دادگاییکردنی گیراوانی دۆسیەی نسێبین بەردەوامە

لە چوارچێوەی دۆسیەی نسێبین-دا، دانیشتنی دادگاییکردنی ٣ لە دەستگیرکراوان بەڕێوە چوو، هەروەها سزای هەتاهەتایی و ٢٦ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر نورولا ئاکیوز-دا سەپێندرا.

دانیشتنی دادگاییکردنی ٧٠ کەس کە ١٧ کەسیان منداڵن بەردەوامە کە دوای قەدەغەکردنی بڕیاری هاتوچوو لە ناوچەی نسێبینی سەر بە مێردین، لە ٢٦ی گوڵانی ٢٠١٦ دەستگیر کرابوون. لە چوارچێوەی دانیشتنەکانی چوارەمین دادگای سزا قوڕسەکانی مێردیندا، ئەمڕۆش دانیشتنی دادگاییکردنی ٣ لەو دەستگیرکراوانە بەڕێوە چوو.

ئاکیوز: من دادگای فاشیزم قبوڵ ناکەم

نورولا ئاکیوز کە لە بەندیخانەی ئەمنی باڵا-ی ناوچەی خارپێت زیندانییە، لە دادگا وتی:"هیچ فتوایەک بۆ سزادانی من بوونی نییە. تەنها چورچێوەیەک داتاشراوە بۆ ئەوەی تاڵانکار و هێرشی هێزەکانی دەوڵەت رەوا پیشان بدات. دەسەڵاتی داواکاری گشتیش بووە بە هاوکاری کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەت. من گەلەکەم دەناسم و تەنها ئەو دەتوانێت دادگاییم بکات. من دادگای فاشیزمی سەر بە سیستمی ئیمپریالیزم قبوڵ ناکەم. ئێوە بۆتان نییە لێرە دادگاییم بکەن. جگە لە گەلەکەم هیچ هێزێک ناتوانێت لێپرسینەوەم لەگەڵدا بکات."  

پارێزەر قەهرەمان: وتەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیران

پارێزەر علی قەهرەمان وتی:" گیراوان ئەو وتانەیان قبوڵ نەکردووە کە لێیان وەرگیراوە و رایدەگەیێنن، وتەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون. ئەمەش بە وێنە پیشان دراوە. لەم بارەیەوە راپۆرتێک ئامادە کراوە. بریگرتەکەم تاوانەکەی تەنها ئەوەیە لە نسێبین ببوە. لەوێ مانەوەش تاوان نییە."

سزای هەتا هەتایی

دوای خۆپاراستنی ئاکیوز، دادگا بڕیاری خۆی ئاشکرا کرد. ئاکیوز لە ماوەی خوێندنەوەی بڕیارەکەی دادوەردا، دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"ی دوتەوە.

دادگای بڕیاری هەتا هەتایی و ٢٦ ساڵ و ٦ مانگ سزای زیندانی بەسەر ئاکیوزدا سەپاند.

دانیشتنی دادگاییکردنی دوو لە گیراوان دواخرا

دانیشتنی دادگاییکردنی نووبەهار ئوزدەمیر کە لە گرتووخانەی ژنانی ناوچەی قەیسەری دەستبەسەرە، بەڕێوە چوو. ئوزدەمیر و پارێزەرەکەی عوسمان زووهات بیلەن بەشداری دانیشتنی دادگاییەکە بوون.

بیلەن رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە نسێبین چوونەتە دەرەوە ئەشکەنجە دراون و ئەو پۆلیسانەی ئەشکەنجەکەیان ئەنجامداوە، ئێستا لە هۆڵی دادگاکەن. بیلەن داوای کرد، ناوی ئەو پۆلیسانەی ئەشکەنجەکەیان ئەنجامداوە، ئاشکرا بکرێت.

لیژنەی دادگا هەموو داواکارییەکانیان رەتکردەوە و دانیشتنەکەیان بۆ ٢٨ی مانگی شوبات دواخست.

دواتریش دانیشتنی دادگاییکردنی ئیبراهیم تۆکتاش بەڕێوە چوو کە لە بەندیخانەی پیتی (T)-ی سوێرەگ گیراوە. بە هەمان شێوە دادگا بڕیاریدا دانیشتنی دادگاییەکە بۆ ٢٨ی شوبات دوابخات.

ز.ش