حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک:دەبێت رێگری لە دەستوەردانی تورکیا بکرێت لە کەرکوک
بەرپرسی حزبێکی کوردی لە کەرکوک دەلێت:زاڵبوونی تورکیا لە کەرکوک دەگەرێتەوە بۆ خاوەندارینەکردنی حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان لە کەیسەکانی کەرکوک.
بەرپرسی حزبێکی کوردی لە کەرکوک دەلێت:زاڵبوونی تورکیا لە کەرکوک دەگەرێتەوە بۆ خاوەندارینەکردنی حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان لە کەیسەکانی کەرکوک.
بازاری قەیسەری کەرکوک ساڵیك و سێ مانگ بەر لە ئیستا لە رووداوێکی تەموژاویدا سووتا، پاش ئەوەی سووتا لە رووداوێکی گومان لێکراودا کۆمپانیایەکی تورکی سەر بە حکومەتی تورکیا ئامادەیی دەربڕی بۆ نوێژەنکردنەوەی و دەستی بە نوێژەنکردنەوە کرد، لە کاتی پرۆسەی بەناو نوێژەنکردنەوەدا، ئەو کۆمپانیایەی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی گۆڕینی مێژووەکەی دا بۆ ئەوەی ئەو شوێنە مێژووییەی کەرکوک، مۆرکی تورکی پێوە بکەن.
کۆتا هەوڵی بە تورک کردنی بازارەکە لادانی زمانی کوردی و زیادکردنی زمانی تورکی بوو لەسەر تابلۆی بازاری قەیسەری کەرکوکی مێژووی، ئەم هەوڵەش دووکاندارانی قەیسەریەکە و هاووڵاتیانی کوردی کەرکوکی نیگەران کرد و دوای فشارێکی زۆر زمانی کوردیان لەسەر تابلۆی بازاڕی قەیسەری کەرکوک دانایەوە بەڵام کردیانە سێیەم زمان لە کاتێکدا کورد زۆینەوەی شاری کەرکوک پێکدەهێنن.
پێویست بوو حکومەتی کوردستان خاوەنداری لەم قەیسەرییە بکات
شوان مەحەمەد بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حیزبی زەحمەت کێشانی کوردستان، دەربارەی سووتاندنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "بابەتی بازاری قەیسەری کەرکوک بابەتی قوتی سەدان خێزانی شاری کەرکوکە، سووتانەکەی ئەو قەیسەرییە پرسیارب زۆر لە خۆ دەگرێت کە چۆن سووتا و کی سووتاندی، بەداخەوە کاتێک ئەم قەیسەرییە سووتا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆیان بەخاوەنی نەزانی کە پێویست بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنداری لەم قەیسەرییە بکات بە حوکمی ئەوەی خۆی بە خاوەن مێژووی کەرکوک دەزانێت."
حکومەتی تورکیا ئەم هەڵەی بۆ خۆی قۆستەوە
هەروەها شوان محەمەد دەربارەی هاتنی کۆمپانیایەکی دەوڵەتی تورکیا و گوڕینی سیمای قەیسەرییەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند:"لە نێوان خاوەندارینەکردنی حکومەتی عێراق و کوردستان لە نوێژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری کەرکوکدا حکومەتی تورکیا ئەم هەڵەی بۆ خۆی قۆستەوە تا بە ئارەزوی خۆی نوێژەنی بکاتەوە، چەند مانگی یەکەم نوێژەنکردنەوەکە بەهیچ شێوەیەک ئەنجام نەدرا ئەمەش غەدرێکی گەورە بوو بەرامبەر قوتی سەدان خێزانی ئەم شارە.''
ئەمە دەستوەردانی تورکیایە لە کاروباری عێراق و شاری کەرکوک
دەربارەی چاوەروانکردنی هاتنی بالوێزی تورکیا بۆ کردنەوەی قەیسەری کەرکوک، ئەو بەرپرسەی حزبی زەحمەتکێشان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند: "لە ئیستادا ماوەی چەندین مانگە نوێژەنکردنەوەی ئەم قەیسەرییە تەواو بووە، بەڵام چاوەروانی بالوێزی تورکیان لە عێراق بێت بە مەراسیمێکی فەرمی ئەو قەیسەرییە بکاتەوە ئەمەش دەستوەردانی تورکیایە لە کاروباری عێراق و شاری کەرکوک کە تورکیا دەیەوێت هەیمەنەی خۆی بەسەر کەرکوکدا بسەپێنێت و بوونی خۆی زیاد بکات."
زاڵبوونی تورکیا دەگەرێتەوە بۆ خاوەندارینەکردنی حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان لە کەیسەکانی کەرکوک
دەربارەی هەڵوێستی حزبی زەحمەتکێشان سەبارەت بەم کارەی دەوڵەتی تورکیا، شوان محەمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند: "ئێمە زۆر نیگەرانین لەم کارەی تورکیا پێمان وایە ئەمە سەرەتای داهاتوویەکی خراپ دەبێت، چونکە بەپێی ئەتەکیەتی دیبلۆماسی بالۆێزخانەکان سنوری دیاری کراویان هەیە لە کارکردن لە وڵاتانی دیکە، ئەم کوێخایەتیەی تورکیا دەیکات لە کەرکوک بەشێکی بۆ ئەوە دەگەریتەوە کە بەداخەوە تورکمانەکانی کەرکوک وەفاداریەکی زۆریان بۆ تورکیا هەیە کە بەردەوام پەنا بۆ تورکیا دەبەن، بەشێکی دیکەی زاڵبوونی تورکیا لێرە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان خۆیان ناکەن بە خاوەن کەیسەکانی کەرکوک."
دەبێت حکومەتی عێراق بێتە سەرهێل و رێگری لەم دەستوەردانانەی تورکیا بکات
لە کۆتاییدا شوان محەمەد وتی: "ئێمە نیگەرانین بەم دوخەی کە دروست بووە و پاڵپشتی لە کاسبکاران و دووکاندارنی قەیسەرییەکە دەکەین و داواکارین حکومەتی عێراق بێتە سەرهێل و رێگری لەم دەستێوەردانانەی تورکیا بکات لە شاری کەرکوک."
لە چەندین بۆنەی جیاواز باڵوێزی تورکیا پێشێڵکاری سەروەری عێراقی کردووە
دەربارەی پێشێڵکاریەکانی تورکیا لە عێراق بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی، مامۆستا ڕەسول رەئوف بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "عێراق بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی هەیمەنەی تورکیای زۆر بە زەقی پێوە دیارە، لە چەندین بۆنەی جیاواز بالویزی تورکیا سەروەری عێراقی پێشێڵ کردووە و هاتووە بۆ کەرکوک و شارەکەی وەکو پاشماوەی دەولەتی عوسمانی ناو ناوە ئەمەش پێشێلکاری سەروەری عێراق بە گشتی و کەرکوک و کوردستانیش بە تایبەتیە..'
مەبەستیان زۆر گەورەترە لەوەی کە ئەم کارە تەنها نوێژەنکردنەوە بێت
هەروەها دەربارەی پڵانەکانی تورکیا بۆ گۆرینی میژووی کەرکوک و بە تورککردنی شارەکە، مامۆستا ڕەسول ڕەئوف بە ئاژانسی هەوالی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە ئاگادارین کە تورکیا بە شێوەیەکی پڵان بۆ داریژراو هەوڵ دەدات شوێن پێی خۆی لە کەرکوک بکاتەوە، ئەوەی لە بازاڕی قەیسەری کەرکوک دەگوزەرێت کە دەبێت بالوێزی تورکیا ئەو قەیسەریە بکاتەوە پێشەڵکردنی یاسای نیودەوڵەتیە، چونکە ئەمە کاری باڵوێزی وڵاتێک نیە کە کارێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات لە شارێک کە کێشەی نەتەوەیی تێدایە، کاری باڵویزی تورکیا نابێ بێت زمانی کوردی هەڵبگرێت لەسەر تابلۆی بازارەکە یان دانانی ئاڵای تورکیا کە تا وەکو ئیستا ئاڵای تورکیا لەسەر تابلۆی بازارەکە ماوە، ڕاستە بە فەرمانی باڵوێزی تورکیا ئەو قەیسەرییە نوێژەن کراوەتەوە بەڵام مەبەستیان زۆر گەورەترە لەوەی کە ئەم کارە تەنها نوێژەنکردنەوە بێت چونکە لە داهاتوودا وەکو مولکی خۆیان تەماشای ئەو بازارە و مێژوویە و شاری کەرکوک دەکەن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنداری لەم شارەی نەکردووە
لە کۆتاییدا مامۆستا محەمەد ڕەئوف ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەگەر سەریری ڕابردوو بکەین زۆر بە ئاشکرا و بەروونی دیارە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنداری لەم شارەی نەکردووە و خۆی بەخاوەنی نەزانیوە، بەداخەوە بۆ حکومەتی عێراقیش کە وەکو ناوچەیەکی جیاواز لە پارێزگاکانی عێراق لەلایەنی سەربازی لەلایەنی گۆرینی دیموگرافی حوکمی کەرکوک دەکات، بەداخەوە شاری کەرکوک و دانیشتوانەکەی بوونەتەوە قوربانی مڵمڵانی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
تورکیا دەیەوێت کردنەوەی قەیسەرییەکە بکاتە بۆنەیەک بۆ بانگەشە بۆ دەوڵەتی تورکیا
دەربارەی ئامانجی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک و ئاکپارتی لە نوێژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری کەرکوک، محەمەد نەسرەدین سکرتیری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕانبە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "پرسی سووتاندنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک و خاوەن دەرکەوتنی تورکیا بۆ نوێژەنکردنەوی قەیسەری کەرکوک پڵانێک بوو لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی تورکیا و ئاکپارتی بۆ زیندووکردنەوەی مێژووی عوسمانی داگیرکەر لە شاری کەرکوکدا، پێویست بوو ئەم هەوڵەی تورکیا بۆ داگیرکردنی قەیسەری کەرکوک بەناو نوێژەنکردنەوە لەلایەن هەموو پێکهاتەکان ڕەتبکرایەتەوە بەتایبەتی پێویست بوو سەرکردایەتیدەسەڵاتی کوردی رێگەی بە تورکیا نەدایە ئەم هەوڵەی سەربگرێ، بەڵام بەداخەوە ئیستاش دەبینین تورکیا دەیەوێت کردنەوەی بازاڕی قەیسەرییەکە بکات بە بۆنەیەک بۆ بانگەشە بۆ دەوڵەتی تورکیا بۆ زیندووکردنەوەی مێژووی دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر لە کەرکوک."
پیویست بوو خەمخۆرانی شاری کەرکوک لە بەردەم ئەم هەوڵانەی تورکیا بوەستانایەتەوە
هەروەها مامۆستا محەمەد نەسرەدین ڕایگەیاند: "ئەمەی ئیستا روودەدات لە بەتورک کردنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک تەواوکردنی ئەو هەنگاوانەیە کە فاتح یەڵدز بالوێزی تورکیا لە عێراق لە نویژی جەژندا ڕایگەیاند کە کەرکوک شارێکی مێژووی تورکییە، پیویستە بوو خەمخۆرانی شاری کەرکوک لە بەردەم ئەم هەوڵانەی تورکیا بوەستانایەتەوە."
ئەم هەوڵەی تورکیا هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک
دەربارەی رێگری کردنی عێراق لە مەترسی داگیرکاری تورکیا، محەمەد نەسرەدین بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئیستاش ئەرکی حکومەتی عێراقە رێگربێت کردنەوەی قەیسەرییەکی مێژووی لەناو شاری کەرکوکی فرە پیکهاتە بکرێت بە بانگەشە بۆ دەوڵەتێکی دراوسێ کە تەماحی خۆی لەم شارە ناشارێتەوە ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە بۆیە دەبێت ریگربین لەم کارەی تورکیا چونکە کردنەوەی قەیسەرییەکە بەم شێوەیە دەبیتە هۆی تێکدانی ئەو پێکەوەژیانەی لە شاری کەرکوک هەیە، ئەمەش ناشاردرێتەوە کە ئەم هەوڵەی دەوڵەتی تورکیا هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکە."
لەرێگەی نوێژەنکردنەوە تورکیا دەیەوێت پڵانێکی مەترسیدار جێبەجێ بکات
لە کۆتایدا محەمەد نەسرەدین ڕایگەیاند: "تورکیا هەوڵدەدات پێکهاتەکانی کەرکوک بکات بە دژ یەکدا و دوو بەرەکی دروست بکات تا کارئاسانی بۆ پڵانەکانی تورکیا ببێت بۆئەوەی بەرگێکی عوسمانی بەسەر کەرکوکدا بسەپێنیت، دروستکردنی قەیسەری کەرکوک هیچ بەیوەندیەکی بە مێژووی داگیرکەری عوسمانیەوە نەبووە بۆیە پێویست بوو خەمخۆرانی کەرکوک بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی کوردی و دەسەڵاتدارانی عێراقیش رێگر بوونایە لە نوێژەنکردنەوەی قەیسەرییەکە لەلایەن تورکیاوە چونکە لەرێگەی نوێژەنکردنەوە تورکیا دەیەوێت پڵانێکی مەترسیداری جێبەجێ بکات بۆ کەرکوک کە بۆنی داگیرکاری و دووبەرەکی و نانەوەی ئاژاوەی لێدێت بۆیە دەبوو هەر لە سەرەتاوە رێگری لێبکردایە ئیستاش پیویستە رێگری بکرێت لەوەی کردنەوەی بازاڕی قەیسەری کەرکوک ببێتە بۆنەیەکی داگیرکەری تورکیا."
ز.ش