دۆخی نالەباری لێقەوماوانی بۆمەلەرزەکەی کرماشان

دوابەدوای باران بارینێکی زۆر لە چەند ڕۆژەی دوایدا لە پارێزگای کرماشان بووە هۆی هەستانی لافاو و قوڕ و لیتە، لافاو زۆرێک لەخێوتەکانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشانی، تێکداوە وبە کاری ئەوە نایەن کە مرۆڤ تێیاندا بژیت. هێندە کەلوپەلێکی کە بۆ ژیانێکی سەرەتاییش پێویست بوو بەهۆی تەڕ بوونەوە بەکەڵک نەماون.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣ مانگ بەسەر کارەساتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان کە زۆرترین وێرانکاری لە شاری سەرپێڵ‌زەهاو بەجێهێشت، بارینی بەخوڕی ئەو چەندڕۆژەی دواییش، بوو بە هۆی ئەوەی کە خوتەکانی لێقەوماوان ، پڕ بێت لە ئاو وبەکاری ژیان نەیەت و ئەوەندەی تریش خەڵکی لێقەوماو، پەرێشانتر بکات.

بارانی زۆربۆتە هۆی گیرانی ئاوەڕۆ و هەستانی لافاو، هێنانی قوڕ ولیتە بۆ نێو پارک و شوێنی خێوەتەکان کە بە هەزاران کەس لە خەڵکی لێقەوماوی دەستی بوومەلەرزە، تێیاندا دەژیان و نەتەنیا زۆرینەی چادرەکان بەڵکوو ئاو چووەتە نێو ئەو کەرەڤانانەی کە بۆ هێندێک لە لێقەوماوان دابین کراون یا بوخۆیان کڕیویانن و ژیانی ئەوەندەی دیکە ئەستەم کردووە.

هەڵنەگرتنی بەرپرسیاریەتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسایی بۆ ئەو خەڵکانەی بەهۆکارە جیاجیاکان لێیان دەقەومێ، لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣مانگ، ڕۆژبەڕۆژ بێ‌متمانەیی گەل بە کاربەدەستان و بەڵێنەکانیان زیاتر دەکات و گەل بۆخۆی لە هەوڵ دایە کە لە چوارچێوەی تواناکانی خۆیدا و بە هاوکاری خەڵکی دیکە، پێداویستییە ژیانییەکانی دەستەبەر بکات.

کۆماری ئیسلامی ئێران، هەمووکات لەهەمبەر ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، دەستەوەستان بووە و ئەوەش نیشانی دزینی ئەو هەموو پارەیەیە کە سالانە بۆ ئەو ئەگەرە چاوەڕوان نەکراوانە دەچێتە گیرفانی کۆمەڵێک کاربەدەستی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە.