د. باهۆز ئەرداڵ: گەریلا وەڵام دەداتەوە

د. باهۆز ئەرداڵ رایگەیاند، لەنێوان ئێمە و دەوڵەتی تورک دا شەڕێکی گەورە هەیە. ئەوەی لە خواکورک هەیە نە یەکەم ئۆپەراسیۆنە و نە کۆتا ئۆپەراسیۆنیشە، بێگومان گەریلاکانی کوردستان وەڵامی پێویستیان دەدەنەوە.

د. باهۆز ئەرداڵ یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە- HPG)یە و بەبۆنەی ١٥هەمین ساڵوەگەڕی هەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ / ١١ی جۆزەردان وەڵامی پرسیارەکانی تەلەفزیۆنی 'ستێرک'ی دایەوە.

د. باهۆز ئەرداڵ باسی لەوە کرد، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی هەنگاوێکی ستراتیژی نا و دوای ساڵی ١٩٩٩ ئاگربەستی دەستپێکرد.

د. ئەرداڵ باسی بەوەشیکرد، ئۆجالان بۆ چارەسەریی سیاسیی کێشەی کورد هەلێکی دایە دەوڵەتی تورک، بەڵام دەوڵەتی تورک باش بەکاری نەهێنا و بە بێبایەخی لە بابەتەکەی ڕوانی و دەوڵەتى تورک لە ساڵانی ٢٠٠٢ - ٢٠٠٣ ئەوەی سەلماندەوە، کە  جگە لەناوبردن و سڕینەوە هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە.

ئەرداڵ لە بەردەوامیى شیکارییەکەیدا ئاماژەى بەوەکرد، ئەو کاتە هێزە نێونەتەوەییەکان لە رێگەى عێراقەوە دەستێوەردانێکی تازەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدابوو و ئاماژەى بەوەشکرد: "دەیانویست لەو دەستێوەردانەدا شۆڕشی کوردستانیش وەکو کارەکتەرێکی چالاک نیشان بدەن. دەیانویست کورد بکەنە ئامرازێک کە بتوانن مامەڵەی پێوە بکەن. ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بوایە زیان بە دۆز و گەلەکەمان دەگەیشت، بۆیە ساڵی ٢٠٠٢ لەناو ئێمەدا گفتوگۆیەک دەستیپێکرد. ئەستەم بوو ئاگربەستی یەکلایەنە بەو شێوەیە بەردەوام بێت؛ ئەو شتە بۆ ئێمە و گەلەکەمان بە مانای بێ خەبات بوون و خۆبەدەستەوەدان بوو. وەرگرتنی بڕیاری هەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ /١١ی جۆزەردان بۆ تەڤگەرەکەمان لەڕووی ژان، بەرخودان و تێکۆشانەوە پێویستییەکی مێژوویی بوو. لە ناو گەلەکەشماندا سوربوون بوو لەسەر ئازادی و بەرخودان هەبوو".

ئەرداڵ ئەوەی خستەڕوو، کە خۆبەدەستەوەدانیان بەسەردا دەسەپێندرا و بە گەریلایان دەوت 'یان خۆتان بە دەستەوە بدەن یان لەناوتان دەبەین'، بەڵام گەریلا و گەل بڕیاری خۆیان بۆ بەرخودان و ئازادی دا.

ئەرداڵ ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری هەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ / ١١ی جۆزەردان بەو واتایە بوو، کە کورد لەو هاوسەنگییە تازەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەبێتە هێزێکی خاوەن ئیرادە و کاریگەر، یان دەبێتە هێزێکی بێ رۆڵ، کە تەنها شوێنێکى پڕکردووەتەوە بۆ پڕکردنەوە بەکار دەهێنرێت.

د. ئەرداڵ هەروەها ئەوەشی وت، هەنگاوی ١ی حوزەیران/١١ی جۆزەردان، بڕیاری شەڕێکی نوێ نەبوو، بەڵکو بڕیار بوو لە دژی سیاسەتى ئەشکەنجە، زوڵم و ئۆپەراسیۆن و نکۆلیکردن و سڕینەوەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە گەلەکەمان و سوربوون بوو لەسەر هێڵی بەرخودان.

کاریگەری و ئەنجامەکانی هەڵمەتی ١ی حوزەیران

لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵمەتەکەوە ئەرداڵ وتی: "دۆزی کوردستان گەیشتە ئاستی چارەسەریی سیاسی و ئەوەش گەورەترین ئەنجامە. ئەوەش زۆرترین بێزاریى دەوڵەتى تورکی لێکەوتووەتەوە، چونکە ئەوان بەردەوام دەیانەویست کێشەی کورد لە چوارچێوەی 'تیرۆر و کێشەی ئاسایشی'دا بناسێنن، بەڵام تێکۆشانی ئەم ١٥ ساڵەی دوایی وایکرد، کە کێشەی کورد لە رووی سیاسی، کولتوری، مێژووی و ئابوورییەوە بکاتە رۆژەڤی تورکیا".

د. باهۆز ئەرداڵ لەبارەی کاریگەریی هەڵمەتەکە لە باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستان وتی: "هەڵمەتی ١ی حوزەیران / ١١ی جۆزەردان لە باکووری کوردستان هێزی بە گەلەکەمان بەخشی و هیوایەکی مەزنی خوڵقاند. رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و بواری خۆڕێکخستنکردنی خوڵقاند. لە رووی سیاسییەوە یەکێتیی گەلەکەمانی پتەوتر کرد و وایکرد خەباتە کۆمەڵایەتییەکەی بەرەو پێشەوە ببات.

ئەو هێزانەی لە باشووری کوردستان رەخنەیان لێ دەگرتین دواتر سوودەکەیان بینی. بینینان، کە چۆن بەکەڵکی باشوور دێت. ئەوان دەیانوت 'سەردەمی بەرخودان لەسەر بنەمای هێڵی گەریلا و فراوانکردنی ئەو هێڵە بەسەرچووە'، بەڵام لە سالی ٢٠٠٨دا و ئەو کاتە ئاکەپە هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان و دەستیکرد بە هەڕەشەکانی 'من فیدراڵی قەبوڵ ناکەم و ئەوانە چەند سەرۆک هۆزێکن و خۆیان بە چی دەزانن'. هێرشی کردە سەر زاپ و ئەوەش هاوکات هێرش بوو بۆسەر باشووری کوردستان. گەلەکەمان لە باشوور بینیان ئەگەر گەریلاکانی کوردستان نەبن هیچکات ناتوانرێت بەرژەوەندییەکانی باشووری کوردستان بپارێزرێن.

بە هەنگاوی ١ی حوزەیران / ١١ جۆزەردان گەریلا بەهێز بوو و نوێبوویەوە. کاتێک داعش هێرشی کرد، کەس نەچوو بە هاواری گەلی باشوورەوە. ئیدارەی باشوور داوای هاوکاریی لە ئەردۆغان کرد، بەڵام فیشەکێکیشی پێنەدان و هاوکاریی داعشیشی کرد. کێ چوو بە هاواری باشوورەوە؟ گەریلا چوو بە هاواریانەوە. ئەگەر ئەو پێگە و ستاتۆیەی ئێستا لە باشوور بەهێز کرا و پارێزرا، رۆڵی هەڵمەتی ١ی حوزەیران / ١١ی جۆزەردان و خەباتی گەریلای تیادایە.

نەک تەنها لە باشوور، ئەگەر هەڵمەتی ١ی حوزەیران / ١١ی جۆزەردان نەبوایە گەریلا کۆتایی پێدەهات. ئەو شۆڕشەی رۆژئاواش بەدەینەدەهات و داعش نەدەوەستێندرا. ئەگەر ئێستاکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد و کوردستان قورساییەکی هەیە، ئەگەر حیزب و هەموو پارچەکان وەکو راستییەک دەبیندرێن و دەتوانن دۆستایەتی بکەن، ئەوەی ئەنجامی هەڵمەتی ١ی حوزەیران / ١١ی جۆزەردانە. پارچەکانی کوردستان هەموویان بەهێز بوون".

ئێستا بەرخودانێکى گەورەى گەریلا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دا هەیە

ئەرداڵ سەرنجی راکێشایە سەر شەڕی ئەم دواییەی کوردستان و وتی: "ئێستا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بەرخودانێکی گەورەی گەریلا هەیە و بێگومان هەموو رۆژێکیش قوربانی دەدرێت. دەبێت ئێمە بزانین؛ ئەمڕۆکە لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان شەڕ هەیە. لە جیاتی هەلیکۆپتەری کۆبرا و ئامرازەکانی دیکەی شەڕ، رۆژانە بەدەیان فڕۆکە هەڵدەستن و هەزاران سەرباز ڕەوانەی شەڕ دەکرێن. واتە لەم وڵاتەدا شەڕێکی گەورە هەیە. گەریلا بە گیانفیدایی، ئارامگرتن، بە ئیرادە و قوربانییەکان شەڕێکی مێژوویی و بەرخودانێکی گەورە بەڕێوەدەبات. گەریلا بەو شێوەیە هێرشەکانی داگیرکەران و سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوە تێکدەشکێنێت. وەکچۆن گەریلا لەو ٤٠ ساڵەدا و بەتایبەت لەو ١٥ ساڵەی دواییدا، لەو ئەزموونە مەزنەدا سەرکەوت لە ئێستاش بەدواوە کۆنسێپت و چەمکەکانی هێرش، ئۆپەراسیۆن و سیاسەتی هێرشکاری تێکدەشکێنن. لە ئێستا بەدواوەش دەوڵەتی تورک بە قورسی باجی ئەو شەڕە دەدات و ناچار دەبێت بودجە و باج و پارەیەکى زۆر بۆ شەڕ تەرخان بکات.

گەریلاکانی کوردستان وەڵامی پێویستیان دەدەنەوە

لەبارەی شەڕی خواکورکیش ئەرداڵ وتی: "لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورک لە کوردستاندا شەڕێکی گەورە هەیە. لە باکوری کوردستان لە هەر شوێنێک  فرسەت و دەرفەتیان دەست دەکەوێت ئۆپەراسیۆن دەکەن. لە رۆژئاوای کوردستان کاتێک فرسەت و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت دەیانەوێت هێرش بکەن. لە باشووری کوردستانیش دۆخەکە بەم شێوەیەیە، 'ئۆپەراسیۆنەکانی خاکورک نە یەکەمین ئۆپەراسیۆنە و نە کۆتا ئۆپەراسیۆنیشە. واتە ٣٥ ساڵە ئۆپەراسیۆن دەکەن. خۆی هەموو رۆژێک بە فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە هێرش دەکەن، واتە لە باشووری کوردستانیش شەڕ هەیە. داگیرکەری تورک و هەڵوێستی ئەو حیزبە سیاسییانەی باشووری کوردستان بەڕێوەدەبەن باشووری کوردستان دەکاتە گۆرەپانی شەڕ. شەڕ لەدژی دەوڵەتی تورک بۆ گەریلا شتێکی تازە نییە. تەڤگەری گەریلا خاوەن ئەزموونێکی ٣٥ ساڵەیە. وەکچۆن لەو ٣٥ ساڵەدا بێ ئەنجام ماونەتەوە، هێرشەکانی خاکورکیش بە بێئەنجام دەمێننەوە. ساڵی رابردوو جارێک تاقییان کردەوە و هاتن لەسەر گردێک جێگیر بوون و لەو کاتەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی قورس باجەکەی دەدەن. هەموو رۆژێک چەندین سەرباز دەکوژرێن. ئەوە بۆ ئەوان شتێکی ئاسانی وەکو چوونە سەیران نییە، لە هەر هەنگاوێکدا بێگومان گەریلاکانی کوردستان وەڵامی پێویستیان دەدەنەوە. گەریلا خاوەن ئەزموونە؛ رێگای ئەو وەڵامدانەوانە دەدۆزنەوە. لە بەرخودانی گەریلاکان دا گرفتێک نییە. لە باشوور، باکوور، یان ناوچەیەکی دیکەی کوردستانیش بێت، لە هەرکوێیەک هێرش کرا گەریلا پاراستنی کورد و کوردستان وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی ئەنجام دەدات".

ر.م