حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی نوێنەرایەتی هەدەپەی کرد

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی نو‌ێنەرایەتیی هەدەپەی کرد لە شاری هەولێر و دۆخی کوردستان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆسەر هەرێمەکە تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ شاندێکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نیشتیمان ئەحمەد و بێکەس قادر، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، سەردانی نوێنەرایەتیی هەدەپەیان کرد لە باشوری کوردستان و لەلایەن موزەیەن گونەش و عابد ئیکە، هاوسەرۆکانی نوێنەرایەتییەکەوە پێشوازییان لێکرا.

شاندەکەی حزبی زەحمەتکێشان لە دۆخی ئەو چالاکوانانەیان پرسی، کە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەرڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مانیان لە خورادن گرتبوو، باسیان لەوەش کرد، کە چالاکوانان ئامانجی خۆیان پێکا و سیاسەت و دۆخی کوردیان لە باکووری کوردستان گەیاندە قۆناغێکی دیکە.

هەردوولا، باسیان لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەنبوڵ و دۆخی کوردستان بەگشتیی و هێرش ومەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردیان کرد.

شاندەکەی حزبی زەحمەتکێشان داوای لە هەدەپە کرد، کە لەڕێگای کۆڕ و سمینارەوە دۆخی کوردستان بۆ هاووڵاتیان شی بکەنەوە و خەباتی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان بخەنە ڕوو، ئەویش بە ئامانجی پێشخستنی کاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان.

ک-ش