دانیشتوانی قەندیل پشتگیریی خۆیان بۆ هەڵمەتەکەی کەجەکە دەربڕیی

دانیشتوانی بناری قەندیل بە ئەنجامدانی ڕێپێوانێک پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵمەتەکەی کەجەکە دەربڕیی و ڕایانگەیاند ‘وەک دانیشتوانی بناری قەندیل پشتیوانی لەم هەنگاوە دەکەین و تا گەیشتن بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و تێکشکاندنی فاشیزم دەست لە چالاکی بەرنادەین.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گوندی ئێندزێی بناری قەندیل، بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل ڕێپێوانێک بۆ پشتگیریی هەڵمتەکەی کەجەکە ئەنجامدرا.

لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی ‘بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی یەکێتی نەتەوەیی کوردان’ و چەندین دروشمی دیکە وترانەوە.

دواتر ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، لەلایەن لاڤان حەمەدەمین خوێندرایەوە کە تێیدا هاتووە: وەک دانیشتوانی بناری قەندیل و ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل پشتیوانی بۆ هەڵمەتی کەجەکە لەژێر ناونیشانی ‘گۆشەگری و فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کاتی ئازادیە’ دەردەبڕین، هەموو لایەک ئاگادارین دەوڵەتی قڕکەر و فاشیستی تورک ماوەی ٢١ ساڵە گۆشەگیریەکی نامرۆڤانە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بەڕیوە دەبات، لە کوردستانیش قڕکردن ئەنجام دەدات و هەوڵی لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان دەدات.

هەروەها هاتبوو: ڕێبەر ئاپۆ، بە فکر و فەلسەفەکەی سیستم و ژیانێکی تری پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد، ئەمەش هیزە دەسەڵاتخوازەکان دەترسێنێت، ئەو دەسەڵاتانەی لەسەر پشتی گەلان بونیاد نراون ترسیان لە بوونی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، هەر بۆیە گۆشەگیریەکەی ئیمرالی ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەکرێت.

لە کۆتایدا هاتبوو: ئێمە وەک ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل دەڵێین، گۆشەگیریی سەر پیر و گەنج و ژنان و دایکان و منداڵان، بە شێوازی جۆراوجۆر لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بەڕێوەدەچێت، گۆشەگیریی ناوەندی شەڕ و سیاسەتی قڕکردنە، داگیرکاریی تورک هێرش دەکاتە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان، هێرش دەکاتە سەر کلتور و زمان و خاکەکەمان، بۆیە تێکشکاندنی گۆشەگیریی، کۆتایی بە داگیرکەری تورکیا دێنێت، وەک گەلی بناری قەندیل بەشداریی خۆمان بۆ هەڵمەتی ‘گۆشەگریی و فاشیزم و داگیرکەریی بەسە، کاتی ئازادیە’ ڕادەگەیێنین، وەک دانیشتوانی بناری قەندیل پشتیوانی لەم هەنگاوە دەکەین، تا گەیشتن بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و تێکشکاندنی فاشیزم دەست لە چالاکی بەرنادەین.

ف.ق