دانیشتنێكی دیكه‌ی دادگه ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی نسێبین به‌ڕێوه‌چوو
چواره‌مین دانیشتنی دادگه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی نسێبین به‌ڕێوه‌چوو. له دانیشتنه‌كه‌دا زیندانییان سڵاویان ئاراسته‌ی ئۆجالان كرد و داوای كۆتایی هێنان به گۆشه‌گیرییان كرد.
چواره‌مین دانیشتنی دادگه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی نسێبین به‌ڕێوه‌چوو. له دانیشتنه‌كه‌دا زیندانییان سڵاویان ئاراسته‌ی ئۆجالان كرد و داوای كۆتایی هێنان به گۆشه‌گیرییان كرد.
له كاتی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ له شاری نسێبین، له ٢٦ی ئایاری ٢٠١٦دا ٥٣ كه‌س به‌ند كران. ئه‌مڕۆ له چواره‌مین دادگه‌ی سزاقورسه‌كانی مێردین چواره‌مین دانیشتنی دادگه له ڕێوشوێنێكی ئه‌منیی توونددا به‌ڕێوه‌چوو. په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) توما جه‌لیل، چه‌ندین ئه‌ندامی هه‌ده‌په، خانه‌واده و پارێزه‌رانی زیندانییان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بوون.
«به لێدان كوێریان كردم»
له دانیشتنه‌كه‌ی دادگه‌دا، زیندانی؛ عوسمان بۆزكورت به‌رگری له خۆی كرد و گوتی: «بۆ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ی من كراون، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. من ئه‌م تۆمه‌تانه ڕه‌تده‌كه‌مه‌وه. ٦ ڕۆژ ده‌ستگیر كرام، ئه‌شكه‌نجه‌ی دژه‌مرۆڤایه‌تی درام. هه‌رچه‌نده له توركیا باسی قه‌ده‌غه‌بوونی ئه‌شكه‌نجه ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتاش ئه‌شكه‌نجه به‌رده‌وامه. به شێوه‌یه‌كی جه‌سته‌یی و ده‌روونی ئه‌شكه‌نجه درام. شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه هێشتا به‌سه‌ر جه‌سته‌مه‌وه ماوه. به لێدان منیان كوێر كرد.»
«وه‌ك جزیر ئێوه‌ش ده‌سووتێنین»
بۆزكورت ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئیفاده‌یان لێ وه‌رگیراوه، له‌ژێر زه‌خت و زۆرداریدا ئیفاده‌یان داوه. گوتی: «ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی تووندی هێزه ئه‌منییه‌كان بووینه‌وه. هه‌میشه پێیان ده‌گوتین [دوعا بۆ هه‌ده‌په بكه‌ن كه ئێوه‌ی كرده ڕۆژه‌ڤی ڕاگه‌یاندن، ده‌نا هاوشێوه‌ی جزیر ئێوه‌شمان ده‌سووتاند.] زۆر ئه‌شكه‌نجه‌یان داین.»
«نه‌یانتوانی بیناسازیی ئه‌خلاقی و سیاسیی نسێبین خرا بكه‌ن»
ئه‌و زیندانییه له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: «دامه‌زراوه‌ی سیاسیی توركیا ئیفلاسی كردووه. له‌گه‌ڵ ئیفلاسكردنی سیاسی، ڕاستیی نسێبینیش ئاشكرا بوو. له نسێبین ده‌وڵه‌ت ئیفلاسی كرد و سه‌رنه‌كه‌وت. ئه‌م هۆڵی دادگه‌یی كردنه‌ش ئه‌نجامی ئه‌مه‌یه. وا دیاره حقووق و دادگه‌ش له ده‌ستی ئاكه‌په بێزار بووه. با هه‌موو كه‌س باش بزانێت كه كه‌س ناتوانێت بیناسازیی ئه‌خلاقی و سیاسیی نسێبین خرا بكات. سیاسه‌تی نه‌زانانه‌ی ئاكه‌په هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌مه بكات. ویستیان ئیراده‌ی ئازادی گه‌لی كورد له نسێبین ته‌سلیم بگرن، به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌وتن.»
بۆزكورت هێمای بۆ ئه‌وه كرد، جارێكی دیكه ده‌ركه‌وتووه كه ئاكه‌په ناتوانێت ئیراده‌ی گه‌لی كورد ته‌سلیم بگرێت. له نسێبین ده‌وڵه‌ت خۆی له‌ناوبرد. هه‌موو داموده‌زگه‌كانی كۆمار ئێستا له‌ژێر كاوله‌كاندان. خۆی له‌خۆیدا ده‌وڵه‌ت له‌ژێر كاوله‌كاندا ماوه‌ته‌وه. ده‌وڵه‌ت له به‌رانبه‌ر ڕاستیی نێسبین شكستی هێناوه.
ئۆجالان و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری
زیندانی عوسمان بۆزكورت له كۆتایی قسه‌كانیدا ناڕه‌زایه‌تی له به‌رانبه‌ر گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان پیشان دا و گوتی: «ئۆجالان چاره‌سه‌ری نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیكی هه‌یه. پێویسته ده‌موده‌ست هه‌لومه‌رجی گۆشه‌گیری هه‌ڵگیرێت. گه‌لی كورد به فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجالان هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی جینۆساید و مێتینگه‌ری پووچه‌ڵ كرده‌وه و تێكۆشانی ئازادیی خۆی درێژه‌پێدا. مۆدێلی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ده‌توانێت توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له قه‌یران ڕزگار بكات. ئه‌مڕۆ فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێز ئۆجالان هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت.»
پاش ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ران چه‌ند پرسیارێكیان له بۆزكورت كرد و ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه، دادگه بڕیاری دا سبه‌ینێ دانیشتنی دادگه به‌رده‌وام بێت و ڕۆژی ١٨ی تشرینی یه‌كه‌م\٢٦ی ڕه‌زبه‌ر-یش پارێزه‌ران وته‌ی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن.
s.m