ئیقبال مورادی سەبارەت بە دەنگۆ و ئەگەری لە سێدارەدانی زانیار و لوقمانەوە رایگەیاند و چەند وردەکارییەکەی ئەو بابەتەی ئاشکراکرد.
ئیقبال مورادی، وتی: نەک ئێستا، بەڵکو هەمیشە ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە سەر زانیار و لوقمان و هەموو زیندانیانی سیاسیی دیکە هەبووە، بەڵام لە ئێستادا کە حکومەتی ئێران قەیرانی سیاسیدا بەسەردەبات، ئەو ئەگەرە بەهێزتربووەتەوە، بەپێی ئەزموون و مێژوو حکومەتی ئێران هەمیشە لە دۆخی وەهادا بۆ لابردنی فشارەکانی سەری دەست دەکات بە کۆمەڵکوژکردنی زیندانیان سیاسی، وەکچۆن لە ٨٠کاندا دەستیکرد بە لە سێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسیی چەپ و کورد.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا زانیارییەکیان لە بارەی لە سێدارەدانی زانیار و لوقمانەوە بە دەست گەیشتووە، باوکی زانیار وتی: لەو بارەیەوە هیچ شتێکمان پێ ڕانەگەیەندراوە، بۆیە نە دەتوانین ڕەتی بکەینەوە و نە پشتڕاستی بکەینەوە، بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی ئێڕانەوە و بەتایبەتی ناو زیندانەکان ماوەیەکە نەمانتوانیوە هیچ پەیوەندییەک بە زانیار و لوقمانەوە بگرین، ئەوەش زیاتر لە هەمیشە نیگەرانی کردووین.
زانیار و لوقمان مورادی، لە مانگی ئابی ٢٠٠٩دا لە شاری مەریوانی سەربە پارێزگای سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستگیرکران، لە مانگی ١٢ی هەمان ساڵدا، بە تۆمەتی محارەبە دادگایی کران و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، و تا ئێستادا لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەدا بەندکراون.