داواى مەهەپە بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانیى ئیدر رەتکرایەوە

داواى عیسا یاشار تەزەل پاڵێوراوی مەهەپە بۆ سەرۆکایەتیى شارەوانیى ئیدر بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانی لە ئیدر لەلایەن لقی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن لە ئیدر رەتکرایەوە.

مەهەپە چەند رۆژ لەوە پێش لە دژی ئەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانی لە ئیدر تانەى لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکە دابوو و تانەکەى قبوڵ کرابوو. لقی کۆمسیۆنى ناوچەکە بڕیاریدابوو دەنگەکانى ٧٠ سندوق سەرلەنوێ بژمێردرێنەوە.

لە ئەنجامى دووبارە ژماردنەوەى دەنگەکاندا پاڵێوراوى هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى ئیدر یاشار ئاککوش ٢٢ هەزار و ٦٢٨ دەنگی بەدەستهێنابوویەوە و پاڵێوراوەکەى مەهەپەش ٢٠ هەزار و ٧٣٣ دەنگی بەدەستهێنابوو.

سەرباری ئەوەش مەهەپە داوایکردبوو ئەنجامى هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام داواکەى لەلایەن لقی کۆمسیۆنى هەڵبژاردن لە ئیدر رەتکرایەوە.

ر.م