د. یوسف محه‌مه‌د سەرۆکی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی پەرلەمانی هه‌رێمی کوردستان كه سەرۆکی لیستی گۆڕانه له پارێزگه‌ی سلێمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات - ANF دوا. د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رنجی خسته سه‌ر هه‌ڵبژاردنی عێراق و به‌رنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی توركیا و داگیركاریی توركیا له باشووری كوردستان كرد.
«گۆڕانكاری گه‌وره له كارنامه‌ی ئێمه‌دا ڕووی نه‌داوه»
د. یوسف محه‌مه‌د ده‌رباره‌ی كارنامه‌ی لیسته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی ١٢ی ئایار\٢٢ی بانه‌مه‌ڕ-ی عێراق گوتی: «گۆڕانكارییه‌كی گەورە لە كارنامه‌ی ئێمه‌دا ڕووی نه‌داوه. ئێمە لە خولەکانی پێشوو (٢٠١٠ - ٢٠١٤ و ٢٠١٤ - ٢٠١٨)دا، چەندین پرۆژەمان پێشکەشی پەرلەمانی عێراق كرد، بەڵام بەداخەوە پرۆژەکانی ئێمـە لەبەرچاو نەگیران. ئێمه پێمان وابوو دەبێت پرسی سەربەخۆیی و جیابوونەوە بخه‌ینه كاتێكه‌وه کە لە بواری سیاسی، ئابووری و سەربازی ئامادەبین، ئینجا داوای سەربەخۆیی بکەین. بەڵام ئەو پرۆژەیه‌ی ئێمە لە بەرچاو نەگیرا و لە ئەنجامدا له‌و ڕیفراندۆمەی کە کردمان نیوه‌ی خاکی باشووری کوردستان‌مان دۆڕاند.»
سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له پارێزگه‌ی سلێمانی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئه‌وان پێیان وابووه كه دەبێت لە مەلەفی نەوتدا شه‌فافیەت هەبێت، بەڵام وه‌ها نه‌بووه. له‌و باره‌یه‌وه گوتی: ئابووریی سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت بوو به هۆی كێشه بۆ گەلی باشووری کوردستان.
«له ڕێی ڕیفراندۆمه‌وه قومار به داهاتووی گه‌لێك كرا»
دەربارەی ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری كوردستان، د. یوسف محه‌مه‌د ڕایگه‌یاند: «پێمان وایه دەبێت كارێكی وه‌ها بکەین کە نەتەوەکانی دیكه بخوازن لەگەڵ ئێمە به‌یه‌كه‌وه بژین، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر وه‌ها نەکراوه بەڵکو به‌شێكی کوردیش ئێستا نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێمە بژین. بۆیە ئێمه لەم خولەی پەرلەماندا لەگەڵ هه‌ندێك گۆرانکاری نوێ، لەسەر پرۆژەکانی پێشووترمان کار ده‌كه‌ین.»
د. یوسف محه‌مه‌د دەربارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ساڵی ڕابردووی باشووری کوردستان گوتی: «قومارکردن بە داهاتووی گەلێک لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە، دەرئەنجامەکەی لەدەستدانی کەرکووک بوو كه بەداخەوە کاره‌ساتێكی مێژوویی بوو. بەدرێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو هچ کاتێك کورد لە باشووری کوردستان هێنده‌ی ساڵی ٢٠١٤ - ٢٠١٦ ده‌سه‌ڵاتی بەسەر خاکی خۆیدا نەبووە، بەڵام لە ڕێگه‌ی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێكی هەڵە و مامەڵکردنی هەڵە له به‌رانبه‌ر دەرئەنجامه‌کانی ڕیفراندۆم، بوو به هۆی لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاکی باشووری کوردستان. ته‌نیا ئەوەش نا، بەڵکو لە خانه‌قینه‌وه تا عەفرین زه‌ره‌رمان کرد لەو ڕیفراندۆمە.»
«گۆڕینی ده‌ستووری عێراق ئاسان نییه»
له درێژه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له پارێزگه‌ی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌و دەنگۆیانه دا کە ده‌گوترێت به زۆرینه‌ی دەنگ لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری لە دەستوور ده‌كرێت. ناوبراو گوتی: گۆڕانكاری له دەستووری عێراق كارێكی ئاسان نییه، چونکە لە دەستووردا گه‌ره‌نتی مافەکانی هه‌رێمی کوردستان کراوە بە شێوازێك ئەگەر هەر گۆڕانکارییه‌ك لە دەستوور بکرێت کە په‌یوه‌ندی بە هه‌رێمه‌وه هه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێت پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێی ڕازی بێت ئینجا گۆڕانكاری دەکرێت.
«ئێمە لە عێراق داکۆکی لە مافەکانمان ده‌كه‌ین کە لە دەستووری عێراق چه‌سپاون. ئێمه ده‌زانین کە لە عێراقدا هه‌ندێك حیزب کار لەسەر ئەوە دەکەن عێراق بە شیوازێكی مه‌ركه‌زی به‌ڕێوه‌ببرێت، هه‌روه‌ها درووشمی توندی نەتەوەپەرستی و مەزهەبی ده‌ڵێن، بە هەمان شێواز ئەو جۆرە کارە لەنێو هەندێک حیزبی كوردیش هەیە، بەڵام هەردوولا کاتێک بەرژەوندییەکانیان دەکەوێتە مە ترسییەوە، ڕێكده‌كه‌ون. بۆ نموونە درووشمی عێراقی مەرکەزی نووری مالیكی بەرزی کرده‌وە، لە هه‌رێمیش بارزانی درووشمی سەربەخۆیی بەرز كرده‌وه، بەڵام لە دواییدا ژێر بە ژێر خەریكی ڕێككه‌وتنن. نابێ گەل چەواشە بکرێت. ئێمە لە چوارچێوه‌ی عێراقدا داوا ده‌كه‌ین کە هاوڵاتیی کوردستان لەگەڵ هاوڵاتیی بەسرا یەکسان بێت.»
«پێویسته كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌سترێت»
دەربارەی گرینگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی كورد، د. یوسف محه‌مه‌د ده‌ستنیشانی كرد كه ئەو ڕووداوانەی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووه کە کورد ته‌نیا دەتوانێت دۆستی خۆی بێت.
«لە کاتی ڕیفراندۆم هەموو دەوڵەتانی دراوسێ پشتیان لێمان کرد، هەڵەی پارچەیه‌کی کوردستان کاریگەری لەسەر پارچەکانی دیكه‌ش دەبێت، بۆ نموونە هەڵەی كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، له عه‌فرین باجەکەی درا. هەروەها ئەو ڕوودانە ئەوەی سه‌لماندووه كه دەبێت ئێمه کار بۆ ئه‌نجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بكه‌ین بە زووترین کات. ئێستا لە هه‌موو كات زیاتر كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی پێویسته. بۆیە من بەتەواوەتی پشتگیری ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەم»
«هێرشی توركیا، پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستانه»
د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رنجی ڕاكێشایه سەر بوونی بنكه‌سه‌ربازییه‌كانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و گوتی: بوونی ئەو هێزانە بە واتای پێشێلكردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دێت. ئیمە پێمان وایە کێشە کورد بە شەڕ چارەسەر نابێت، وە مێژووی نیو سەدە لە باکووری کوردستان ئەوەی سه‌لماندووه کە تورکیا ناتوانێت بە شه‌ڕ کێشەی کورد چارەسەر بکات. بۆیە هیوادارین دەسەڵاتدارانی تورکیا بچنه‌وه سەر مێزی گفتوگۆ و كێشه‌ی کوردان لە باکووری کوردستان بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن.
«ئه‌گه‌ر مافی ده‌نگدانم هه‌بوایه، ده‌نگم به ده‌میرتاش ده‌دا»
د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له پارێزگه‌ی سلێمانی باسی له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی توركیا كرد كه بڕیاره له ٢٤ی حوزه‌یران به‌ڕێوه‌بچێت. ناوبراو گوتی: پیرۆزبایی له سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌كه‌ین كه ئێستا لە زیندانەوە پاڵێوراوه بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا. هیوای سەرکه‌وتنی بۆ دەخوازم. ئەگەر مافی دەنگدانمان هه‌بوایه، بێگومان ئێمە ده‌نگمان بۆ ده‌میرتاش دەدا.
«با ئۆپۆزسیۆن نه‌بن له به‌رانبه‌ر ئۆپۆزسیۆن»
لە کۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا، د. یوسف محه‌مه‌د باسی له دروستبوونی هێزی نوێی ئۆپۆزسیۆن كرد له باشووری كوردستان و گوتی: دەربارەی دروستبوونی هێزی نوێی ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕه‌پانی هەرێمی کوردستان، ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه. هیوادارین ئه‌و هێزانه ئۆپۆزسیۆن نەبن له به‌رانبه‌ر ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵكو ئۆپۆزسیۆن بن له به‌رانبه‌ر دوژمن، هه‌روه‌ها هاوکارمان بن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دەسەڵات و به‌دیموكراتیكردنی عێراق و هه‌رێمی کوردستان.
s.m