خراپی دۆخی تەندروستیى زیندانیانی کورد لە زیندانیەکانى کۆماری ئیسلامیدا

دۆخی تەندروستیی ٣ کەس لەو ١١ زیندانییە سیاسییە کوردە، کە لە مانگرتندان خراپە.

تۆڕی مافەکانى مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، مانگرتنی ١١ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانى ورمێ و سنە بەردەوامیی هەیە.

رەزا ئیسماعیلی، کەیوان زارع، ئومێد سەعیدی، سیامەک ئەشرەفی، کەیوان رەشۆزادە، کامەران قاسمی، کامەران دەروێشی، ئیرەج سۆفی محەمەد لە زیندانى ناوەندیی ورمێ لە مانگرتندان. مستەفا سەبزی لە زیندانی خۆی، پەروین ئەدوایى و فەریدە وەیسی لە چاکسازی و پەروەردەی زیندانى ژنان لە سنە لە مانگرتندان.

لە ناو مانگرتوەکاندا باری تەندروستی هەر یەک لە کەیوان رەشۆزادە، کامەران قاسمی و کامەران دەروێشی خراپە، کە لە ژووری تاکە کەسیدا راگیراون.

لە ناو ٧ زیندانی سیاسیی کورد لە بەشی گەنجانی زیندانی ورمێ، کە لە مانگرتندا ٣ زیندانییان بە ناوەکانى کامەران قاسمی، کامەران دەروێشی و کەیوان رەشۆزادە لە رۆژی ٤ی رەشەمە / ٢٣ی شوباتەوە بە فەرمانی ئەمیر سوهرابی سەرۆکی زیندانی ورمێ گواستراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەشی کەرەنتینەی زیندانەکە.

دۆخی تەندروستیی ئەو ٣ زیندانییە لە ژووری تاکە کەسیدا زۆر خراپە و بە دەست و پێی کەلەپچەکراوی لە ژوورە تاکە کەسییەکاندا راگیراون و لە هەموو گەرمکەرەوەیەک تەنانەت بەتانی بێبەشکراون. پاسەوانانی ئەو زیندانە هەموو رۆژێک بە فەرمانی داواکاری گشتی و سەرۆکی زیندان دەچنە ژوورە تاکە کەسییەکانی ئەو زیندانیانە و سوکایەتیان پێدەکەن و تەنات چای خواردنەوەشیان پێنادەن.

بەپێى ئەو زانیارییانەى گەیشتوونەتە دەرەوەی زیندان، تاوەکو ئێستا بەلانیکەمەوە ئەو ٣ زیندانییە سیاسییە جارێک بە ئامادەبوونی راستەوخۆی سەرۆکی زیندانی ورمێ ئەشکەنجە کراون.

هاوکات ئیرەج سۆفی محەمەد زیندانیی سونە لە زیندانی ورمێ لە رۆژی ٢٠ی رەشەمە / ١٠ی ئادارەوە بەهۆی ناروونی دۆخی دەست بە مانگرتن کردووە.

مستەفا سەبزی زیندانییەکى تری سیاسیی کوردە و ئەویش لە دژی جێبەجێنەکردنی داواکەى بۆ گواستنەوەى زیندانی ماکۆ و بێبەشکردنی لە مافی وەرگرتنی مۆڵەت لە ١٢ی رەشەمە / ٢ی ئادارەوە دەستی بە مانگرتن کردووە.

هەروەها فەریدە ویسی و پەروین ئەدوایى ٢ زیندانیى سیاسیی ژن لە زیندانی چاکسازی و پەروەردەی سنە لە رۆژی ١٩ی رەشەمە / ٩ی ئادارەوە لە مانگرتندان.

فەریدە وەیسی چالاکوانی مەدەنیی کورد بڕیار بوو دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بە دانانی بارمتە ئازاد بکرێت، بەڵام تاوەکو لە زیندانی چاکسازی و پەروەردەى سنە راگیراوە و چارەنووسی نادیارە، بۆیە ئەوەش لە دژی ئەو دۆخەى بۆی دروستکراوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

پەروین ئەدوایى زیندانییەکى تری سیاسیی کوردە و ئەویش لە دژی رەتکردنەوەى داواکەى بۆ مۆڵەت وەرگرتن دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی یاسا و پەیڕەوی دەزگای دادوەریی ئێران بۆ زیندانەکان، ئەو زیندانیانەى سزای زیندانیەکەیان کەمتر لە ٥ ساڵ بێت مافی ئەوەیان هەیە مۆڵەت وەربگرن، بەڵام ئەو مافە لە پەروین ئەدوایی زەوتکراوە. پێش ئەوەى پەروین ئەدوایی بگوێزرێتەوە بۆ زیندانی نەشتەرگەریی غودەى بۆ کرابوو و لە ئێستادا پێویستی بە چاودێریی پزیشکیی ورد هەیە.

ژ.ت