خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان کەرکوک هەڕەشەی کوژانەوەی مۆلیدەکان دەکەن

خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان دەلێنو حکومەت بڕی ١٣٠ کاتژمێر سوتەمەنیمان بۆ دابین دەکات کەچی ئەوان نزیکەی چوار سەد کاتژمێر مۆلیدەکانمان کاردەکات.

ئەمرۆ چوارشەممە لەشاری کەرکوک لەبەردەم بینای قایمقامیەتی کەرکوک خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا دژ بەکەمی کارەبا و نەدانی بری پێویستی سوتەمەنی(گاز) بە مۆلیدە ئەهلیەکان.

نزیکەی دوو هەفتەیە کارەبای نیشتمانی کەرکوک لە ۲٤ کاژمێردا تەنها شەش کاتژمێر دەدرێت بە هاوڵاتیانی شارەکە و  دابینکردنی ٢٠ کاتژمێرەکەی دیکە خراوەتە ئەستۆی مۆلیدە ئەهلیەکان، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی خاوەنی مۆلیدە ئەهلیەکان ناچاربن زیاتر مۆلیدەکان کاربکەن بۆ دابین کردنی کارەبا لەم گەرمایەی ئیستا کە هەیە.

سامی عەبدولرحمان خاوەن مۆلیدە لە گەرەکی ڕەحیم ئاوای شاری کەرکوک، سەبارەت بە کێشەکانیان و هۆکاری گردبوونەوەیان لەبەردەم قایمقامیەتی کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوارت وتی: "من بە نوێنەرایەتی نزیکەی ٧٠ مۆلیدەی ئەهلی گەرەکی ڕەحیمئاوای شاری کەرکوک هاتووم بۆ ئەم گردبوونەوەیە تا داواکارییەکانمان پێشکەش بە قایمقامی کەرکوک بکەین، یەکێک لە داواکارییەکانمان دابین کردنی گازە من ماوەی سێ ساڵە بەهیچ شێوەیەک گازم وەرنەگرتووە لە حکومەت."

هەروەها سامی عەبدولرحمان ڕایگەیاند: "ئێمە بەبڕی ١٣٠ کاتژمێر گازمان بۆ دابین کراوە بەڵام تا ئیستا نزیکەی ٤٠٠ کاتژمێر مۆلیدەکانمان کاری کردووە کە لە رۆژێکدا نزیکەی ٢٠ کاتژمێر مۆلیدەکانمان کار دەکەن ئێمەش گاز لە حیساب خۆمان دەکرین و مۆلیدەکانمان زۆر هیلاک بوون و وا بەردەوام بێت مۆلیدەکان لەکار دەکەون."

سامی عەبدولرحمان ووتیشی: " لەم مانگەدا هەر خاوەن مۆلیدەیەک پێنج ملێون بۆ شەش ملێۆن زیانی بەرکەوتووە، ئێمە دەزانین هاوڵاتیان باری ئابورییان خراپە لەم دۆخەی ئیستای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئێمەش کاسبکارین ناتوانین لەسەر حیساب خۆمان گاز بکرین و کارەبا دابین بکەین."

هەروەها خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان کەرکوک ڕایانگەیاند، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار تا کۆتایی ئەم مانگە چارەسەرێکمان بۆ نەدۆزێتەوە ئەوە ئێمە مۆلیدەکانمان دەکوژێنینەوە و کارەبا دەبرین و هاووڵاتیان و ئیدارەی شارەکە با کێشەی بێ کارەبای لە نێوان خۆیان چارەسەر بکەن.

ف.ق