپە هەوڵ دەدەن باج و تێچووی ئەو قەیرانە لە گەلەکەمان بستێنن و بەسەریدا بیسەپێنن. ئەوانیش دەزانن ناتوانن لەو قەیرانە رزگاریان ببێت".

جان ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت گەلانى تورکیا ئەوە بزانن خنکاندنی شۆڕشی رۆژئاوا و ناردنی سەرباز بۆ لیبیا هیچ سوودێکى بۆ زەحمەتکێشان و کرێکارانی تورکیا نییە و ئەوەشی وت "بەپێچەوانەوە ئەو قەیرانە هەژاری زیاتر و گەورەتر دەکات. دەبێتە هۆی هەژاربوونێکى زۆر. دەبێت کرێکاران و زەحمەتکێشانی تورکیا لە دژی ئەو عەقڵییەتە داگیرکەر و چەوسێنەرەی دەوڵەتى تورک راپەڕن".

فەرزاد جان لە کۆتایى قسەکانیدا وتیشی "بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (هەبەدەهە - HBDH) لە دژی ئیمپریالیزم، کاپیتالیزم، فاشیزم و پیاوسالاری دامەزراوە. گەل، کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، گەنجان و هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی فاشیزم و کاپیتالیزمەوە زیانیان پێگەیشتووە لە ناو ریزەکانى هەبەدەهە دا لە شارەکان، لە شاخەکان ببن بە جەنگاوەر و گەریلا و بە بەهێزی حساب و لێپرسینەوە لە فاشیزم و کاپیتالیزم بکەن. کاتێک ئێمە لەسەر رێگای شەهیدان رێ بکەین و بە رێبازە شۆڕشگێڕی و فیداییەکەیان بجوڵێینەوە ئەوە بە دڵنیاییەوە بزووتنەوەکەمان سەردەکەوێت. بۆیە بە ئومێدێکى زۆرەوە ٥هەمین ساڵی دامەزراندنی بزووتنەوەکەمان لە شەڕڤانی هەبەدەهە و هەموان پیرۆز دەکەم و سڵاویان بۆ دەنێرم".

ژ.ت