«حكوومه‌تی عێراق به‌مه‌رج ئاماده‌یه‌ مووچه بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت»

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق سه‌ره‌ڕای چه‌ندین به‌ڵێن، تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران چاره‌سه‌ر بكه‌ن. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ زیانی زۆری پێكه‌وتووه‌.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی عێراق لە وتاری ھەفتانەی خۆیدا ڕایگه‌یاند کە بەر لە جەژنی نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم ڕەوانە دەکات، بەڵام پەرلەمانتارێک ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات حكوومه‌تی عێراق بۆ ناردنی مووچه‌ مه‌رجی هه‌یه‌.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ڕایگه‌یاند: عێراق ئامادەیە مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروه‌ردە و تەندروستی خەرج بکات، بەڵام ئامادە نین پارەکە تەسلیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن. دەیانەوێت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییه‌ گشتییه‌کانی پەروه‌ردە و تەندروستی یاخود پارێزگه‌کانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆکەوە پرۆسەکە ئەنجام بدەن.

مامۆستایان داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەن

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم نووسینگەی ھەڵەبجەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ھەڵەبجە لە دژی خەرجنەکردنی مووچەکانیان لە لایەن ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمەوە گردبوونەوەکیان ئەنجامدا.

مامۆستا دانا عەبدوول لە گردبوونەوەکەدا بۆ ده‌زگه‌كانی ڕاگەیاندن بەیاننامەیەکی خوێندەوە كه‌ تیایدا هاتووه‌: ئێمەی مامۆستایانی سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی و ھەڵەبجە شکستی پرۆسەی پەروەردە و داخستنی دەرگه‌ی خوێندنگه‌کان دەخەینه‌ ئەستۆی ھەردوو حکومەتی ھەرێم و بەغدا، چونکە ھەستدەکەین قووتی ئێمەی مامۆستایان و مووچەخۆران کراوەتە قوربانی سیاسەتەکانی ھەردوو حکومەت.

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: داواکارین ھەرچی زووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کردار مامەڵە لەگەڵ مامۆستایان و مووچەخۆرانی ھەرێم بکات و واز لە سیاسەتی برسیکردنی ھاوڵاتیانی ھەرێم بھێنێت، بۆیە ئێمە ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە لەسەر بایکۆتکردنمان بەردەوام دەبین تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان.

له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ موسه‌ننا ئه‌مین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئه‌نجومه‌نی عێراق ئاماده‌ بوو، ناوبراو ڕایگه‌یاند: لە دانیشتنماندا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق نیگەرانی ھاوڵاتیان و خەڵکی ھەڵەبجەمان گەیاندووە،‌ بەڵام بەڵێنێکی جدیمان وەرنەگرتووە.

وتیشی: ئێستا ھیچ بیانوویه‌ک نەماوە بەدەست سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ نەناردنی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی، بۆیە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکەین کە دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە كۆنفڕانسه‌ڕۆژنامەوانییه‌كه‌ی خۆیدا سەبارەت بە ناردنی مووچە پێش جەژنی نەورۆز خستبوویه‌ڕوو. لە دوای ئەو ڕێكه‌وته‌وه‌ ئێمە ھەڵوێستی دیكه‌ پیشان ده‌ده‌ین.

بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە بەردەوامە 

سەرباری ئاگادارییه‌کانی وەزارەتی پەروەردەی هه‌رێم، تا ئێستا بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن لە لایەن مامۆستایانەوە بەردەوامە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی مارسی ٢٠١٨\١٦ی ڕه‌شه‌ممه‌ مامۆستایانی ناڕازی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی کۆبوونەوە و داوای مووچەکانیان کرد.  مامۆستایانی ناڕازی ڕایان گه‌یاند: بڕوامان بە بەڵێنەکانی حکوومەتی عێراق نەماوە و کەرتی پەروەردەش بەھۆی بێباکیی حکوومەتی ھەرێم و بێ بەڵێنی حکوومەتی عێراقەوە دوچاری قەیرانی گەورە بووه‌.

 

s.m