"دەبێت بۆ بە بەدەستهێنانی زۆربەی کورسییەکان تێبکۆشین"

پارێزەر جەعفەر کۆلومان سەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی کلتوریی پیر سولتان ئەبدال "پەسەئاکەدە - PSAKD" رایگەیاند "بۆئەوەی زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنین دەبێت لە دەوری یەک کۆببینەوە و دەنگمان بدەین بە پارتێک کە داوا رەواکانی گەلی عەلەویی قبوڵە".

پارێزەر جەعفەر کۆلومان سەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی کلتوریی پیر سولتان ئەبدال "پەسەئاکەدە - PSAKD" رایگەیاند "بۆئەوەی زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنین دەبێت لە دەوری یەک کۆببینەوە و دەنگمان بدەین بە پارتێک کە داوا رەواکانی گەلی عەلەویی قبوڵە".

پارێزەر جەعفەر کۆلومان سەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی کلتوریی پیر سوڵتان ئەبدال "پەسەئاکەدە - PSAKD" دەربارەی هۆکارەکانی هەڵبژاردن و داواکارییەکانی گەلی عەلەوی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات "ANF" لێدوانیدا.

هۆکاری ئەم هەڵبژاردنە قەیرانە

پارێزەر کۆلومان رایگەیاند "لە هەر شوێنێک کە هەڵبژاردن فەرز بکرێت ئەوە مانای ئەوەیە قەیران هەیە".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بە قەیرانی سیاسی و ئابووری کرد، کە لەلایەن حکومەتەوە خوڵقێندراوە و رایگەیاند "هەڵبژاردن لەچوارچێوەی پیلانێکدا بڕیاری لەسەردراوە و نەخشەش بۆ تاکتیکی سیاسیی داڕێژراوە. ئاکەپە و مەهەپە لە چوارچێوەى رێککەوتنیان بۆ شەڕ، پێشتر بڕیاری سەپاندنی هەڵبژاردنیان دابوو. ئێستا ئاشکرایان کردووە کە دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. ئەو بڕیار و ریککەوتنەش بۆ بەرگرتنە لە قەیرانی سیاسى و ئابووری و لەو ڕیگەیەشەوە دەیانەوێت رێ لە قەیرانی ناوخۆیی خۆیان بگرن. ئاگاشیان لەوەیە کە بە سەپاندنی هەڵبژاردن، ئۆپۆزسیۆن دەخەنە کەنارەوە".

هەوڵیان بۆ ئەوەیە رێگە نەدەن هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێپەڕێنێت

پارێزەر کۆلومان سەرنجی راکێشایە سەر رەوشی نائاسایی، کە سوودی بۆ ئاکەپە و مەهەپە هەیە و روونیکردەوە "بە دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆکان و پەرلەمانتاران و لێسەندنەوەى پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەیە، بەر بە هەدەپە بگرن و ڕێگە نەدەن هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێپەڕێنێت. بەوشێوەیەش چاویان بڕیوەتە دەنگی کوردان. لەژێر ناوی رەوشی نائاسایی وڵاتدا، ژمارەیەکی زۆر کارمەندیان لەسەر کارەکانیان دەرکرد و گەل رووبەرووی ئەشکەنجە و زەحمەتی بوویەوە. دەستیان بەسەر شارەوانیەکاندا گرت و ناوەندە میدیاییەکانیان داخست و دەرگای چەندین ریکخراو و کۆمەڵگەی مەدەنیشیان داخست. گەل و خێزانەکانیان ناچاری نزیکبوونەوە و جۆرێک لە ملکەچی بۆ لای خۆیان کرد. بەوەش دەیانویست سوودێکی گەورە بەدەست بخەن".

 بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان زۆر گرنگە

پارێزەر کۆلومان جەختی لە گرنگیی بەدەستهێنانی زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی کردەوە و رایگەیاند "ئەگەر لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەسەدا ٥٠+١ بەدەستبهێنێت ئەوکات پەرلەمانی لەکارخراو کاراتر و کاریگەرتر دەبێت.

وتیشی "لە ٢٤ی حوزەیراندا، دەبێت یەکگرتوو بین. بە بیانووی رەوشی نائاساییەوە حکومەت تا ئێستا لە زۆربەی شوێنەکان سەردەستە. ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەری ئاسایش و والی و قائیمقامی شارەکان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و بوونەتە پاڵێوراوی ئاکەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە. بەرپرسی ئاسایش، قائیمقام و والی شارەکان تا ئیستاش زیاتر وەک بەرپرسانی ئاکەپە کار دەکەن و وەک کارمەندی دەوڵەت ناجولێنەوە".

داواکاریی عەلەوییەکان

پارێزەر جەعفەر کۆلومان ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە عەلەوییەکان لە هیچ دامودەزگایەکدا نوێنەریان نییە و بێبەشکراون لە مافەکانیان. وتیشی "سیاسەتی دەستەمۆ و توانەوە کاریگەریی لە تەواوی عەلەوییەکان کردووە. کێشەى جەمخانە (ماڵ و پەرستگەى عەلەوییەکان) چارەسەرنەکراوە. داواکاریمان بۆ هەڵگرتنی وانەی ئاینیی سەپێنراو بە جددی وەرناگیرێت و وەک نادیدە تەماشا دەکرێت. ئەوەندەی نەماوە کە تەنانەت وانەکانی بیرکاری و زانستیش بەپێی پێوەرە ئایینییەکان بڵێنەوە. ئێمەی عەلەوی لەناو ترس و مەترسیدا دەژین. بۆیە هەر پارتێک بەڵێنی ئەوەمان پێ بدات کە ژیانێکی پێکەوەییمان بۆ بخوڵقێنێت کە تێیدا عەلەوییەکان وەک خوشک و برای هەر کەسێکی تر و لەسەر بنەمای وڵاتی ئازاد، بە زمانی خۆیان بخوێنن و بە رەنگ و جیاوازی و کلتوری  خۆیانەوە بژین، دەنگی خۆمان دەدەینە ئەو پارتە".

ر.م