"دەبێت بەهۆی مەترسیی کۆرۆناوە هەموو زیندانییە سیاسییەکان بە خێرایی ئازاد بکرێن"

حەبیت ئەکسیک پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، جگە لەو کەسانەى کە تاوانى دەستدرێژی و کوشتنیان ئەنجامداوە دەبێت هەموو زیندانییە سیاسییەکان بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئازاد بکرێن.

ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە رۆژ لە دواى رۆژ زیاد دەکات. ڤایرۆسەکەش لە کوردستان و تورکیا بڵاوبووتەوە. لەو رۆژەوە کە لە تورکیا ڤایرۆسەکە ئاشکراکراوە، حیزبەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی، رێکخراوە دیموکراتیک و تەندروستییەکان دەیانەوێت بە خێرایی زیندانییەکان ئازاد بکرێن. رای گشتی بە تایبەتی گوشاری بۆ ئەوەیە، ئەو زیندانیانەى بە تەمەنن و زیندانییە نەخۆشەکان بەبێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێن.

حەبیب ئەکسیک پەرلمانتاری ئیدری هەدەپە وتی، جگە لەو کەسانەى تاوانى دەستدرێژی و کوشتنیان ئەنجامداوە دەبێت هەموو زیندانییە سیاسییەکان بەهۆی مەترسییەکانى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئازاد بکرێن. وتیشی، دەبێت دەسەڵاتی ئاکەپە زیندانەکان چۆڵ بکات و تا ئێستاش لە زیندانەکان رێوشوێنی پاکوخاوێنى بە باشی و بەپێی پێویست نەگیراوەتەبەر.

ئەکسیک باسی ئەوەشیکرد، هەزاران کەس مەترسیی گیان لەدەستدانیان لەسەرە و ئەوەشی وت "ئەو زیندانیانە دەبێت بە خێرایی ئازاد بکرێن، بەڵام حکومەتی ئاکەپە بە ئەنقەست ئەو زیندانیانەى چەندین ساڵە لە زینداندا راگرتووە. ئەگەر بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە مرۆڤەکان گیان لەدەست بدەن ئەوە حکومەتى ئاکەپە لێی بەرپرسیار دەبێت. لە زیندانەکاندا دەیان هەزار زیندانیى سیاسی هەن، بە گشتی ٣٠٠ هەزار کەس لە زیندانەکاندان. ئێمە بانگ لە حکومەتى ئاکەپە دەکەین، کە دەبێت لەم دۆخەدا بەپێى پێوەرە یەکسانەکان بەرامبەر بە هەموو زیندانییە سیاسییەکان بجوڵێتەوە و هەموویان بە خێرایی ئازاد بکات".

ژ.ت