دۆخی نالەباری لێقەوماوانی بۆمەلەرزەکەی کرماشان

ێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان لە شارەکانی قەسری شیرین، سەرپێڵ زەهاو و گیلانی غەرب لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، سەرەڕای ئەوەی کابینەیان نییە، چادرەکانیشیان با دەیبات یان پڕ دەبن لە ئاو.

ڕەشەبا، بەفر، باران، سەرما و نەبوونی خزمەتگوزاریی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی ١٢-١١-٢٠١٧، کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخی ژیانی ئەو هاوڵاتیانەی زیاتر لە جاران سەخت کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕەشەبا بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاگر لەناو چەند چادرێک لە قەسری شیرین بکەوێتەوە، هەروەها لقوپۆی دارەکان بە سەر چادرەکاندا شکاوە.

ڕاگەیەندراوە، کە تەنیا دوێنێ لە سەرپێڵ زەهاو ٤٠ چادر و کابینە با بردوونی و ئاگر لە حەوت چادریش کەوتووەتەوە.

دۆخی نالەباری ژیانی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە لە کاتێکدایە، کە ڕاگەیاندنە حکومییەکان هەواڵی ناڕاست لەبارەی ژیانی ئەو هاوڵاتیانەوە بڵاودەکەنەوە و دۆخی ژیانیان بە "باش" پیشان دەدەن.

جێگای ئاماژەیە، کە لە شەوی ١٢ی مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوودا بومەلەرزەیەک کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند و لە ئەنجامیدا، ١٥ هەزار هاوڵاتی برینداربوون و، ١٠ شار و ١٩٣٠ گوند زیانیان بەرکەوت، زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ئەو بوومەلەرزەیەدا تێپەڕبووە، بەڵام هێشتا هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ لێقەوماوان نەکراوە و دۆخی ژیانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت.

ک ـ ش