دانیشتوانى قەندیل پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەم ئیدانە دەکەن

دانیشتوانى قەندیل هاوکات لەگەڵ ساڵیادی پیلانێگڕێى ٩ی تشرینى یەکەم لە دژی عەبدڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، سیستمى ئەشکەنجەى ئیمرالێیان ئیدانە کرد و داوایان کرد رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەو ناهەقیانە بێدەنگ نەبن.

رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی بە چوونەدەرەوەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە سوریا دەستیپێکرد. ٩ی تشرینى یەکەمەوە تاوەکو ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، رۆژی رفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان و رادەستکردنی بە تورکیا، پرۆسەیەک بوو لە دژی ئۆجالان و شوناسی و ئیرادەى سەربەخۆی کورد و هێڵی ئازادیخوازانە.

لە ساڵڕۆژی ئەو پیلانگێڕییە شومەدا، هاووڵاتییانى قەندیل وێڕای ئیدانەکردنى پیلانگێڕییەکە سیستمى ئەشکەنجەى ئیمراڵییان شەرمەزارکرد.

ژنێکى گەنج بە ناوی زیلان یەکێک لە دانیشتوانى قەندیلە و پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیى لەدژی رێبەر ئاپۆ ئیدانەکرد و ئاماژەی بە ٢٠ ساڵ لە دیلکردن و گۆشەگیرکردنى ئۆجالان لە زیندانى ئیمراڵی کرد بە تایبەت لەم ٣ ساڵەی دوایدا کرد، کە هەموو سەردان و چاوپێکەوتنێکى لێ قەدەغەکراوە.

ئەو هاووڵاتییە وتی "پرۆسەى رفاندنی رێبەری گەلی کورد بەهۆی دەست تێکەڵکردنى هەموو دەوڵەتەکانەوە بە ئەنجام گەیشت. دەوڵەتى تورکیا بە تەنها نەیدەتوانى ئەو کارە ئەنجام بدات. رێبەری گەلی کورد بۆ پێشگرتن لە کوشتار رێگای ئەوروپاى گرتەبەر و خۆی فیدای میللەتەکەى کرد".

وتیشی "رێبەری گەلی کورد هەرگیز بۆ خۆی و بەرژەوەندییەکانی و دەسەڵاتى خۆی کاری نەکردووە، بەڵکو هەموو کات لە رێگاى خزمەتکردن بە گەلەکەى و بۆ ئازادی و دیموکراسی تێکۆشاوە و لەبەر ئەو تایبەتمەندییانە کرایە ئامانجی پیلانگێڕییەکە".

گەنجێکى تری دانیشتوی قەندیل بە ناوی ئاریان محەمەد وێڕای ئیدانەکردنى پیلانگێڕیی نێودەوڵەتى داوای لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بێدەنگى بشکێنن و لە بەرابەر ئەو دۆخەدا کە بەسەر رێبەری گەلی کورد دا سەپێنراوە بێنە دەنگ.

ئاریان محەمەد باسی ئەوەیکرد "ماوەی ٢٠ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زیندانى تاکە کەسیى ئیمراڵیدایە و تەنها لە رێگەى بەرگرینامەکانییەوە پەیوەندیى لەگەڵ گەلەکەیدا دروستکردبوو، بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانى لە رێبەری گەلی کورد و دژایەتیى شەڕانگێزییەکانى دەوڵەتی تورکیا بکرێت، چونکە هیوامان ئەوەیە، کە رێبەری گەلی کورد بە خێرایى ئازاد بکرێت، چونکە ئازادیى رێبەر ئاپۆ ئازادیى هەموو کوردستانە".

هاووڵاتییەکى تری گەنج بە ناوی توانا لە قەندیل باسی لە سەپاندنی گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە دژی رێبەری گەلی کورد کرد و وتى "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نکۆڵی لە بوونی ئەشکەنجە دەکەن لە دژی رێبەر ئاپۆ، ئەوە نکۆڵیکردنە لە کاتێکدایە کە هەموو سەردان و چاوپێکەوتنەکانى لێ قەدەغەکراوە و هیچ هەواڵێک لەبارەى تەندروستی و ئاسایشییەوە لە بەردەستدا نییە. بۆیە داوا لە هەموو گەنجانی وڵاتپارێز دەکەم کە بۆ ئازادیى رێبەری گەلی کورد تێبکۆشن، چونکە ئازادیى رێبەر ئاپۆ ئازادیى کۆمەڵگەیە".

ر.م