داگیرکەران دەیانەوێت لە رێگەى بەنداوەکانیانەوە کوردستان وشک بکەن

کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە هەمیشە چاوی لەسەر بووە و لە کێبڕکێدابوون بۆ تاڵانکردنى سامان و کانزاکان و سەرچاوەکانى کوردستان. ئێستاش خەریکە قەیرانی دەستکردی ئاو بۆ  کوردستان دروست دەکەن و کوردستان لە ژێر هەڕەشەى وشکبوون و بە بیابان بووندایە.

کاتێ ناوی کوردستان دێت ناوی کوێستانیش لەگەڵ خۆی دێنێت. کوردستان و کوێستان، واتە ئاوێتەبوونی شاخ، بەفر، باران، ئاو، دارستان، دۆڵ، چەم و رووبار. ئێستاش سەرباری ئەوەی گۆڕانکارییەکی زۆر لە کەش و هەوادا هاتووەتە ئاراوە و ڕێژەی بارینی بەفر و باران لە چاو جاران زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانەش دیسانەوە کوردستان لە بارینی بەفر و باراندا بەتایبەت لە بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و بەشێکی زۆر لە باکوور و بەشێکیش لە باشوور لە ناوچە کوێستانییەکان بێبەش نەبوون و زۆربەی ناچە شاخاوییەکانی وڵات تا ئاخر مانگی بەهار بەفری پێوە دەمێنێت و لە بڕێک لە شاخە بەرزەکانی وەکو بەرزاییەکانی قەندیل و بزی سینا و شاهۆ قەت بەفریان لێ نابڕێت و بەردەوام هاژەی شەتاو و دەنگی قاسپەی کەو و جریوەی باڵندە و سمۆرە و خشەی هاتوچوونی کیسەڵ، شیو و دۆڵی زیندوو راگرتووە و دیمەنی جوان و دڵڕفێنی  چاو و گوێی هەموو ڕێبوارێک لە گەڵ خۆی دەبات .

 بەو جوگرافیایەوە کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە هەمیشە چاوی لەسەر بووە و لە کێبڕکێدابوون بۆ تاڵانکردنى سامان و کانزاکان و سەرچاوەکانى کوردستان. ئێستاش خەریکە قەیرانی دەستکردی ئاو بۆ  کوردستان دروست دەکەن و کوردستان لە ژێر هەڕەشەى گۆڕانکارییەکى گەورەى ژینگەیى و تەنانەت وشکبوون و بە بیابان بووندایە.

 هەڵکەوتەی جوغرافیا کوردستان بەهۆی دابەشکاری و داگیرکەرییەوە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستان پێکدەهێنێت. بەهۆی رێژەی بەرزی بارینى باران و بەفر و خاکێکی بە پیت جوغرافیای کوردستان لە ناو بازنەیەکی شیندایە، بەڵام بەشی هەرە زۆری جوغرافیای وڵاتانی داگیرکەر لە ناو بازنەی وشکدان (بۆ نموونە وڵاتی ئێران 87 لە سەدی وشکاییە) جا بۆیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ قەیرانی بێ ئاویدا بەنداوێکی (سەدێکی) زۆریان بەستووە و هەموو ئاوی کوێستانەکانیان لە پشتی ئەو بەنداوانەوە کۆکردووەتەوە و هەمووی لە ڕێگەی کاناڵ و لوولەوە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە رەوو شارە فارسە بێ ئاوەکان دەبەن.

بۆ نمونە ئاوی بەنداوی کەڵوێ لە سەردەشت بۆ گۆلی ورمێ دەگوێزرێتەوە و ئاوی بەنداوی داریان لە هەورامان بۆ ناوەڕاستى ئێران و بڕیاریشە ئاوی بەنداوی تەنیشت ئەزگەڵەی لای کرماشان بۆ ناوچەکانى خوار و ناوەڕاستى ئێران بگوێزرێتەوە. هەروەها بەشێکى زۆر لە ئاوی بەنداوی گاوشان لە نێوان سنە و کرماشان و بەنداوی مەهاباد و بەنداوی بۆکان بۆ ناوچەکانى تری دەرەوەی کوردستان دەگوێزرێنەوە.

 ئەمە لە کاتێکدایە لە زۆربەی وەرزی هاوینان و تەنانەت زستانانیش زۆرێک لە گوند و شارەکانی ئەم بەشە لە وڵات لەگەڵ قەیرانی دەستکردی کەمیى ئاو چ بۆ کشتوکاڵی بەرئاو و چ راکێشانی ئاو بە بۆری بۆ ناوچە جیاجیاکانى کوردستان رووبەڕوویە. زۆرێک لە گوندەکانیش تەنانەت ئاوی لوولەکەشییان نییە  و لە بێ ئاویدا شەو ڕۆژ ئەکەنەوە و خۆمان لەو سامانە  سرووشتییەی وڵات بێ بەشین.

 لە دەییەی ڕابردوودا دەوڵەتى داگیرکەری ئێران و لە چەند دەییەى رابردوشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک زۆر بە خێرایى لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانى کوردستان دەستیانکردووە بە بەنداو بەستن تاوەکو بە تەواوی دەست بەسەر سامانی ئاوی کوردستاندا بگرن. بەشێکی زۆر ئەو بەنداوانە لەسەر سنوورەکاندان، ئێران دەیەوێت بە بەنداوەکانی کەڵوێ و داریان و ئەزگەڵە و گاڕان سەرچاوەی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و چەمە دێرینەکانى ئەڵوەن و سیروان کۆنترۆڵ بکات و هەر کاتیش پێویستى کرد بە چەکی ئاو باشووری کوردستان رووبەڕووی قەیرانی کەمئاویى جدی بکاتەوە. تورکیاش لەسەر رووبارەکانى دیجلە و فورات و خابوور و موراد هەمان سیاسەت بەرامبەر بە ناوچەکانى تری باشوور و رۆژئاواى کوردستان جێبەجێ دەکات، کە پرۆژەى گاپ نمونەى زۆر زەقی ئەو پرۆژەیەى دەوڵەتى داگیرکەری تورکە.

جگە لەوەى ئەو بەنداوانە بۆ ئامانجی ئەمنی و سەربازی و دابڕانى بەشەکانى کوردستان و  دابڕانی ناوچە ناوخۆییەکانى رۆژهەڵات و باکووری کوردستان لە خۆ دەگرێت و بەشێک لە وشکانی و دوڵ و چیاکان لە یەکتر دادەبڕن، بەڵام کارەساتی پاڵ ئەوەش تێکدانى ژینگە و ئیکۆسیستمی کوردستان و ژینگەى سروشتی و دێرینى کوردستانە لەگەڵ بەژێرئاوەوەکردنى چەندین شوێنەواری گرنگی مێژوویی لەو بەشانەى کوردستاندا، کە نمونە زەقەکانیان ژێرئاوکردنی شاری لەمێژینەى حەسکێفە لە باکووری کوردستان و سەرچاوەى ئاوی کانی بڵە لە هەورامان. لەو رێگەیەوە کوێربوونەوەى چەندین کانیی دێرین و سەرچاوەی ئاوی وەرزی بۆ ناوچەکە و  چەندین شوێنەوار و شوێنى پیرۆز بۆ کولتور و شوناسی کورد نقومی ژێر ئاو و لم دەکەن. 

ئەو بەنداوانە دەشبنە هۆی کۆچی بەشێک لە دانیشتوانى کوردستان و جێگۆڕکێ بە خەڵکی دێرین و خۆجێى ناوچەکە، کە ئەوەش ئەوەندەی گومانى زۆری لە پشت ئەو شێوازە لە بەنداو دروستکردن لە هەموو کوردستاندا دروستکردووە.

گواستنەوەى سەرچاوەکانى ئاوی کوردستان و کۆنترۆڵکردنیان و دابڕاندنی ناوچە سروشتییەکان لە یەکتری لە رێگەى ئاوەوە و کوێرکردنەوەى چەندین سەرچاوەى خۆجێى ئاو لە کوردستان بەهۆی ئەو بەنداوانە و هەروەها سوتاندنی بەردەوامی دارستانەکان لە زنجیرە شاخەکانی کوردستان بە تایبەتى لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان و بڕینەوەى بێسنووری دار لە دارستانەکانى ئەو بەشانەى کوردستان مەترسیى گۆڕینى کارەساتباری ژینگەى کوردستانی ئەوەندەى تر زیاد کردووە.

بەهۆی بەنداوەکان، سوتاندن و بڕینەوەى دارستانەکان سامانی رووەک و گوڵ و گژو گیای کوردستانیش مەترسیى لەسەر دروستبووە. هاوکات ئەوانەش بوونەتە هۆی تێکدانى ژینگەى سروشتیى کوردستان و لەو رێگانەوە بەشێکى بەرچاو لە ژینگەى ژیانی ئاژەڵ و باڵندەکانیش لەناودەبەن، یان بە ناچار  ئاژەڵ و باڵندەکان لە ناوچەیەکەوە کۆچ دەکەن بۆ ناوچەیەکی تر و بەو هۆیەوە ئیکۆسیستمی ناوچەکان لاسەنگ دەکەن.

کۆی ئەمانە لە درێژخایەندا مەترسیی وشکبوون و کەمئاوبوونی بەشێک لە ناوچەکانى کوردستانی لێدەکەوێتەوە و هەر لە بەردەوامیی ئەو دۆخەدا مەترسیى بە بیابانبوون یەکێک لەو هەڕەشانەیە، کە لە داهاتوودا هەڕەشە لە چەندین ناوچەى کوردستان دەکات.

ژ.ت