دژی هەڵکشانی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان، لە کەرکوک گردبوونەوەیەک رێکخرا

رێکخراوەکانی مافی ژنان لە شاری کەرکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان رێکخست دژ بە هەڵکشانی ریژەی توندوتیژی دژی ژنان.

ئێوارەی ئەمرۆ کاتژمێر ٣:٣٠ لە باخچەی قەڵای شاری کەرکوک رێکخراوەکانی مافی ژنان و چالاکوانی کاروباری ژنان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا دژ بە زیادبوون و هەڵکشانی رێژەیی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنی ژنان لە شارەکە، لە گەردبوونەوەکەدا هەریەک لە کۆمەڵەی هیوای عێراقی ، رێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان ، رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(ڕەژاک) و یەکێتی ژنان و ژمارەیەک لە چالاکوان و پارێزەی کاروباری ژنان بەشداربوون.

لە گربوونەوەکەدا ئاهەنگ ئەنوەر پارێزەر و چالاکوانی بواری ژنان بەناو ئەو ڕێکخراوانەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تیدا هاتبوو: "بێ لایەنی لە توندوتیژی دژ بە ژنان ڕەنگدانەوەی خراپی هەیە لەسەر مافی مرۆڤ لە شاری کەرکوک، دوا لە هەرسێ سەرۆکایەتیەک و پارێزگاری کەرکوک دەکەین ئاوەر لە داواکرییەکانمان بدەنەوە بەپشت بەستن بەم مادە دەستوریانەی لای خوارەوە:

یەکەم/ بەپی مادەی ٢١ی دەستوری عێراقی برگەی چوارەم کە هەموو توندوتیژیەک لە خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگا قەدەغەیە.

دووەم/ بەپی مادەی ٣٠ی برگەی یەکەم دەوڵەت خێزان بەتایبەتی منداڵ و ئافرەت لەخۆ دەگرێت بۆ دابین کردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دابین کردنی ژیانێکی گونجاویان بۆیان"

هەروەها ئاهەنگ ئەنوەر بەناو ئەو رێکخراونەوە چەند داواکریەکی پێشکەش کرد کە بریتیبوون لە: "

یەکەم/ کردنەوەی خانەی بێ لایەنی بۆ کەمکردنەوە ئەو توندوتیژیەی لەشەقام تووشی ژنان و منداڵان دەبێ.

دووەم/ دابین کردنی نەخۆشخانەیەکی دەرونی بۆ رێگری کردن لە دیاردەی خۆکوشتن.

سێ-یەم/ گۆرینی شوێنی پۆلیسی پاراستنی منداڵ و ژنان لە بینای تەسفیرات بۆ شوێنێکی دیکە بۆ گەیشتن بەو شوێنە بە ئاسانی.

چوارەم/ داوا لە وەزارەتی ناخۆ دەکەین دامەزراندن دابین بکات بۆ ئەوەی ژنان شوێن بگرن لە دەزگا ئەمنیەکانی شارەکە بە تایبەتی لە بەشی لێکۆلینەوەی توندوتیژی خێزانی.

پێنجەم/ دانانی ژمارەیەکی بێ بەرامبەر تایبەت بەخێزان و منداڵ لە پۆلیسی کۆمەڵایەتی بۆ وەرگرتنی سکاڵای ئافرەتان.

شەشەم/ ڕاگەیاندنی هەڵمەتێک بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک لە کاریگەری توندوتیژی بەرامبەر خێزان.

حەوتەم/  ڕەتکردنەوەی ئەم مادە یاسایانەی کە لە یاسای سزادان و یاسای باری کەسایەتی دژی باراستنی ماف و ئازادیەکانن لە دەستوری عێراق."

ز.ش