داعش هێرشی کردە سەر ناوەندی قەزای خورماتوو

ئێوارەی ئەمرۆ ٤ گولە هاوەن ئاراستەی ناوەندی قەزای خورماتوو کران.

ئێوارەی ئەمرۆ بە ٤ گولە هاوەن هێرشکرایە سەر گەرەکی ئیمام ئەحمەد لە ناوەندی قەزای خورماتوو، بەپی ئەو ئامارە سەرەتایانەی دەست ئاژانسی هەواڵی فورات کەوتووە، لە ئاکامی ئەو هێرشە دا چوار کەس بریندار بوون.

دەربارەی ئەم هێرشە، عەمید حوسێن عەلی بەرێوبەری پۆلیسی خورماتوو بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "نزیک کاتژمێر ٦ی ئێوارە قەزای دووزخورماتوو بە چوار گولە هاوەنی ٨٢ملم هێرشکرایە سەری."

هەروەها عەمید حوسێن عەلی ڕاشیگەیاند: "گولە هاوەنەکان لە ناوچەیەکی نزیک گوندی شێراو ئاراستەی گەرەکی ئیمام ئەحمەد کرا لە ناوەندی قەزای خورماتوو."

دەربارەی زیانەکانی ئەو هێرشە عەمید حوسێن عەلی بەرێوبەری پۆلیسی دوزخورماتوو ڕایگەیاند:" ژمارەی قوربانیانی هێرشەکە ٤ بریندارە، منداڵێک و ژنێک دوو پیاو بریندارن و برینی هەر چواریان سوکە."

ز.ش