دایکی خەلەف لە پەرلەمانی ئەوروپا: لەدژی ئەردۆغان یەکبگرن

سعاد مستەفا دایکی ژنە سیاسەتمەداری کورد هەڤرین خەلەف کە یەکێکە لە بەشداربووانی کۆنفڕانسی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە کۆنفڕانسەکەدا قسەی کرد و بانگەوازییەکی ئاڕاستەی ژنان کرد کە لەدژی ئەردۆغان یەکبگرن.

لە دانیشتنی دووەمی، دووەم رۆژی کۆنفڕانسی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا دا، نوێنەرانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیامیان پێشکێش کرد.

'ئەردۆغانی دوژمن بە شێوەیەکی دڕندانە خەلک کۆمەڵکوژ دەکات'

سەرەتای دانیشتنەکە، سعاد مستەفا قسەی کرد کە دایکی سیاسەتمەداری کورد هەڤرین خەلەفە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە لایەن چەتەکانی رژێمی تورکەوە کوژرابوو.

مستەفا وتی، لە لایەن گەلی رۆژئاوا و لە بەرەکانی خۆڕاگرییەوە سڵاوم بۆ هێناون و تیشکیشی خستە سەر شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، شۆڕشی ژنانە.

مستەفا رایگەیاند، ئەردۆغان دوژمنە و ئەم شۆڕشەی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی.

سعاد مستەفا هەروەها وتی:" لە تشرینی یەکەم دا داگیرکاری دەستی پێکر د و لە ١٢ی تشرینی یەکەمی هەڤرین خەلەف بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا. لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا، دایکی ئاقیبە، بە مەبەستی بەدیهاتنی ئاشتی رووی لە سەرێکانی کرد، بەڵام ئەویش کوژرا. چونکە شۆڕشی رۆژئاوا، شۆڕشی ژنانە، بە هێرشکردنە سەر ژنان، مرۆڤایەتی دەکەنە ئامانج."

مستەفا هاوکات رایگەیاند، دەنگی هەڤرین خەلەف بوو بە دەنگی جیهان و مرۆڤایەتی و بۆ ئازادی ژنان بوو بە سیمبۆل و پیرۆزی.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا دایکی هەڤرین خەلەف وتی:"ئەم دوژمنە مرۆڤایەتی ناناسێت. ئێستا بە ملیۆنان هەڤرین هەن. لە دژی ئەم دیکتاتورە (ئەردۆغان) ڕاپەرین و ئەم ڕاپەڕینە بە گوڕتریش دەبێت. بانگەوازییەک ئاڕاستە هەموو ژنان دەکەم و پێیان دەڵێم: دەست لە ناو دەست، ببن بە یەک و لە دژی ئەردۆغان و ئەوانەی هاوکاریی ئەو دەکە، بڵێن 'ئێمە هەموومان هەڤرینین، لە دژی تۆ تێکۆشان دەکەین، لە گردی مشتەنوور هەموومان ئارین میرکانین'. "

حەسەن: پێویستە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی سیاسیمان بکات

دواتر ماجدۆلین حەسەن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک قسەی کرد و رایگەیاند، شۆڕشێک ئەگەر بیەوێت سەر بکەوێت، پێویستە ببێت بە شۆڕشی ژنان و وتی:"ژنان لە ناوەندی شۆڕشی رۆژئاوادا جێ دەگرن."

حەسەن هەروەها بانگەوازییەکیشی ئاڕاستەی یەکێتی ئەوروپا کرد و وتی:" لە رووی سیاسییەوە پشتیوانیمان بکەن. لە رووی سیاسیەوە پشتیوانی پڕۆژەکەمان بکەن."

پاراکات: ئەردۆغان دەیەوێت ئیرادەی ژنانی کورد بشکێنێت

هاتیجە باراکات نوێنەری کۆنگرەی ستار لە ئەلمانیاش قسەی کرد و رایگەیاند، چەندین کەس لە هەڤاڵانیان بە هۆی ئەوەی نەیانتوانیوە ڤیزا وەربگرن، نەیانتوانی بەشداری کۆنفڕانسەکە بن .

باراکات لە قسەکانیدا باسی لە کاروباری کۆنگرەی ستار کرد و تیشکی خستە سەر رۆڵی ژنان لە شۆڕشی رۆژئاوا و وتی:" شۆڕشی رۆژئاوا، شۆڕشی ژنانە. ژنانی رۆژئاوا هەموو شتێکیان بەدەستی خۆیان بونیاد نا و وتی:"ئەردۆغان ئەمەی وەکو هەڕەشە لە دژی خۆی بینی. سەرەتا عەفرینی داگیر کرد، دواتر لە ٩ی تشرینی یەکەم دەستی بە قۆناغێکی نوێ داگیرکەریی کرد. یەکەمین ئامانجی ئەردۆغان، شکاندنی ئیرادەی ژنان بوو، تا ئێستاش بەردەوامە. ژن دەرفێردرێن، رەشەکوژ دەکرێن. لە سەرێکانی و گرێ سپی ئەمە دووبارە بووەوە. ئەردۆغان دەیەوێت ئیرادەی ژنانی کورد بشکێنێت، بەڵام ئیرادەی ژنانی کورد هەرگیز ناشکێت."

ز.ش