خەڵکی باشووری کوردستان ئەمرۆش بۆ ئۆجالان لەسەرپێ بوون

لە کەرکوک، هەوڵیر، کەلار، ڕانیە ، سلێمانی و سەید سادق بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان بزانرێت، چالاکی ئەنجامدران. هاولاتیان داوایان کرد بە زودترین کات رێگا بە پارێزەران بدرێت سەردانی ئیمڕالی بکەن.

ئەمڕۆش لە شارەکانی ، هەوڵیر، کەلار، ڕانیە ، سلێمانی و سەید سادقی باشووری کوردستان بۆ ئاشکراکردنی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد چالاکی ئەنجامدران.

هەولێر

لە هەولێر بە دەستپێشخەری نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەوڵیر دەست بە رێپێوان کرا و تا بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بوو. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی 'بزیژ سەرۆک ئاپۆ و بێ سەرۆک ژیان نابێت' وترانەوە. لە چالاکیەکەدا داواکرا بە زودترین کات پارێزەران سەردانی ڕێبەر ئۆجالان بکەن و چاویان پێبکەوێت و لەبارەی دۆخی تەندروستی ئۆجالان و زیندانیانی تر زانیاری بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە.

کەرکوک

لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەدەستبهێنرێت بە دەیان کەس ڕژانە ناو شەقامەکان و چالاکیان ئەنجامدا.

بە دەیان هاولاتی کەرکوک دوای هەواڵەکەی ئاگرکەوتنەوە لە ئیمڕالی و بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر دۆخی ڕیبەر ئاپۆ لە گەڕەکی پەنجا عەلی کەرکوک چالاکیان ئەنجامدا.

چالاکیەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد. لە سەر ناوی چالاکوانان ئامەد کەرکوکی قسەی کرد و ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ بۆ کورد هێلێ سوورە. پێویستە زانیاری لەبارەی ئاگرەکەی ئیمڕالی ئاشکرا بکرێت. ئامانجی ئاگرەکە لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کوردە.

کەرکوکی ئاماژەی بە ئاگرکەوتنەوە لە ئیمڕالی کرد کە بەردەوامی پیلانگێڕیە و داوای لە هەموو هێز و ڕێکخستنەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیخوازانی جیهان کرد لەدژی هێرشی سەر ئۆجالان بێدەنگ نەبن و وتی، "داوا دەکەین لەسەر تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ زانیاری بڵاوکرێتەوە."

هەروەها داوای لە هەموو خەڵکی کەرکوک و باشووری کوردستان کرد بێدەنگ نەبن و لەدژی هێرشی سەر ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد دەست بە چالاکی بکەن.

چالاکی بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ و بێ سەرۆک ژیان نابێت' کۆتایی هات.

سلێمانی

بە دەستپێشخەریی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ڕێپێوانی بەمەشخەڵ لە شاری سلێمانی بۆ زانینی دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوەکرد، کە تا ئاشکرابوونی سەلامەتی ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی دیکە لەشەقامەکان دەمێننەوە.

ئەمشەو لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانییەوە بۆ سەهۆڵەکە ڕێپێوانێک بەمەشخەڵ بە دەستپێشخەریی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکوشەر بۆ زانینی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو.

لە ڕێپێوانەکەدا سەدان کەس لە گەنجان، ژنان و چین و توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی بە بەرزکرنەوەی مەشغەڵ و پۆستەر و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردبوو.

بەشداربووانی چالاکییەکە چەندین دروشمی وەک "'بژی سەرۆک ئاپۆ' ، 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'، 'بژی بەرخۆدانی ئیمرالیی'  'ئەی دوژمن باش بزانە ئاپۆ هێڵی سوورمانە'" یان دەوتەوە.

پاشان تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و دۆخی ئیمرالیی بە "پەلەقاژەیەکی بێ کاریگەری دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد" ناوبرد و وتی: دەوڵەتی تورک ئێستا دووچاری چەندین قەیران بووە و هەموو ڕێگاکان بۆ خۆدەربازکردن لەو قەیرانانە دەگرێتەبەر.

وتیشی: دەوڵەتانی داگیرکەر و زلهێز بیانەوێت یاخود نەیانەوێت، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو کلیلی چارەسەرییەی کە لە ئیمرالییە.

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا محەمەد بەکر، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: داوا لەهەموو ئازادیخوازان دەکەم هەستنە سەرپێ و بە تێکۆشانی مەدەنیی خاوەنداریی لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن.

کەلار

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان، سەبارەت بەزانینی دۆخی تەندروستیی و ئاسایشی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا، لە بەردەم پارکی لەیلا قاسمەوە بۆ ناو بازاڕی شارۆچکەکە.

ڕێپێوانەکە بە دروشمی" ئاگری ئیمراڵیی ئێوەش دەسوتێنێت" دەستیپێکرد، هەروەها دەیان پانکارت و وێنەی ئۆجالان بەرزکرانەوە لەگەڵ وتنەوەی دروشمی " بێ سەرۆک ژیان نابێ، ئەی دوژمن باشبزانە ئاپۆ هێڵی سورمانە" دواتر وتاری کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان پێشکەشکرا و کۆتایی بە ڕێپێوانەکە هات.

سەیدسادق

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچكەی سەیدسادق، گردبونەوەیەك لەسەر پردی ناوبازاڕی سەیدسادق ئەنجامدرا، تێیدا هاوڵاتیان دوایانکرد، کە دەستبەجێ ڕێگا بدرێت، کە پارێزەران سەردانی ئیمرالی بکەن، هەروەها دروشمەکانی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' ، 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'ئاگری ئیمرالی ئێوەش دەسوتێنێت' و چەندین دروشمی دیکەیان وتەوە.

هەرێم ئەبوبكر، بەیاننامەی دەستە چالاكی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، بۆ ڕای گشتی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن وەزیری ناوخۆی توركیای فاشیستەوە، ئەوە بڵاوكرایەوە كەئاگر بەربۆتە دورگەی ئیمراڵی، بەبڕوای ئێمەش وەك گەلی كورد ئەوە جۆرێكە لەئازاردان و بەرفراونكردنی ئەو شەڕە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەكوردستاندا بوونی هەیە، لەوەها هەلومەرجێكدا لەبێ‌ هەواڵیماندا لەسەلامەتی ڕێبەرمان هەلومەرجێك دەخولقێنین بەهیچ هێزێك كۆنترۆڵ نەكرێت، ئەركی لایەنە سیاسیەكانیشە بەرپرسیارانە هەستن بەئەركی خۆیان، بەئەركدارو بەرپرسیاربین لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەی ئێستا هاتۆتە پێشەوە، كاربكرێت تافشارێكی توند دروستبكرێت، هەرچی زووە دیداری ئەنجامبدرێت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بۆ دڵنیابوون لەتەندروستی و ساغ و سەلامەتیان، ئەنجامبدرێت.

ڕانیە

ئەنجومەنی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخستنی ژنانی گەنجی تێکۆشەری هەرێمی ڕاپەرین لە ڕانیە لەبارەی ئاگرکەوتنەکەی ئیمڕالی کۆبووە. گەنجان دوای کۆبوونەوەکە پلانسزی چالاکیان ئاشکرا کرد. گەنجان ڕایانگەیاند تا زانیاری لەبارەی دۆخی عەبدوڵلان ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بڵاونەکرێتەوە بێوەستان لە گۆڕەپانەکاندا دەبن و چالاکیەکانیان بەردەوام دەبن.

ف.ق