لە ئەنجامی کۆبونەوەی گەلی ناوچەی دۆڵی شاورێ، زینی وەرتێ، گوندی پڵینگان، دەڤەری ڕاپەڕین و سەرجەم ئەو گوندانەی کە دەکەونە نزیک زینی وەرتێ و لە هاتنی ئەو هێزە زەرەرمەند بوون، چەند بڕیارێکیان دا و بە شێوەی بەیاننامە پێشکەشی ئەو هێزەیان کرد کە لە زینی وەرتێ جێگیر کراون.
کۆسرەت خدر لەسەر ناوی جەماوەری ناوچەکە ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و تیایدا ئاماژەی پێکرد: "هەڵقوڵاو لە خواست و ناڕەزایی خەڵکی ناوچەکە، لە پاش ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی فراوان لە مزگەوتی دارەبەن لە بەرواری ١٩ی نیسانی ٢٠٢٠ لە دوای وەرگرتنی بیر و ڕا و سەرنج و تێبینیە جیاوازەکان، تەواوی ئامادە بوان لەسەر ئەوە کۆک بوون، کە هەبونی سەرجەم هێزە جیاوازەکان لەسەر زینی وەرتێ زۆر ناتەندروستە و بووەتە هۆی دروستبونی مەترسی لەسەر ناوچەکە و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا گەلی ناوچەکە چەند داوایەکیان پێشکەشی ئەو هێزە چەکدارانە کرد، کە لە دوو خاڵدا خۆی دەگرێتەوە و داواکانیان بەم شێوەیەیە.
- پێویستە سەرجەم هێزە چەکدارەکان لەسەر زینی وەرتێ پاشەکشە بکەن و بە زوترین کات بارودۆخی ناوچەکە وەک شێوەی بەر لە هاتنی پەتای کۆرۆنا و ئەو هێزە چەکدارە ئاسایی بکرێتەوە.
- ئەگەر خاڵی یەکەم جێبەجێ نەکرا، ئەوا خەڵکی هەردوو دیوی ناوچەکە کۆکن لەسەر ئەوەی فشاری جەماوەری بەرفراوان لە هەردو دۆڵەکە بۆ سەر زین ڕێک بخرێت و بە فشاری جەماوەری و مەدەنی هێزە چەکدارەکان ناچار بە پاشەکشە بکرێن.
خەڵکی ناوچەکە پێیان وایە ئەو هەڵوێستە لە پێناو ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پارێزراوی ناوچەکەیە لە مەترسی هەر بەریەکەوتنێکی چەکداری و پیلانگێڕێ دەزگا هەواڵگرییە دەرەکیەکان.
هەروەها کۆسرەت ئاماژەی بەوەشپێکرد، ئەو ڕاگەیەندراوە پێشکەش دەکەن بە سەرجەم لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان، سەرۆکایەیتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕەگەیاندن.
ژ.ت