جموجوڵی سەربازیى دەوڵەتى تورک لە رووبارۆک بۆ داگیرکردنى هەمیشەیى برادۆست

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ بە هەمیشەیکردنى داگیرکەرییەکەى لە ناوچەى برادۆست لە باشووری کوردستان سەربازەکانى لە ناوچەى رووبارۆکەوە بەرداوەتە ئەوە ناوچەیە.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بە هێرش و پەلاماری سەربازی ناوچەى برادۆست لە باشووری کوردستانی داگیرکردووە. بۆ ئەوەى ئەو داگیرکەرییەى بەرەو خواکورک بەرفراوان بکات، شەوی ٢٧ – ٢٨ی ئایار سەربازەکانى لەسەر چیاى شەکیف و شاخی شەهید دەروێش لە دامێنى شاخی  لێلکان دابەزاند.  

بەپێى زانیاریى سەرچاوە خۆجێیەکان، دەوڵەتى تورک دەیەوێت هێزە سەربازییەکانى لە رووبارۆک بەربداتە ئەو ناوچانە و بەو شێوەیە دەست بە فراوانکردنى داگیرکەرییەکەى بکات.

ئاماژى بەوەش دەکرێت، دەوڵەتى تورک دەیەوێت سەربازەکانى لە رووبارۆک بەرەو ئەو ناوچانە بگوێزێتەوە و داگیرکەرییەکەى لە گوندی بەرمیزە و ناوچەى کەڤۆرت بگەیەنێتەوە بە گەلیى شێخ زادە، کە ناوچەى ژێر کۆنترۆڵی پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە)یە.

گەلیى شێخ زادە لە شەڕی ساڵی ١٩٩٢ لە باشوور لە دژی بزووتنەوەى ئازادیى کورد لەلایەن پێشمەرگەکانى پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) و سەربازانى سوپاى تورکەوە کۆنترۆڵکرابوو.

ر.م