جوان ئێحسان: هەڵوێستی عێراق بەرامبەر تورکیا شەرمنانەیە

جوان ئێحسان سەرۆکی لیستى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان لە سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر بچنە بەغداد کار دەکەن بۆ ئەوەی  ڕای گشتیی پارتە عێراقییەکان ڕابکێشن بۆئەوەی، کە دەستدرێژیی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی عێراق باشوری کوردستان ڕابگرن.

جوان ئێحسان سەرۆکی لیستى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان لە سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر بچنە بەغداد کار دەکەن بۆ ئەوەی  ڕای گشتیی پارتە عێراقییەکان ڕابکێشن بۆئەوەی، کە دەستدرێژیی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی عێراق باشوری کوردستان ڕابگرن، چونکە ئەگەر ئەو بابەتە بۆ ئێمە بابەتێکى نەتەوەی بێت بۆ لایەنە عێراقییەکانیش بابەتێکى عێراقییە.

د.جوان ئێحسان ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و سەرۆکی لیستی یەکێتی لە سڵیمانی بۆ پەرلەمانی عێراق وەڵامی پرسیاری ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ی دەربارەی کار و بەرنامەکانیان لە پەرلەمانی عیراق، هەوڵ و ڕیگرییەکانیان لە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق دایەوە.  

جوان ئێحسان لەبارەى بەرنامە و پرۆژەکانیان بۆ جەماور و گەلی باشووری کوردستان لە پەرلەمانی عیراق وتى، لە هەڵبژاردندا جەختیان لە  هەرێمى کوردستان لە ڕووی جواگرفی، سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە کردووەتەوە تاوەکو گرنگیى ناوچەیى هەرێمى کوردستان زیاتر بخەنەڕوو. بۆ ئەوەش لە ڕووی ئەمنی، سیاسی و سەربازییەوە کار دەکەن بۆ بەهێزکردنى پێگەى هەرێم. هاوکات گرنگى بە ژنان، گەنجان، خزمەتگوزاری، ژینگەپارێزی، کلتوری رۆشنبیری، مافى فەرمانبەران و مووچەخۆران دەدەن.

بە وتەى جوان ئێحسان بابەتى پاراستنى پێگەى کورد لە عێراق لە هەموو خاڵەکانى تر زیاتر بۆ ئەوان گرنگە، چونکە لە ناو عێراقدا دەژین و لەدوای ڕوداوەکانی ڕیفراندۆمیش دەرکەوت، هاوکێشەی سیاسی لە عیراقدا دەىێت کوردی تیا بێت و دەبێت بۆ ئەوەش یەکێتی سیاسەتێکی ڕوونی هەبێت و لەسەر ئەو شیوازەی پێشتری بڕوات کە لەسەری ڕۆێشتووە، لەبەر ئەوەی ئەو شیوازە لە سیاسەت، کە یەکێتی هەڵبژاردوە لەگەڵ عێراقدا ڕاستە.  

لەبارەى چۆنیەتیى راگرتنى دەستدرێژییەکانى تورکیا بۆ سەر باشوورى کوردستان وتیشى، تورکیا بەهۆی ڕیکەوتنی پێشترى کە لەگەڵ رژێمى سەدام حسێن و هەروەها ئێرانیش دەستتێوەردانی سیاسی و سەربازی دەکەن لە عێرقدا. تورکیا بەپێى ئەو رێککەوتنە دێتە ناو خاکی عێراقە بۆ هێرشکردنە سەر پارتە ئۆپزسیۆنە کوردییەکانی دژ بە تورکیا بە تایبەتیش پەکەکە، بەڵام ئێستا تورکیا ڕیگای پێدراوە کە ٢٠٠ کێلۆ مەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە و ئێستا بە کردار ئەوە دەکات و عیراقیش بۆچوونی شەرمنانەی هەیە بەرامبەر ئەم داگیرکارەیە، ئێمە ئەگەر بچینە بەغداد کار دەکەین بۆ ئەوەی کە ڕای گشتی دروست بکەین بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بە گوێرەی یاسا سنوورێک دابنرێت و لە رێگای نێودەوڵەتییەوە کار بکەین بۆئەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا لە سەر عێراق و خاکی کوردستان ڕابگرین، چونکە ئەوە بۆ ئێمە چەند بابەتێکى نەتەوەیى بێت بۆ عیراقێش بابەتیکی عیراقیە.

جوان ئێحسان لە بەشێکى ترى قسەکانیدا وتى، نەک تەنها لەناو کورد، بەڵکو لە ناو هێزە سیاسییەکانی عێراقێشدا روئیای جیاواز هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردی لە ناو عێراقدا،  کێبڕکێی سیاسیش لە سەر ئەم بابەتە زۆر مەترسیدارە، بناغەی دروستبوونی پارتی سیاسی بۆ ڕیكخستنی کۆمەڵگایە بۆ ئەوەیە کە هەست بە کێشەیەک دەکات و فکری خۆ پیشکەش دەکات بۆ ئەوەی چارەسەی ئەو کێشەیە بکات، ئەگەر کێبڕکێ بۆ ئەوە بکرێت باشە، بەڵام ئەگەر حزبە سیاسییەکان کێبڕکێ بکەن لەسەر کێشە گەورەکە، کە ئەویش کیشەی نەتەوەییە وبەشێوەیەكی خۆپەرستانە بیری لێبکەنەوە و سیاسەت بکەن ئەوە مەترسیدارە، بۆیە دەبێت هێزە کوردییەکان کێبڕکێ لەسەر ئەوە بکەن، کە کامیان زیاتر دەتوانێت بەرنامەکەی بۆ ئەم هەڵبژاردنە بخاتە خزمەتی هەرێمەوە، ئەگەر ئەوە نەبێت، نە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و نە هیچ هێزیکی تری سیاسیی عێراقی و کوردی ناتوانێت هاوسەنگیی سایسی و خزمەتگوزاری بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر وا نەبێت ئەوەش بە واتای ئەوە دێت بە خۆپەرستیی سیاسی زەرەرمان لە هەرێمی کوردستان داوە.

سەرۆکى لیستى یەکێتى ئاماژەى بەوەشکرد، تاوەکو مام جەلال لە ژیاندا مابوو و سەرۆک کۆماری عێراق بوو کورد هێزیکی زۆری هەبوو هەموو فراکسێۆنەکان بە تایەتێش فراکسێۆنە کوردییەکان بە هێز بوون و ئەو کاتە کاتێکی زێڕین بوو بۆ کورد لە عێراقدا، بەڵام لە دواى نەخۆشکەوتنى مام جەلالەوە، دۆخەکە بۆ کورد بەرەوتێکچوون رۆیشت و حاڵەتێکی پەرشوبڵاوی لە ناو فراکسێۆنە کوردییەکان و پەرلەمانتارەکان دروست بوو و ئەوەش وایکرد، گەڕانەوە بۆ دواوەو دروست بێت.

جوان ئێحسان لەبارەى گرنگیى بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى کورد لە ئێستادا رایگەیاند، ئەو ڕەوشە سیاسییە ئاڵۆزە، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە هۆکارە بۆ ئەوەى تا ئێستا کۆنگرەى نەتەوەیى نەبەسترێت. چونکە خۆپەرستیی لایەنێکی سیاسیی باشووری کوردستان بووە هۆکار بۆ ئەوەی کۆنگرەی نەتەوەی نەبەسترێت، ئەو شێوازە بیرکردنەوە خۆسەپێنەرانە لە بڕیاردا لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نییە، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بڕوای بە ڕیککەوتن و لەیەک تێگەیشتنە، بەڵام بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی تا ئێستا کۆنگرەی نەتەوەیی نەبەسترێت، چونکە پارتی دەیەوێت هەر خۆی سەرۆک بێت هەر خۆی بڕیار بدات. ئەمەش نابێت. لەبەر ئەوەى هەر پارچەیەکی کوردستان خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن، بۆیە نەکرێت ئێمە بڕیاری خۆمان بەسەریاندا بسەپێنین. ئەو جۆرە رەفتا و ئوسلوبە زۆر مەترسیدارە.

لەبارەى بەشدارى نەکردنى لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنى کەرکوکدا ئەوەى خستەڕوو، ئێمە وەک یەکێتی داوامان کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک کە بەیەک لیست بەشداربن، بەڵام پارتی هەر ڕەتی کردەوە، کە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بێت لە عێراقدا و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پارتی جەماوەری لە کەرکوکدا نییە و گوتاری نەتەوەیی ئەوان ئەوندەی حیزبیە ئەوندە نەتەوەیی نییە. ئەو حزبە سیاسییانەشی کە ئێستا دروست بوون بە هەڵە لە ئۆپۆزسیۆن بوون تێگەیشتوون وا دەزانن دەبێت بۆ هەموو شتی بڵێیت نا سوودی هەیە. ئەوانە هەمووی هەڵەیە دەبوو کورد لە کەرکووک بە یەک لست بەشداریی بکردایە.

سەرۆکى لیستى یەکێتى لە بارەى ڕێککەوتنى ستراتیژیى نێوان یەکێتى و پارتی-یەوە وتى، ڕیککەوتنی ستراتیژی لە ساڵی ٢٠١٤ بە شێویەكی کرداری هەڵوەشاوەتەوە، چونکە فێلی زۆری تیادا کرا. بە تایبەتی پێش هەڵژاردنەکانی هەرێم. بۆیە هەست بەوەکرا ئەو ڕیککەوتنە بۆ ماوەیەک بوو و ئیتر بۆ ئێستا واتای نەماوە، بەڵکو ئێستا گۆڕاوە بۆ لێکتێگەیشتنی سیاسی. هیچ ئەو ڕیککەوتنە هیچ گرنگیکی نەماوە بۆ ئەم قۆناغە، بەڵکو پارتی نوێ لە گۆڕپانەکەدان و پارتی عیراقیش هەن، چونکە ئێمە لە چوارچێوەی عیراقدا دەژیین.