چیرۆکی دوو چالاکوانى یەکەم چالاکیى گەریلا لە دژی سەربازانى تورکیا لە شاخی لێلیکان

عەگید و ئارین ٢ گەریلای بەشداربووی یەکەم چالاکی بوون لە دژی هێزە داگیرکەرەکانى تورکیا لە لێلیکان. گولـلەى یەکەمی ئارین  چروک بووە و نەتەقیوە، بەڵام سەرباری ئەوەش کاتێک هەڤاڵ ئارین گولـلەى لێبڕاوە لەلایەن هەڤاڵ عەگیدەوە رزگارکراوە!

سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە مانگى کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە هەنگاو بە هەنگاو باشووری کوردستان داگیر دەکات. شاخی لێلیکان و ناوچەى برادۆست کە سوپاى تورکیاى داگیرکەر تیایدا جێگیربوون، ئامانجی چالاکییەکانى هێزى گەریلان. سوپاى تورک لە هەر چالاکییەکدا تووشی زیان و دۆڕانێکى گەورە دەبێت و بە بەردەوامى هێزى پشتیوان دەهێنێت و ئاڵوگۆڕ بە هێزەکانى دەکات. ٢ گەریلا کە بەشداریى یەکەم چالاکییان کردووە بۆ سەر هێزەکانى تورکیاى داگیرکەر لە شاخی لێلیکان لەبارەى چالاکییەکەیانەوە قسەیان بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) کرد.

یەکەم چالاکى لە دژی داگیرکەری لە لێلیکان

گەریلا عەگید وڵات لەبارەى یەکەم چالاکییان لە دژی هێزى داگیرکەرى تورکیا لە شاخی لێلیکانى برادۆست وتى، بۆ ئەنجامدانى یەکەم چالاکى لە دژی داگیرکەران لە شاخی لێلیکان، هەموو هێزى گەریلا بە تایبەت گەریلاکانى هەرێمى برادۆست بە تامەزرۆییەوە لە چاوەڕوانیدا بوون. دەوڵەتى تورک هێشتا تازە شاخەکەى داگیرکردبوو. ئامانجمان لەو چالاکییە ئەوە بوو گورزێکى قورس و گەورە و کاریگەر لە دوژمن بدەین. ژمارەى ئەو هەڤاڵانەى کە بەشداریى چالاکییەکان کرد زۆر نەبوو. هەر ئامانجیشمان ئەوە بوو کە بە ژمارەیەکى کەم چالاکییەکى کاریگەرییان لە دژ ئەنجام بدەین. ئێمە بۆ چالاکییەکە ئامادەکارییە پێویستەکانمان کردبوو. بۆ هێرشەکە و پاراستنیش چەکى قورس، ئۆتۆماتیک، چەکی سوک و تاکە کەسیش ئامادە کرابوون. منیش لەو چالاکییەدا چەکى زاگرۆسم بەکارهێنا، کە دروستکراوى دەستى خودی گەریلایە. لە دواى کۆبوونەوە و چاودێریکردنى شوێنى چالاکییەکە و دانانى پلان بۆ ئەنجامدانى چالاکییەکە، ئێمە ئیتر چاوەڕێى فەرمانى فەرماندە باگەڕ بووین بۆ ئەنجامدانى چالاکییەکە. لە کاتى ئامادەکاریی چالاکییەکدا حەماسەت و جۆش و خرۆشێکى زۆرمان هەبوو.

بۆ ئەوەى ببین بە کەسێکى شیاو بۆ ئاستی فەرماندە ئاگری

ناوى شەهید ئاگری لە هەڵمەتەکەمان نرا. شەهید ئاگری لە خراپترین و قورسترین دۆخدا هەمیشە سەرچاوەى ورە بووە بۆ هەڤاڵەکانى. ئێمەش وەک شەڕڤانى شەهید ئاگری دەبێت وەک ئەو بین. ئێمە بە تامەزرۆییەوە بۆ تۆڵەکردنەوە بەرەو شاخی لێلیکان کەوتینە رێ.

 فەرمانى باگەڕ هات؛ دەستپێبکەن

لە دواى ماڵئاوایکردن لە یەکتر، من زۆر کاریگەر بووم بە ورە و بڕوا و زەردەخەنە و دڵخۆشی و حەماسەتى هەڤاڵان. کاتێک ئێمە بەرەو شاخەکە دەڕۆیشتین لەوە دڵنیا بووین کە سەردەکەوین. دواتر ئێمە دەستە دەستە بە شاخەکەدا بڵاوبووینەوە. پێش ئەوەى چالاکییەکە دەستپێبکات، ماوەى ١٥ خولەک دەبوو کە شوێنى خۆمم قایم کردبوو و چاوەڕێى دەستپێکردنى چالاکییەکە بووم. لەو ١٥ خولەکەدا من چەکەکەم، واتە  چەکى زاگرۆسم ئامادە کردبوو.

پێش ئەوەى چالاکییەکە دەستپێبکات من گوێم هەڵخستبوو بۆ بێتەلەکە و چام لەسەر دوربین و دەستم لەسەر پەلاپیتکەى چەکەکەم بوو. هەموو دەستەکانى گەریلا فەرمانیان پێکرابوو، کاتێک سەرەم هات پەیوەندیم پێوە بکەن و منیش خۆم بۆ ئەوە ئامادە کردبوو. بۆ ماوەى چەند خولەکێک دۆڵی لێلیکان ئەوەندە بێدەنگ بوو، ئەڵێ بێدەنگیى مردن باڵی بەسەردا کێشابوو. ئەوەى ئەو بێدەنگییەى شکاند، دەنگى هەڤاڵ باگەڕ فەرماندەى چالاکییەکە بوو و وتى "دەستپێبکەن". چالاکییەکە بە چەکى بی ٧ و هاوەن دەستیپێکرد. ئەو بێدەنگییە کوشەندەیە لە دۆڵەکەدا شوێنى خۆی دا بە دەنگى چەکەکان. هێزەکانى تورک واقیان وڕمابوو و لە چەند دەقەى سەرەتادا نەیانتوانی هیچ وەڵامێکى تەقەکانمان بدەنەوە، دواى ماوەیەک بەشێکیان دەستیان کرد بە تەقە و بەشێکى تریشیان رایانکرد.

ئەگەر من لێم نەدایە، ئەو لە ئارینى دەدا

کاتێک قەناس بە دەستێکى تورک چووە سەر بەردێک، پێمزانی و وتم دەبێت بیکەمە ئامانج. کاتێک من ئەوم کردە نیشانە، لە بێتەلەوە بیستم کە میرخان بریندار بووە، ئەوە زۆر توڕەى کردم و وتم، هەر دەبێت لێى بدەم. کاتێک سەری بەرزکردەوە منیش کردمە نیشانە و گولـلەیەکم تێگرت. ئەوە یەکەم گولـلەى من بوو لە چالاکییەکەدا و قەناس بە دەستە تورکەکە بەربوویەوە. دواتر زانیم کە بە لێدانى ئەو قەناس بە دەستە تورکە، ئارینم رزگار کردووە.

ئارین ستێرک لەبارەى چالاکییەکەوە دەدوێت

گەریلا ئارین ستێرک کە گەریلا عەگید وڵات باسی دەکات لەبارەى چالاکییەکە و دوای چالاکییەکەوە قسەى بۆ کردین و وتى، دەبوو ئێمە سوپاى تورکیا لە هاتنى بۆ لێلیکان پەشیمان بکەینەوە و گورزێکى گەورەیان لێ بدەین. دواى پلاندانان و چاودێریکردن بانگیان کردم وتیان تۆش بەشداری چالاکییەکە دەبیت. کاتێک هاتم بینیم گەریلا کۆبوونەتەوە. ئەوانەى کە بەشداریى چالاکییەکەیان دەکرد هەڵدەبژێردران. پلانى چالاکییەکە بۆ گەریلا خرایەڕوو. هەموو گەریلاکان خۆیان پێشنیاز دەکرد بۆ ئەوەى بەشداری چالاکییەکە بکەن. من ئەو رۆژە چانسم هەبوو و چوومە ناو دەستەى هێرشبەر. من راهێنراوى چەکى بی ٧ بووم. پێش چالاکییەکە ورە و حەماسەتێکى زۆر لە هەڤاڵان دەباری.

دواى گولـلە چروکەکە

لەو سەنگەرەدا کە شوێنى خۆمم قایم کردبوو، خواستم یەکەم گولـلە بە دوژمنەوە بنێم، بەڵام گولـلەکە چروک دەرچوو. لەبەر ئەوەش چالاکییەکە چەند خولەک درەنگتر لە کاتى دیاریکراوى دەستیپێکرد. من گولـلە چروکەکەم دەرکرد و خێرا گولـلەیەکى ترم خستە سەر چەکەکەم و جارێکیتر گولـلەم نا بە سەنگەرەکانى دوژمنەوە و ئەو سەنگەرەم تێکشکاند و چالاکییەکە دەستیپێکرد. میرخان و سەردەم دەستیان کرد بە هێرش بۆ سەر دوژمن. منیش بە جانتاکەمەوە کە چەکى بی ٧ی تیادا بوو دەستم کرد بە پێشڕەویکردن. من بینیم کە ٣ سەربازی تورک خۆیان دەخزێننە سەنگەرێک. گولـلەیەکم ئاراستە کردن و سەنگەرەکەیان تێکشکا. بۆ ماوەیەک میرخان و سەردەم نەبیران، چونکە چوونە ناو سەنگەرەکەى دوژمن. لەلایەکەوە من لەگەڵ سەربازەکان شەڕم دەکرد و لەلایەکى ترەوە دەمخواست خۆم بگەیەنمە میرخان و سەردەم.

سەربازێک هاواری دەکرد و دەیوت: هاتن، هاتن!

لە چالاکییەکەدا بەشێک لە سەربازەکان رایانکرد و بەشێکى تریشان لە سەنگەرەکان وەڵامى هێرشەکەیان دەدایەوە. کاتێک ئێمە دەچووینە ناو سەنگەرەکانیان، سەربازێک لە سەنگەری خوارەوە هاواری دەکرد و دەیوت "ئیبراهیم هاتن، ئیبراهیم هاتن!" گورزێکی کاریگەرمان لەو سەنگەرە دا و کاتێک من خواستم بگەمە لاى هەڤاڵ میرخان، هەڤاڵ میرخان بریندار بوو. سەردەمیش بۆ ئەوەى میرخان بباتە پەنایەک و شوێنێکى ئارام، دەستبەکار بوو و هەندێک لە شوێنى شەڕەکەى دووری خستەوە.

من لە ناو تاشە بەردەکاندا مامەوە

من بینیم سەربازێک لە سەنگەرێکدایە، بەڵام من گولـلەکانم تەواو بوون و لە ناو تاشە بەردەکانیشدا بووم و نەمدەزانى چی بکەم. کاتێک لەوێ بووم سەربازەکان شوێنەکەى منییان دایە بەر گولـلە. قەناس بە دەستێکى تورک منى کردە ئامانج و گولـلەیەکى رووبەڕوم تەقاند. بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو و کاتێک سەرم بەرزکردەوە بینم تەرمی سەربازە تورکە قەناس بە دەستەکە بەربووەتەوە سەر زەوی. بە دەرفەتم زانی و گەڕامەوە بۆ دواوە و چوومەوە بۆ لاى دەستەیەکى تری گەریلا. باگەڕ کە فەرماندەیى شەڕەکەى دەکرد وتى 'ئیتر بەسە و بکشێنەوە، ئەوەندە بەسە". چالاکییەکە زۆر سەرکەوتو بوو و ئێمە گورزێکى گەورەمان لێدان. دواتر زانیم ئەوە هەڤاڵ عەگید بووە، کە ئەو قەناسە بە دەستەى سوپاى تورکیاى کردووەتە ئامانج و رێگەى پێنەداوە سەر بەرز بکاتەوە و منیش بەو هۆیەوە رزگار بووم.

ر.م