داخستنی دووکان و بازاڕی بانە؛ لە سێیەمین ڕۆژی خۆیدایە

مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شاری بانە و پیرانشار کەوتە سیەمین ڕۆژی خۆی.

 

ماوەی سێ ڕۆژە کە خەڵکی شاری بانەـ‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی بڕیاری داخستی خاڵی سنووری "کۆنەمیروو"، دووکان و بازاڕیان داخستووە.

 لە شاری پیرانشاریش بە هەمان مەبەست و لەدژی بڕیاری داخستنی خاڵەسنوورییە نافەرمییەکان و هەموو ئەو ڕێگەیانەی کە دەچنەوە سەر ئەو خاڵەسنووریانە، دووکانەکانیان نەکردۆتەوە.

زانراوەکە هێزێکی زۆری ئەمنی و چەکداری کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی سەرکوتکردنی ئەگەری ڕژانە سەر شەقامی هاووڵاتیان هاتوونەتە شاری بانە.

هەر ئەوڕۆ ڕاگەیەنرا کە ڕێکخراوی حکوومی پەیوەندیدار (ئەماکن) ویستوویەتی بەزەبری هێز و هەڕەشە لە دووکانداران، ناچاریان بکات کە دووکانەکانیان بکەنەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.

داخستنی ئەو خاڵەسنوورییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەمانای وشککردنی سەرچاوەکانی ژیانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانن کە هەموو بژێوی ژیانیان لەو ڕێگەیەوە پەیدا دەکەن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ساڵانە دەیان کەس لە کاسبکارانی سەر سنوور، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەکوژرێن و بریندار دەکرێن.