دواجار حکومەتی ئەلمانیا لە دژی قیوومەکان قسەیەکی درکاند

دەوڵەتی ئەلمانیا کە لە دژی تاوانەکانی رژێمەکەی ئەردۆغان بێدەنگە، بەڵام ئەمجارە لە دژی دانانی قیوومەکان لە پۆستی سەرۆکی شارەوانییەکانی هەدەپە لێدوانێکی بڵاو کردەوەو رایگەیاند رێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکەمین مەرجی دیمۆکراسییە.

دەستەڵاتدارانی ئاکەپە/مەهەپە لە مانگی ئابەوە دەستی بە قۆڕخکردنی شارەوانییەکانی هەدەپە و لێسەندنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانییەکانی هەدەپە کردووە. لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی بەرامبەر بە سیاسەتی قیوومەکان، سەرەتا یەکێتی ئەوروپا و چەندین وڵاتی تری ئەوروپی ناڕەزایەتیان نیشاندا و ئەم سیاسەتە فاشییەیان شەرمەزار کرد. بەڵام تا ئێستا حکومەتی ئەلمانیا کە لەگەڵ رژێمی ئەنقەرە لە پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری دایە، تا لێدوانەکەی ئەم جارەی بەرپرسی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە، بێدەنگ بوو، خۆی بەرامبەر بەم سیاسەتەی دەستەڵاتی ئەردۆغان بێدەنگ کردبوو.

باربەل کۆفڵێر بەرپرسی مافی مرۆڤی حکومەتی ئەلمانیا لە کۆتاییدا بێدەنگیەکەی شکاند و لە بارەی سیاسەتی قیوومەکانی ئەردۆغان قسەی کردو وتی:" ئێمە دڵگرانین بەرامبەر بەوەی سەرۆک شارەوانییەکان کە لە ٣١ی مانگی ئازاردا بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون و لە ئێستادا لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە."

'حکومەت گومانی هەیە'

کۆفلێر لە لێدوانەکەیدا کە لە مالپەڕی فەرمی وەزارەی دەرەوەی ئەلمانیادا بڵاو کراوەتەوە دەڵێت:" رێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان مەرجی سەرەکی دیمۆکراسییە. ئێمە بە گومانەوە سەیری دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکان دەکەین لە پۆستەکانیانەوە. حکومەتی تورکیا بە هۆی بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانیەوە، پێویستە پێوانەکانی مافی مرۆڤ و یاسا بنچێنیەکانی دەوڵەتبوون، جێبەجێ بکات."

کۆفلێر هەروها جەختی کردەوە کە دروستکردنی بەربەست بۆ بەشداریی پرۆسەی دیمۆکراسی, سوود بە بزوتنەوە رادیکاڵەکان دەگەیێنێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم لێدوانە لە جیاتی هیکۆ مائاس وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا، لە لایەنی کۆفلێرەوە بڵاو کرایەوە. وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا هەفتەی پێشوو سەردانی تورکیای کردبوو لە دژی سیاسەتی قیوومەکان و بنپێکردنی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی حکومەتی تورکیا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بێدەنگ بوو هیچ لێدوانێکی لەم بارەیەوە نەدا.

ز.ش